"تاکە شتێک کە کابینەکانی حکومەتی هەرێم تیایدا سەرکەوتوو بوون، سەرکوتی هاووڵاتیانە"

رۆژنامەنووس ئاراس ئیبراهیم باس لەوەدەکات تاکە شتێک کە هەر نۆ کابینەکەی حکومەتی هەرێم تیایدا سەرکەوتووبوون، سەرکوتی هاووڵاتیانە، باس لەوەشدەکات، نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە دەسەڵاتدارانی هەرێم چییان دەوێت دەیکەن.

ڕۆژنامەنووس ئاراس ئیبراهیم سەبارەت بە دۆخی باشووری کوردستان و ناڕەزایەتیەکانی هاووڵاتیان بەرامبەر بەو دۆخە، هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر باشووری کوردستان و هاوپەیمانی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورک، نادادپەروەری، دۆخی ئۆپۆزسیۆن و چەند پرسێکی دیکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئاراس ئیبراهیم لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر تەنگەژە و قەیرانەکانی باشووری کوردستان و وتی: "دیارە لە باشووری کوردستان قەیرانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوویان لە زیادبوونە، ئەم قەیرانانە هی ئێستا نییە، کە بەو شێوازە دروست بووە، بەڵکو ئەو قەیرانانە کەڵەکەبووی ساڵانی دوای دامەزراندنی حکۆمرانییە لە هەرێمی کوردستان، ئەو قەیرانانە چارەسەریکی بناغەیی بۆ نەکراوە و بووە بە هۆکاری ئەو دۆخەی کە ئێستا لە باشووری کوردستاندا هەیە، بووە بە بەڵایەک بۆ سەری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان".

'گرێبەستی ٥٠ ساڵە لەگەڵ دەوڵەتی تورک بوو بە بەڵا بەسەر هاووڵاتیانی هەرێم'

ئاراس ئیبراهیم ئاماژەی بە قۆرخکردنی کەرتی ئابووری هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتداران و لێکەوتەکانی گرێبەستەی ٥٠ ساڵەی نەوت لەگەڵ دەوڵەتی تورک کرد و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: "لە ئێستادا لە باشووری کوردستاندا هاووڵاتییان لە زۆنێکن و حکومرانەکانیش لە زۆنێکی تردان، بە شێوازێک کە حکومڕانی لە ئێستادا کەوتۆتە دەست خێڵ و بنەماڵەکان، بە ئارەزووی خۆیان کار بە دەسەڵاتەکان دەکەن و تەواوی بابەتەکانیان کردووە بۆ خۆیان قۆستووەتەوە. ئەگەر سێکتەر بە سێکتەر ئاماژەی پێ بکەین، بۆ نموونە: سێکتەری ئابووری یەکێکە لەو سێکتەرانەی کە تەواو بەرۆکی هاووڵاتیانی گرتووە و وابەستەیە بە تەواوی کارەکانی تر لە باشووری کوردستاندا، بۆ نمونە: مووچەخۆریک کە مووچەکەی وەرناگرێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازار دروست دەکات، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ماوەی ڕابردوودا حکۆمەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی ٥٠ ساڵەی لەگەل دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجامدا، ئەمەش بوو بە بەڵای سەری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. ئەو کات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکەی ئەنجامدا جگە لە چەند کەسێکی ناو بنەماڵەی بارزانی هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان بە پەرلەمانەوە، بە حکومەتەوە، بە حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و بە هاووڵاتیانیشەوە کە خاوەنی ڕاستەقینەی داهاتی هەرێمی کوردستانن ئاگاداری ناوەرۆکی ئەو گرێبەستە نین و نازانن چی لەناو ئەو گرێبەستەدا هەیە. ئەمە درێژەی کێشا تا ئەو کاتەی کە بەڵێنییان بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا کە تەنانەت مووچە بۆ منداڵێکی سەر لانکە ببرن و هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە پشکی هەبێت لە فرۆشی ئەو نەوتەدا، ئەو گرێبەستە وای کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە ٣٢ ملیار دۆلار قەرزدار ببێت و ئەو قەرزەش کاریگەرییەکی ڕاستەو خۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە".

