بە دیمەن

نیلۆفەر کۆچ: ئامانجی بنەڕەتییمان ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە

وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەنەکە نیلۆفەر کۆچ ئاماژەی بەوەدا هەلومەرجی ئێستای ئیمراڵی سەلامەتی ژیانی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر ناکەن و گوتی: "دەبێت دەوڵەت مەترسییەکان لە بەرچاوبگرێت و هەنگاوی جددی و کردەیەیی بگرێتەبەر."

وتەبێژی پەیوەندییەکانی  دەرەوەی کەنەکە و ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری نیلۆفەر کۆچ لەسەر بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

کۆچ ئاماژەی بەوەدا دوای ١٠ ساڵ بینینی وێنەی ڕێبەر ئاپۆ جۆش و مۆڕاڵێکی مەزنی بەخشی و گوتی: "بەڕاستی ساتێکی مێژووی بوو. ئەم تابلۆ مێژوویە ئەنجامی هەنگاوێکی مێژووی ڕێبەر ئاپۆ بوو، بە ئیرادە و بوێرییەوە نرا.تێکۆشانی ٢٦ی ئیمراڵی پەیوەندیدارە بە ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی گەریلاوە. گەل و تەڤگەری کورد لە نێو ٢٦ ساڵدا بێپچڕان لەگەڵ ڕێبەرەکەیاندا بەرخۆدانیان کرد. ئەمە پێشکەوتنەش ئەنجامی ئەم بەرخۆدانە مەزنەیە.

لەبەر ئەوەی گەلی کورد ١٠٠ ساڵە هیچ شتێکی لە ئەرێنی لە دەوڵەت نەبینووە. جگە لە خوێنڕشتن، توندوتیژی و تیرۆر شتێکی دیکەی نەبینووە. گەلی کورد لە سەردەمی عوسمانییەوە ڕووبەڕووی سیاسەتی قڕکردنە، شتێکی ئاساییە بە شێوەیەکی ئاگادارانە لە دەوڵەت نزیک دەبێتەوە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە باوەڕی گەل و هاوڕێیانی هەنگاوێکی گەورەی نا. گەر مرۆڤ سەرنج بداتە نمونەکانی کەتەلۆنیا، ئەفریقای باشوور هەنگاوی بەم شێوە سیاسی نابینن. هەربۆیە ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە و لە تەواوی جیهان وەک هەنگاوێکی مێژووی هەڵدەسەنگێندرێت.

لە لایەکی دیکەوە فکر و پرسیار هەیە. ئایا دەوڵەتی تورک وەڵامێکی چۆنی ئەم هەنگاوە دەداتەوە؟ سیاسەتی قڕکردنی ١٠٠ ساڵە بە جارێک دەگۆڕێت؟ ئەو هەنگاوەی دەوڵەتی تورک دەینێت دیاری دەکات، بەڵام دەبێت تێکۆشان و بەرخۆدانمان بەردەوام بێت. هەربۆیە نزیکبوونەوەی بە گومان و ڕەخنەیی سروشتییە. تەماشا دەکەین دەوڵەت وەڵامێکی چۆن دەداتەوە".

'خاڵی سەرەکی و ئامانجمان ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە'

نیلۆفەر کۆچ گوتیشی: "یەکێک لەو پرسیارانەی دەکرێت ئەوەیە لە بەرانبەر ئەم هەنگاوە مەزنە چی وتراوە؟ وەڵامی ئەمەش ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لە قسەکانی کۆتاییدا گوتی، زەمینەی سیاسی و یاسایی. واتا تورکیایەکی دیموکراتیک. بۆ گەڕانەوەی دیموکراتیک بانگەواز کرا، بۆ ئەوەی کورد و گەلانی دیکە بتوانن ناسنامەی خۆیان هەبێت و بە کەلتوور و زمانی خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد بژین.

