كۆچكردن وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات
جێ هێشتنی خاك و وڵات بۆ داگیركه‌ر و به‌كرێگیراوان راست نییه، به‌ڵام وه‌ك مه‌ڕ له‌ژێر ده‌ستیان پاڵكه‌وتنیش راست نییه. پێویستە هێز و تواناكان بكرێنه یه‌ك و په‌ره به شۆڕشی دیموكراتی له باشور بدرێت.
جێ هێشتنی خاك و وڵات بۆ داگیركه‌ر و به‌كرێگیراوان راست نییه، به‌ڵام وه‌ك مه‌ڕ له‌ژێر ده‌ستیان پاڵكه‌وتنیش راست نییه. پێویستە هێز و تواناكان بكرێنه یه‌ك و په‌ره به شۆڕشی دیموكراتی له باشور بدرێت.
هه‌رماوه‌ی چه‌ندساڵ جارێك، گوێمان له‌وه ئه‌بێ كه شه‌پۆڵێكیتری خه‌ڵكی باشوور رووی كردۆته ده‌ره‌وه‌ی وڵات. راسته دیارده‌ی كۆچ شتێكی سرووشتیه، به‌و واتایه‌ی كه هه‌ر مرۆڤ و قه‌بیله و خێڵێك له كوێ بۆی گونجاوبێ له‌وێ بۆ خۆی بژی. له مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ئه‌و دیارده‌یه لای كۆچه‌ره‌كان " ره‌وه‌ند"ه‌كان وه‌كو پرسێكی ئاسایی ده‌بینین، هه‌ندێكیان له‌ناوخۆی وڵات، به‌شێكیشیان سنوری ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌بڕن، له‌پێناو ئه‌وه‌ی بتوانن ژیانی خۆیان دابین بكه‌ن. رێبه‌ر ئاپۆ بۆ ره‌وه‌نده‌كانی كورد ده‌ڵێت: " ئازادترین به‌شی كۆمه‌ڵگه‌ن، چونكه هیچ كات ده‌سه‌ڵات ده‌ستی پێ نه‌گه‌یشتوون و رام نه‌كراون".
كۆچی مرۆڤ و هێز و گرووپه ناڕازیه‌كانیش له مێژوودا ده‌بیندرێت، نمونه كۆچی حه‌زره‌تی مو‌سا، حه‌زره‌تی عیسا و حه‌زره‌تی محەمەد. بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌یان به زیندویی بگه‌یێنن و هێز و توانای خۆیان له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی زۆردار بونیادبنێن و ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ری هه‌ژموونگه‌را زه‌فه‌ریان پێ نه‌بات كۆچیان كردووه، به‌ڵام دواتر به‌هێز گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
له‌كوردستان گه‌وره‌ترین كۆچی سیاسی و رێكخستنی كۆچی رێبه‌ر ئاپۆیه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له هاوینی 1979 له توركیا و باكووری كوردستان ده‌ركه‌وتوو له هه‌رێمی بیقاعی نێوان لوبنان و سوریا گیرسایه‌وه. تاكو 1998 له ئه‌نجامی گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له سوریا ده‌ركه‌وتوو سنوری كۆچی خۆی فراوانتر كردوو رووی كرده ئه‌وروپا، به‌ڵام پیلانگێڕان ده‌رفه‌تیان نه‌دا له ئه‌وروپاو گوێیان له په‌یامه‌كه‌ی نه‌گرت و به‌دیلیان گرتوو له 15ی شوباتی 1999 راده‌ستی دوژمنیان كرده‌وه.
له باشووری كوردستان كۆچی گه‌وره له 1991 له‌به‌رامبه‌ر رژێمی به‌عس دروست بوو كاتێك هێزه‌كانی راپه‌ڕینیان ئه‌نجامدا نه‌یانتوانی خه‌ڵك بپارێزن، بۆیه خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و بێ چه‌كی كورد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ژێر ده‌ستی پۆستاڵه‌كانی به‌عس، كۆچێكی ملیۆنی به‌ره‌و سنوره‌كانی ئێران و توركیا كرد. ئه‌نجام توانی به‌هێزی كۆچه‌كه‌ی دونیای لاڵ بێنێته زمان و هه‌رێمی دژه فڕینی پێ به‌ده‌ست بخات.