'بنەماڵەی بارزانی وەک سامانی تایبەتی خۆیان مامەڵە لەگەڵ سامانی نەوتی هەرێم دەکەن'

ئاراس ئیبراهیم درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: " وەک پێشتریش ئاماژەم پێکرد لەبەر ئەو سیاسەتە هەڵەیەی ٣٢ ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان کە دایانڕشتووە و تەواوی بابەتەکانیان وابەستەی بابەتی ئابووری کردووە، ئێستا هەمان ئەو بابەتە بووە بە بەڵای سەری ئەو سیستەم و دەسەڵاتەی کە لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکات. ئەو سیستەم و دەسەڵاتەی کە لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن کێن؟ سەربە سیستەمی سەرمایەدارین کە لە ئێستا دا بووە بە بەلایەکی گەورە بۆ هەموو جیهان، لێرەش کە پەدەکە هەموو دەسەڵاتەکانی بۆ خۆی قۆرخ کردووە نوێنەرایەتی سیستەمی سەرمایەداری دەکات لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەشێوازیکی زۆر جیاواز، سیستەمی سەرمایەداری پەیرەو دەکات و ئەو سیستەمە تێکەڵ دەکات لەگەل سیستەمی خێڵگەرا و بنەماڵەیی، کە بووە بە بەلڵای سەری خۆی و بنەماڵەکەشی. لە ئێستادا ئەم بابەتە بووە هۆی پەرتەوازەیی، هەڵوەشان و دووبەرەکی لەناو خودی بنەماڵەی بارزانیدا، بۆچی؟ لەماوەی ڕابردوودا و لە سەرەتای دۆزینەوەی نەوت لە هەرێمی کوردوستاندا بە شێوازێک مامەلە لەگەل نەوت کرا وەک ئەوی کە خودی بنەماڵەی بارزانی خاوەنی ئەو نەوتە بن. دەبینین ئێستا دەردەکەوێت کە هەر یەکێک لە نەوەکانی بارزانی خاوەن بیڕێکی نەوتن، خاوەن کۆمپانیان، خەریکی ئەوەن کە چۆن غاز بفرۆشن، چۆن نەوت بفرۆشن، چۆن گاز بەرهەم بهێنن. کەواتە بە شیوەیەک مامەڵە لەگەل نەوت و سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی هەرێمی کوردستاندا کراوە کە خاوەندارییەتی ئەمە بە هەموو شیوەیەک بگەرێتەوە بۆ خودی بنەماڵەی بارزانی. نمونەی زیندوو ئەوەیە کە چەندین کوڕی بنەمالەی بارزانی ئێستا خاوەنی خودی بیرە نەوت و خاوەنی پاڵاوگەی خۆیانن، خاوەندارییەکەیان بۆ خودی خۆیان دەگەرێتەوە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر هاووڵاتیان دروست دەکات. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە پێی بەخشراوە بۆ ئەوەی داهاتەکەی بۆ خۆی خەرج کات، کەواتە هاووڵاتی مافی بەسەر ئەو بیرەنەوتە و ئەو کارەدا نامێنێت، ئەوەش قەیرانەکانی پێ زیاد کردووە. ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرئەوەی کە خودی ئەو بنەماڵەیە سەرپەرشتی دەکات توانای ئەوەی نییە لە ژێر دەستیدا دەری بهێنێت و بیخاتەوە خزمەتی هاووڵاتیاندا، نەک توانای نییە بەڵکو ئیرادەی نییە، لەبەر ئەوەی خودی خۆی لەسەر بنەمای گەندەڵی دروست بووە. پێشتریش وتمان قەیرانەکانی نەک چارەسەر نەکردووە بەڵکو گەیاندوویەتی بەم دۆخەی ئێستا کە هەیە. کەواتە قەیرانەکان لە چوار چێوەی پرسی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا نەک چارەسەر نەکراوە بەڵکو گشتگیرتر بووە. بابەتێکی گرنگتر کە پێوەندی بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە ئەویش خراپی گوزەرانی هاووڵاتیانە لە وەرزەکانی سەرمادا بەهۆی نەگەیشتنی سوتەمەنی. لە هەرێمی کوردستاندا دەبوو بە پێی بەڵێن و یاساکان هەموو مانگێک هاووڵاتیان بەرمیلێک نەوت وەربگرن بۆ ئەوەی کە وەرزی سەرمای پێ بەرێ بکەن، بەڵام دەبینین لە زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان ناڕەزایەتی دەردەبرن و خۆپیشاندان دەکەن بۆ ئەوەی کە بەرمیلێک نەوت وەربگرن. لە ئێستاشدا کارەبا نییە، سوتەمەنی نییە بەڵام دەسەڵاتداران بەشێوەیەک رەفتار دەکەن و واخۆیان نیشاندەدەن وەک ئەوەی بڵێی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەو پەری خۆشگوزەرانی و خۆشیدا دەژین. بەڵام کارێکیان بە هاووڵاتیان کردووە کە بۆتە هۆکاری ماڵوێرانی و قوڕبەسەری هاووڵاتیانی هەرێم. لە ڕووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئازادی ڕادەربرینەوە دەبینین کە بە دیاری کراوی حکومەتی هەرێم لە کابینەدا ناوی خۆی ناوە خۆڕاگر". 

