پرسی كۆچ كردن وپێشنیارێك بۆ چارەسەریی

لەوەتەی مرۆڤ هەیە كۆچ كردن هەیە، هەندێك شوێنی جوگرافی هەیە مرۆڤ دەردەكەن وهەندێك شوێنی تر هەیە مرۆڤ رادەكێشن، كەواتە پڕۆسەی كۆچكردن پڕۆسەیەكی سروشتیەو مرۆڤ بەسروشتی خۆی، وەك هەموو بوونەوەرەكانی تر بەشوێنیكی باشدا دەگەڕێت ژیانی تیادا بگوزەرێنێت، بەڵام...

لەوەتەی مرۆڤ هەیە كۆچ كردن هەیە، هەندێك شوێنی جوگرافی هەیە مرۆڤ دەردەكەن وهەندێك شوێنی تر هەیە مرۆڤ رادەكێشن، كەواتە پڕۆسەی كۆچكردن پڕۆسەیەكی سروشتیەو مرۆڤ بەسروشتی خۆی، وەك هەموو بوونەوەرەكانی تر بەشوێنیكی باشدا دەگەڕێت ژیانی تیادا بگوزەرێنێت، بەڵام بەپێچەوانەی كۆچی سروشتی زۆرجاران كۆچكردن شێوازێكی سیاسی یاخود ئابووری یاخود ئاینی بەخۆیەوە دەگرێت.

لەرووی سیاسیەوە زۆر كۆچی گەورەمان هەیە لەمێژوو، مەغۆلەكان لەباكووری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە كۆچیان كرد بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ودواتر ئیمپراتۆریای عوسمانیان دامەزراند، ئێستا خۆیان بە خاوەنی هەموو پانتایی توورانی گەورە دەزانن، كە لەتوركیاوە دەگرێتەوە تاوەكو بن دیوارەكانی چین، ئێستا بەتێپەڕبوونی كات،  دەیانەوێت هەموو ئەو نەتەوانە دەربكەن، یاخود بەتوركیان بكەن، كە خاوەنی راستەقینەی ئەو زەویانەن. یاخود كاتێك هیندستان سەربەخۆیی بەدەستهیناو دواتر پاكستان لیی جیابووەوە، بەهۆی بیروباوەری ئاینیەوە نزیكەی 17 ملیۆن كەس، لەموسڵمان وسیخ وهیندۆسەكان كۆچیان كردو شوێنەكانی خۆیان بەجێهێشت، سیخ وهیندۆسەكان چوونە هیندستان وموسڵمانەكانیش چوونە پاكستان، لەدوای راپەڕینی 1991 دەیان هەزار كورد لەترسی سەدام كۆچیان كرد وبەشێكیان دواتر گەڕانەوە وهەندێكیشیان بەیەكجاری ماڵئاواییان لە نیشتمان كرد.

لە ئێستادا كۆچكردن بۆت ئامڕازێك لەململانێیە نێودەوڵەتیەكان ووەك كارتێكی فشار بەكاردەهێنرێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی، وەك توركیا لەرێگای كۆچبەرانەوە هەڕەشە لە ئەوروپا دەكات ولەم رێگایەشەوە توانیویەتی ئامانجی سیاسی وئابووری زۆر گەورە بەدەست بێنێت، یاخود بێلاروسیا، كە ئێستا كارتی كۆچبەرەكان وەكو فشارێك دژی یەكێتی ئەوروپا بەكاردەهێنێت، دیارە ئەو دەرگایە بۆ كورد، كە لەناوەوە كۆمەڵێك فشاری سیاسی وئابووری ودەروونی لەسەر دروست كراوە، دەرفەتی ئەوەی رەخساندووە هەناسەیەك وەربگرێت وبەم چەشنە ئەو شەپۆڵەی كۆچكردن لە هەرێم دەستی پێكردووە! بۆئەوەی لەدۆزەخێكەوە رابكات، وەك وینای بۆ كراوە، بچێتە بەهەشتێك، كە خەونی پێوە دەبینێت وبەدەیان شێواز لەبەردەمی ئارایشت وجوان كراوە!

