بە بۆنەی ڕۆژبوونی ٧٥هەمین، ٤ی نیسان، ڕۆژبوونی عەبدوڵا ئۆجالان.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە ڕێبەر ئاپۆ ناودێر دەکرێت، دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـیە، کوردان ئەو بە زیندانەکەی دەریای مەڕمەڕە ناو دەبەن، ئێستاش وا ٢٥ ساڵ و پەنجا ڕۆژە لە پیلانگێڕییەکی ڕفاندنی نێونەتەوەییدا لە شوباتی ١٩٩٩ دەستگیر کراوە، بەبێ چاوپێکەوتنی خێزانەکەی و مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرەکانی و لە دوڕگەی ئیمراڵیی دەریای مەڕمەڕە لە دۆخی تاکەکەسیی و گۆشەگیرییدا هێڵدراوەتەوە، دەتوانین بێژین ئەمڕۆ کۆنترین زیندانی سیاسیی جیهانە، لەلایەکی ترەوە دەوڵە چەپۆکسالار و مرۆڤکوژەکان ساڵانە، بە ئاشکرا و نهێنیی، هەزاران کەسی ئازادیخواز بە پاساوی تیرۆر، بە دەسیسە و تیرۆر و ئەشکەنجەی ڕاستەوخۆ یان بە دەساوێژی باندە ڕیکخراوەکانەوە تیرۆر دەکەن، یان بەرخۆدێرانی ڕێی ئازادیی گەلان بە دەیان ساڵ لە زیندان دەپەستێون، ڕەنگە یادەوەریی گشتیی گەلی ئێران و جیهان نیڵسۆن ماندێلا و سەفەرخانی قەهرەمانییان وەبیر بێتەوە، کە چۆن نەژادپەرەستان و مەقاشی بێگانە بە پاساوی تیرۆر و گێرەشێوێنی زیندانیان کردن. ئەمە لە کاتێکدا یاسای نێونەتەوەیی ئەو کەسانەی لە ڕێکخراوێکدا بە جلوبەرگی یەکپۆش بۆ ئازادیی گەلەکەیان خەباتی چەکداریی دەکەن، وەک زیندانی جەنگ دەناسێنێت، جا هەموو مافێکیان پێ ڕەوا دەبینێت، ئاپۆ ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ هەڤاڵانی دەستی بە دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، ئەمەش بۆ ئەوەی بە ڕەسمی گەلی کورد بناسێنرێت، ئەو مافەی ٦٠ ساڵ بوو پێشێل کرابوو، کوردان نەیاندەتوانی بێژن ئێمە کوردین و بە زمانی دایکیان بئاخفن.
پاش دواکودەتای خوێناویی زنجیرە کودەتا سەربازییەکانی تورکیا لە سێپتێمبەری ١٩٨٠، بەرەنجامی سەرکوتکاریی پاش ئەمە دەستگیرکردنی فراوان و قەدەغەی هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسیی و کەلتووریی و کۆمەڵایەتیی بوو، سا ئاپۆ هەڤاڵەکانیشی خۆیان شاردەوە، چونکە سوپا ڕێی لە هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسیی لە وڵاتدا دەگرت، ناچار خەباتی چەکدارییان دژی ڕژێمی کودەتا دەست پێ کرد: «وقت ضرورت چو نمان گریز/ دست بگیرد سرِ شمشیرِ تیز». ئەمە ئەو کارە بوو کە ئۆجالان لە سەرپاکی سەردەمی دامەزراندنی پارتی کرێکاراندا کردی، چ پێش و چ پاش زیندانیی چەندین جار بانگەوازیی ئاشتیی و بڕانەوەی جەنگی ناوخۆیی و کوشتاری گەل و سەربازانی کردووە، چەندین جاریش ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاندووە.
بەداخەوە بەهۆی گوشاری سوپا لە ئەنقەرە، کەس گوێی بۆ نەوای ئاشتیی نەگرت، لە سەردەمی حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) یەک جارێک لە ساڵی ٢٠١٢ خواستی ئاگربەست ئەنجامی گرت و ماوەیەک جەنگ دامرکا. بەڵام شەڕخوازانی ڕژێمی تورکیا لە وێنەی هەموو دنیا بەرژەوەندیی خۆیان لە هەڵگیرسانەوەی جەنگدا دەدیت، جا بە پاساوێکی نوێ دیسانەوە کڵپەی ئاگری جەنگیان گەشاندوە. لە دە ساڵی ڕابردوودا کوشتوبڕی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە کوردنشینەکانی نێو تورکیا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان بەردەوام بووە، جگە لە شەهید و برینداربوونی هەزاران کەس لە هەردوولا، دەیان هەزار کوردیش ئاوارە بوون.
ناوچەیەکی فراوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وەک کانتۆنی عەفرین و شاری سەرێکانیی و هتد... لەلایەن سوپای تورکیا و نۆکەرەکانییەوە داگیر کراوە و کوردی لێ دەەرپەڕێنراوە، جا عەرەبی دژبەری بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا و تورکمانی سووریا و ئێراقان لەم شوێنە داگیرکراوانەی کوردستان نیشتەجێ کردوون. جا پێکهاتەی دیمۆگرافیی ئەم ناوچانەیان گۆڕیوە، کۆمسیۆنی تایبەتی لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتە تازەکەیدا داگیرکردنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لەلایەن تورکیا و نۆکەرەکانییەوە بە پایماڵکردنی سەروەریی نەتەوەیی سووریا داناوە. لەم ڕاپۆرتەدا ئەم هێرشە بەردەوامانەی سوپای تورکیا بۆ سەر کێڵگە و ناوەندەکانی وزە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە نموونەی پێشێلکردنی سەروەریی سووریا و تاوانی جەنگیی و پێشێلی یاسا نێونەتەوەییە مرۆڤدۆستییەکان دەزانێت.
لەگەڵ ئەمەشدا پێشێلکردنی سەروەریی و داگیرکردنی خاکی وڵاتانی دراوسێ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، هەر لە سووریا نییە، بەڵکوو داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە لەو بابەتانەن کە ئاسایی بوونەتەوە،
نە داگیرکردنی وڵاتانی دراوسێ و نە زیندانکردنی ٢٥ ساڵەی ئیمڕاڵیی نەیانتوانی ئۆجالان و گەریلاکان بەچۆکدا بێنن، بەڵام ئۆجالان ئێستاش داوای ئاشتیی دەکات، ئەمساڵ لەگەڵ مەڕاسیمی نەورۆزی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئامەدی ناوەندی باکووری کوردستانیش لە ئاپۆڕایەکی ملیۆنییدا نەورۆز بەرپا کرا.
*ساڵەح نیکبەخت: چالاکوانی مافی مرۆڤ و یاساناسی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەروەها وتەبێژی کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسیی ئێرانە. دکتۆرای لە یاسا هەیە لەزانکۆی تاران، پارێزەری چەندین دۆسییەی گرنگ و هەستیار بووە، لەوانە دۆسییەی 'ژینا ئەمینی' نیکبەخت لەم نووسینەدا ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەریی کاریزمایی و ئایدۆلۆژیی 'ڕێبەر ئاپۆ' دەکات، هەروەها ڕوانگە یاسایی و سیاسییەکانی مافی گەلان و هەڵسەنگاندنی بەپێی مافی بەرگریی ڕەوای گەلان و ستەمی دەوڵەتە قازانجپەرەستەکان گەنگەشە دەکات.