لە لایەکی دیکەوە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانوستانی چەکەکان شتێکی ڕاستەوخۆ نییە ئەنجام بدرێت. بۆ ئەم هەنگاوە دەبێت متمانە و گرەنتی هەبێت. پەکەکە تەڤگەرێکە مۆری خۆی لە ٥٠ ساڵەی مێژووی کوردستانداوە. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت. پەکەکە و هێزەکانی، لە چوارچێوەی ناوخۆییدا ئەم پڕۆسەیە هەڵسەنگێنێت.

پێشتر موراد قەرەیلان گوتبووی؛ بانگەوازێکی بە دیمەنی ڕێبەر ئاپۆ بەس نییە. لە کۆنگرەی پەکەکەدا ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە ڕاپۆرتی سیاسی پێشکەش دەکرد و ڕوانگەیەکی دەدا. بۆ ئەوەی ئێستا پڕۆسەکە بە خێرای بەرەوپێشەوە بچێت پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لە نێو هەلومەرجی ئازاد بانگەوازی خۆی ئاشکرا ڕاگەیەنێت.

لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوەدا گوتمان، ڕێگەی ئاشتیی لەگەڵ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت. لە داواکارییەکەمان جەخت دەکەینەوە. لەم بابەتەدا داواکاری پەکەکە چیە نازانم، بەڵام وەک ئەوانەی دەرەوەی وڵات ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە خاڵی سەرەکییە".

'دەبێت دەوڵەت و دەسەڵاتداری زمانی خۆیان بگۆڕن'

لە بەردەوامی قسەکانییدا نیلۆفەر کۆچ سەرنجی خستەسەر گرنگی گۆڕانکاری زمان و گوتی: "دەبێت ئیدی گوتنی وەک 'کۆتاییمان بە فڵان هێنا' و 'تیرۆر' ڕاوەستێت. دەبێت ئەم زمانە بگۆڕدرێت. ڕێبەر ئاپۆ لەم بابەتەدا دڵسۆزی خۆی نیشانداوە. ڕیسکێکی مەزنی لە پێش چاوی خۆی کردۆتەوە. هەربۆیە دەبێت دەوڵەتیش لەم بابەتەدا هەنگاوێک بنێت. دەبێت لە ئاستی بەرزدا دەست پێ بکات و ئەم زمانەی بگۆڕێت".

'مەترسی هەیە کۆمەڵکووژی هاوشێوەی پاریس ڕووبدات'

سەبارەت بە مەترسی لەسەر پڕۆسەکە نیلۆفەر کۆچ گوتی: "دەمەوێت پڕۆسەی ٢٠١٣ وەک نمونە بهێنمەوە. دیدار لە مانگی کانوونی یەکەمدا فەرمی بوو. ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلمەز شەهید کران. هێرشێکی زۆر سەخت بوو، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە ساکینە جانسز بوو بە ئامانج. ڕێبەر ئاپۆ دواتر گوتی؛ 'ئەمە لە بەرانبەر من بوو. ها ساکینە، ها من'."

ڕووداوی لەو شێوە هەمووکات ئەگەری ڕوودانی هەیە. لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین نازانرێت ڕووداوەکان چۆن ڕوودەدەن. ئێستا لە دەستپێکی پڕۆسەکەداین. هەربۆیە پێویستە مرۆڤ ئاگادار بێت. کۆمەڵکووژی پاریسی ئەوکات پەیامێکی گرنگبوو لە بەرانبەرمان. هەربۆیە ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوەکرد پێویستە بە خێرای بجوڵێین.

دەبێت دەوڵەت ئیدی هەنگاوی ڕوون بنێت. لەبەر ئەوەی ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵییدا لە نێو هەلومەرجی ئێستادا ڕابگیریت، ئەمەش گرەنتی ژیانی ئەو ناکات. ئەوەی سەلامەتی ڕێبەر ئاپۆ پێک دێنێت جوڵەکردنە. هەلومەرجی ئێستا ئیمراڵی بەو هۆیەوە کێشەیەکی جدییە."