له دوای ساڵی 1991 تاكو 2003 له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رفه‌تی ژیان و ئاسایش و شه‌ڕی ناوخۆ و نه‌بوونی یاسا و ده‌ستورێك بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان، بۆیه خه‌ڵكی باشوور به‌لێشاو روویان ده‌كرده ده‌ره‌وه‌ی وڵات، تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بچێته ئیسرائیلیش. له‌دوای 2003 و رووخانی رژێمی به‌عس كاتێك ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی به‌رز ده‌بێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵات ترسی خه‌ڵكی لێ ده‌نیشێ، جارێكی‌تر مه‌سه‌له‌ی كۆچ كردن و رووكردنه وڵاتانی به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا ده‌بێته‌وه بابه‌تی سه‌ره‌كی، ئیدی نه‌وه‌یه‌كیتر بێ هیواو بێ ئاوات ده‌كرێت.
نابێ هیچ گومانێكمان هه‌بێ له‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر به‌تایبه‌ت توركیا و ئێران رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌یه له ڤاڵا كردنی باشوور، به‌تایبه‌ت نه‌وه گه‌نج و رۆشنبیر و خاوه‌ن تواناكه‌ی. له‌لایه‌كتر ده‌وڵه‌تانی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، ئه‌وانیش خاوه‌ن رۆڵی له‌پێشینه‌ن، به‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك جه‌هه‌نه‌م پیشان ده‌ده‌ن و وڵاتانی خۆشیان وه‌ك به‌هه‌شت به‌ناو ده‌كه‌ن. بۆیه هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێت روو بكاته ئه‌و به‌هه‌شته، به‌ڵام كه‌س پرسیار ناكات ئه‌رێ بێ زه‌حمه‌ت ئه‌و به‌هه‌شته‌تان له‌سه‌ر پشتی كێ بونیادناوه؟؟ ئه‌و سه‌رمایه زۆر و زه‌وه‌نده‌تان له‌كوێ هێناوه كه به تڕلیۆن دۆلار و به تۆنان زێر و گه‌وهه‌ری به‌هادارتان خستۆته بانكه‌كانتان و به‌ناوی یاسای به‌ناو مافی مرۆڤیش خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی و ئه‌فریقیایی ده‌بن و ده‌یانكه‌ن به كۆیله و خزمه‌تكاری خۆتان.
ئه‌وه‌ی جێگای ئه‌وه‌یه تیشكی بخه‌ینه سه‌ر ئه‌ویش، ده‌زگای میتی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیر، له‌گه‌ڵ ده‌زگای پاراستنی په‌ده‌كه یه. له‌ماوه‌ی ئه‌و 30 ساڵه‌ی رابردوو ئه‌و دوو ده‌زگا سیخوڕیه پێكه‌وه به‌هاوبه‌شی كاریان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان به‌تاڵ بكه‌ن له مرۆڤ، به‌تایبه‌ت له گه‌نجان. ئه‌و پرۆسه قێزه‌وه‌نه‌یان له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی سوریا و رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجامدا له 2011 تاكو رۆژی ئه‌مڕۆ سیاسه‌تی پێوه ده‌كه‌ن و وه‌ك كۆیله‌ی خۆیان به‌كاری دێنن. ده‌بینین په‌ده‌كه ئاواره‌كانی رۆژئاوا له ژێر ده‌ستی خۆی چۆن رووبه‌ڕووی سووكایه‌تیان ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌بینین چۆن هێزێكی به‌كرێ گیراوی وه‌ك چه‌ته‌كانی رۆژی لێ دروست كردوون و شه‌ڕی شۆڕشی كوردستانیان پێ ده‌كات. ده‌بینین توركیاش چۆن ئه‌و كۆچبه‌ره سوریا عه‌ره‌به سونیانه‌ی كردۆته چه‌ته و وه‌ك هێزی دژه شۆڕ‌شیان له لیبیاوه تاكو قه‌ره‌باغ به‌كاردێنێت، به‌تایبه‌تیش بوونه‌ته هێزی له‌ناوبردنی شۆڕشی سوریا و داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان.