ئەوەی مەترسی ئەو كۆچە زیاتر دەكات، ئەوەیە لەكۆچێكی ئابووری سیاسیەوە خەریكە دەگۆڕێت بە پڕۆسەیەكی بازرگانی وبازرگانیكردن بەمرۆڤ، ئێستا سەرباری ئەوەی گەنجانی كورد وڵاتیان بەجێدەهێڵن وئاوارە دەبن، كراون بەكاڵایەكی بازرگانی، كە لەدواجاردا دەبن بەتوێژێك لەكۆیلەی نوێ! لەبەرئەوەی لە بنەرەتدا سیستەمە رۆژئاواییەكان، بەهۆی گەشەسەندنی بیری توندڕەوی ناسیونالیستی، خەریكە وەكو كۆیلەیەكی نوێ ودەستی كاری نوێ مامەڵە لەگەڵ كۆچبەرەكان دەكەن، لێرەدا كۆچبەری كورد دەكەوێتە نێو دوو دۆخی دژ بەیەكەوە ودووچاری نامۆبوون دەبێت، ئەویش ئەوەیە نە وڵاتەكەی ئەو دۆزەخەیە، كە میدیاكان ووەك شەڕێكی دەروونی لەسەر ئاستی ناوەخۆ وهەرێمی وجیهانی لەگەڵی دەكرێت، نە رۆژئاواش ئەو بەهەشتەیە، كە خەونی پێوە دەبینێت، بۆیە لەجیاتی كۆچكردن وڵات بەحێهێشتن، باشتر وایە كار لەسەر ئەوە بكرێت، دۆخی ناوەخۆ باشتر بكرێت، دەتوانرێت لەلایەنی ئابووریەوە هەنگاوی باش بنرێت، بەڵام لەرووی سیاسیەوەو هەنگاوەكە ئاستەنگترە، چونكی دۆخی هێزەكانی هەرێم گەیشتۆتە ئاستێك توانای گوێگرتن ومامەڵەكردنیان لەگەڵ دۆخێكی ئاوادا تا رادەیەكی زۆر لەدەست داوە، هۆكاری بنەڕەتی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی متمانە بێئومێد بوونی هاوڵاتیان، بەهێزەكانی كوردستان، بەدەسەڵات وئۆپۆزسیۆنەوە، بۆیە دەبێت سەرەتا لە دەروازە ئابووریەكەوە مامەڵە بەگەڵ ئەو كێشە گەورەیە بكرێت!.

لەرووی ئابووریەوە پێویستە پەرلەمانی كوردستان دەست بەجێ كار لەسەر دەركردنی پڕۆژە یاسایەك بكان، كە پێشینەی كار بداتە گەنجەكان ودەستی كاری هەرێم! ناكرێت كەسێك لەوپەڕی دنیاوە بێت لێرە كاری دەست بكەوێت هاوڵاتیەكی ئێرە كاری نەبێت ووڵاتەكەی جێبهێڵێت. دەبێت لەو دۆخە تێبگەین، كە ئەو كرێیەی كرێكارێكی بێگانە وەریدەگرێت، كە تا رادەیەكی باش شوێنی حەوانەوە وخواردنی بۆ دابینكراوە، لەگەڵ كرێكارێكی كورد، كە هەموو ئەو ئەركانەی دەكەوێتە ئەستۆ، ئەمە جگە لەوەی نرخی ئەو پارەیەی كرێكاری بێگانە لێرە وەریدەگرێت، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتەكانی خۆیاندا زۆر دەبێت، واتە جۆرە بەراوردێك لەو كرێیە هەیە لەنیوان هەرێمی كوردستان وئەو وڵاتانەی لێیەوە هاتوون، ئەو بەراوردە بۆ كرێكاری كورد نیە، بۆیە دەبێت پەرلەمانی كوردستان لەریگای یاساوە وئەنجومەنی وەزیران  لەرێگای جێبەجێكردنی ئەو یاسایە بەدڵسۆزیەوە، هەوڵ بدرێت كۆمپانیاكان ناچار بكرێن، كرێكار ودەستی كاری كوردی بەكاربهێنن، ئەگەر لەرووی لێهاتووی وكارامەییەوە ناچاربن كرێكاری بێگانە بێنن، دەبێت ئەو رێگا پێدانە هەر بۆماوەیەك بێت وكۆمپانیاكان ناچاربكرێن، كە كرێكاری كورد رابهێنن وبیاننێرنە دەرەوەی وڵات بۆئەوەی خولی پێویست وەربگرن تاوەكو بۆ هەموو جۆرە كارێك ئامادە بكرێن، هاوكات كرێی ئەو كرێكارانە، چ كرێكاری تەكنیكی بن، یاخود ئاسایی، لەلایەن وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیەوە دیاری بكرێت وتیایدا رەچاوی ئاستی ژیانی لەكوردستان تیابكرێت، ئەمەو زۆر شتی تر دەتوانرێت لەو چوارچێوەیە بكرێت لە قۆناغی ئێستادا ئەنجام بدرێت.

ف.ق