دواین شه‌پۆڵی كۆچبه‌ری خه‌ڵكی باشوور بێگومان چه‌ندین پرسیار له‌ناوخۆی هه‌ڵده‌گرێت. دوای هه‌ڵبژاردنه بایكۆتاویه‌كه‌ی 10\10\2021 و په‌سند نه‌كردنی پرۆسه‌یه‌كی به‌وشێوه‌یه، دیسان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه شكستخوارد و دۆڕا و دز و تاڵانچی و پۆلیسی، به‌ڵام جارێكی‌تر خۆی به‌سه‌ركه‌وتوو پیشاندا. بێگومان به‌مانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ توڕه‌ی خه‌ڵك بگاته ئاستێكی هه‌ره‌به‌رز، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ له په‌ناگه‌یایه‌كی ئارام ده‌گه‌ڕێ بۆ ژیان، هه‌مانكات ده‌یه‌وێت به غرور و به عیزه‌تی نه‌فس بژی، نه‌وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی مافیایی و سیخوڕ و پۆلیسی په‌ده‌كه هه‌موو رۆژ به هه‌ڵبژاردنه موزه‌یه‌فه‌كانی، به‌ئاره‌زووی خۆی گاڵته به ژیانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه بكات.
خه‌ڵكی ئاواره‌و كۆچبه‌ر له سه‌خترین كاتیان له نێوان سنوره‌كانی بلاڕووسیا و پۆڵه‌ندا به ده‌سه‌ڵاتی په‌ده‌كه ده‌ڵێن؛ وازمان لێبێنن ئێمه له‌ده‌ستی ئێوه رامان كردووه، با لێره بمرین، به‌ڵام ناگه‌ڕێنه‌وه لای ئێوه. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی په‌ده‌كه به‌قه‌د زه‌ڕه‌یه‌ك ئه‌خلاق و ویژدانی هه‌بێ، دوای ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و كۆچبه‌ره ده‌بێ ده‌ستبه‌رداری هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانیان بن و بزانن كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خه‌ڵكی باشوور ئه‌وانی قه‌بوڵ نییه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ش بكه‌ین ئایا ده‌سه‌ڵاتێك كه له سه‌دا سه‌د بۆته ئه‌ڵقه له‌گوێی سیخوڕه‌كانی میتی تورك، بێگومان گوێیان له ئاست ئه‌و هاوارانه كه‌ڕه، چونكه ئه‌وان ته‌نها گوێیان له ده‌نگ و بانگه‌وازی سوڵتانه‌كه‌یان ئه‌ردۆغانه.
هه‌موو ناڕه‌زایه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌كرێگیراوه ره‌وایه، پێویسته ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی بڵندتر ببێته‌وه، ده‌كرێ بۆ ماوه‌یه‌ك بچنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام ده‌بێ به‌هێزتر بگه‌ڕێنه‌وه. نمونه‌ی شه‌هید گه‌نجۆ خۆشناومان هه‌یه، له ساڵانی 2000 رووی له‌وڵاتانی ئه‌وروپا كرد، به‌ڵام كه‌زانی چوونه ده‌ره‌وه بێ سووده، بۆیه رووی له شۆڕشی كوردستان كرد و به‌شداریه‌كی به‌هێزی كرد له شۆڕش رۆژئاوا و هه‌مانكات بووه قه‌ڵغانێك بۆ پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی له ده‌ستی داعش، له‌وكاته‌ی په‌ده‌كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی راده‌ستی داعش كرد. له 14\8\2014 هه‌ڤاڵ گه‌نجۆ له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زێك له هه‌ڤاڵانی له‌كاتی راونانی داعشیه‌كان له سنونێ چووه كاراوانی شه‌هیدان، بۆیه ئێستا ئاسایشی ئێزیدیخان بازگه‌یه‌كیان له‌وێ داناوه، تاكو جارێكی‌تر خۆفرۆشانی شه‌نگال نه‌گه‌ڕێنه‌وه خاكی ئێزیدیخان.
جێ هێشتنی خاك و وڵات بۆ داگیركه‌ر و به‌كرێگیراوان راست نییه، به‌ڵام وه‌ك مه‌ڕ له‌ژێر ده‌ستیان پاڵكه‌وتنیش راست نییه. چۆن بكرێ هێز و تواناكان بكرێنه یه‌ك و په‌ره به شۆڕشی دیموكراتی له باشور بدرێت، واتا ناكرێ به‌وشێوه‌یه ده‌سته وه‌ستان دابنیشین و سه‌یر بكه‌ین، چۆن كه‌سه‌كانمان و گه‌نجانمان له ده‌ریایی ئیجه ده‌بنه خۆراكی ماسی یان له بلاڕووسیا له سه‌رمان و له‌برسان ره‌قده‌بنه‌وه.
ف.ق