'پەدەکە چاوساغی بۆ داگیرکەران دەکات'

ئاراس ئیبراهیم ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە سەرباری ئەوەی پەدەکە خۆیان چاوساغی بۆ داگیرکەران دەکەن و زیان بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەگەیەنن، بەڵام بە هەمان تۆمەت ئەو رۆژنامەوان و چالاکوانانەی بادینانیان راپێجی زیندان کردووە کە تەنیا داوای مافی هاووڵاتیانیان کردبوو، لەو بارەوە زیاتر وتی، "من وەک ڕۆژنامەنووسێک بەم شێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم حکۆمەتە دەکەم، حکۆمەتی هەرێم  "هاوشێوەی قازە و تەڕ نابێت" لەبەرئەوەی لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەلایەتی و ئازادی رادەربرینەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت  و نارەزایەتی پیشان دەدرێت هیچ شتێک کاری تێ ناکات، کەواتە خۆڕاگرە لە بەرامبەر ئەو کارانەی کە بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمدا سەپاندویەتی، خۆڕاگر نییە لە بەرامبەر بە داواکاری هاووڵاتیان، خۆڕاگر نییە لە بەرامبەر ڕەخنەی هاووڵاتیان، خۆراگر نییە لە بەرامبەر ڕخنەی دەنگە ئازادەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسەکان. هەر ڕۆژنامەنووسێک، چالاکوانێک ڕخنە بگرێت دەیخاتە زیندانەکانەوە. خودی ئەو دەسەڵاتەی کە مەسرور بارزانی سەرپەرشتی دەکات خۆی لە سەروو یاساوە دەبینێت. ئەگەر بگەرێینەوە بۆ ٣ ساڵ بەر لە ئێستا کاتێک کە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان لەبەر داواکردنی مافی خۆیان خرانە زیندانەکانەوە، ڕاستەوخۆ پێش بریاری دادگا بۆ ڕۆژنامەنوسان، مەسرور بارزانی قسەی کرد و وتی: "ئەمانە سیخۆرن، ئەمانە تیرۆریستن، ئەمانە کار دەکەن بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان". لە کاتێکدا خودی ئەو دەسەڵاتە کاردەکات بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم. نموونەی زیندوو دەوڵەتی تورکە کە ڕۆژ بە ڕۆژ خاکی باشووری کوردستان داگیر دەکات، هاووڵاتی مەدەنی دەکاتە ئامانج بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا دەسەڵات بێدەنگی هەڵبژاردووە. هەندێک کەس لەوانەیە بڵێن بەڵگە چییە بۆ ئەمە؟ بەڵگە ئەوەیە پێش ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لێدوان بدات لەسەر شەهید کردنی هاووڵاتییەکی مەدەنی، پەدەکە لەژێر ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و لە ژێر ناوی قەبە قەبەدا لێدوان دەدات و تەواوی زانیارییەکان بڵاودەکاتەوە. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەکە خودی خۆیان چاوساغی دەکەن بۆ دەوڵەتی داگیرکەر و خودی خۆیان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە شەهید کردنی هاووڵاتیانی مەدەنی. ئەمەش پێمان دەڵێت کە دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێمی کوردستان لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی خۆیان هەموو شتیک دەکەن و خۆیان دەفرۆشن".

'لە هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەک لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا نییە، هەردووکیان خەریکی بازرگانین'

لەبەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاراس ئیبراهیم باسی لە جیاکاری و جیاوازی نێوان منداڵی بەرپرسان و منداڵی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمەش وایکردووە بەشێکی هاووڵاتیان و گەنجان بیر لە جێهێشتنەوەی وڵاتەکەیان بکەن، هەروەها نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەشی لە هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامی خراپی دۆخی هاووڵاتیان ناوبرد و وتی، "من وەک ڕۆژنامەنووسێک لە ئێوە دەپرسم، ئایا مندالی هەر یەکێکمان بە بەڕێکردن و پشتگوێ خستن فێری زانست و زانیاری دەبێت؟ یاخود ئەمە بەشێکی ترە لە پاساودان بە کارەکانی حکۆمەتی هەرێمی کوردستان کە بەو شێوازە مامەلە لەگەل هاووڵاتیانی هەڕێمی کوردستاندا دەکەن، لە منداڵێکی بچووکەوە کە ئاوات و خولیای ئەوەیە کە ڕۆژێک زووتر بچیتە هۆڵەکانی خویندن و فێری نووسین و خویندن بیت، وای لێ دەکات لە یەکەم هەنگاو دا بێهیوابێت لە بەرامبە خۆی، داهاتووی خۆی، خاکەکەی، نیشتیمانەکەی و لە بەرامبەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا، دواتریش دێت سەرزەنشتی دەکات کە ئەم کەسە هیچ ئینتیمایەکی نییە، خودی ئەم دەسەڵاتە ئەمە بەرهەمەکەیەتی کە وای کردووە تاک خۆشەویستی و ئیتمای بۆ وڵاتەکەی نەبێت و خودی دەسەڵات هۆکاری ئەوە بووە کە بەشیکی زۆری هاووڵاتیان خاکی خۆیان جێبهێلن و کۆچبکەن. هەموو ئەمانە ئەنجامی دەسەڵاتە لە باشووری کوردستان. ئێستا دەیانەوێت بەم هەنگاوانە جارێکی تر خەڵک فریوبدەن بۆ ئەوەی کە بچنە سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن. بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی هەرێم باش لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان تێگەیشتوون، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا ئۆپۆزیسیۆنی پۆپۆلیست هەیە کە دەیەوێت جێگای ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە بگرێتەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئۆپۆزیسوێنێکی فعلی لە هەرێمی کوردستاندا بوونی نەبوو، ئەوەی کە هەبووە دواجار بینراوە کە ڕادەستی دەسەڵات بووە، لەناو خۆیاندا لەسەر دەسەڵات شەڕ هەبووە. ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستاندا بوونی نییە و شتێک نییە بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە، ئەوەی کە هەیە ئۆپزیسیۆنێکی پۆپۆلیستە بەناوی دەنگی نارازی و پشتیوانی لە دەنگی نارازی دێت و کەسابەت بۆ خودی خۆی دەکات. کەسانی بازرگان ناتوانن ببن بە کەسانێکی سیاسی سەرکەوتوو، ناتوانن خزمەتی گەلەکەیان بکەن. ئەو کەسانەی کە بازرگانی دەکەن تەنیا ئامانجیان کۆکردنەوەی پارەیە بۆ خۆیان، هاوشیوەی دەسەڵاتن یەک سیاسەتیان هەیە. لە هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەک لە بەینی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا نابیندرێت. هەردووکیان خەریکی بازرگانین، نەک تەنیا خۆیان ئەم کارە دەکەن بەڵکو نەوەکانیشیان خەریکی بازرگانین".

'تاکە شتێک سەرجەم کابینەکان تیایدا سەرکەوتوو بوون تەنیا سەرکوتی هاووڵاتیانە'

وتیشی، "ئەگەر جیاوازییەک بکەین لە بەینی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و منداڵی بەرپرسەکان بە ئاشکرا دەتوانین ئەوە ببینین. نموونەیەکی ئاشکرا ئەوەیە کە منداڵی بەرپرسەکان لە هەرێمی کوردستاندا خۆیان خاوەنی زانکۆن و لە زانکۆ شاهانەکان کە ساڵانە ملیۆنان دۆلار تێچوویانە، دەخوێنن، بەڵام مامۆستایەک کە ٢ منداڵی هەژار فێری خوێندن دەکات مووچەی پێ نادرێت. نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان وایکردووە کە حکومەتی هەرێم بە ئارەزوی خۆی دەست بخاتە سەر قورگی هاووڵاتیان و هەرچێ ئەیەوێت بیکات".

ئەو رۆژنامەنووسە کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بە شکستخواردووترین کابینە ناودەبات و دەشڵێت، تاکە شتێک کە هەر نۆ کابینەکەی حکومەتی هەرێم تیایدا سەرکەوتووبوون سەرکوتی هاووڵاتیانە.

'هاووڵاتیان بە پاراستنی یەکڕیزی خۆیان دەتوانن بەر بە چەوسانەوە بگرن"

رۆژنامەنووس ئاراس ئیبراهیم لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هاووڵاتیان کرد کە یەکێتی و یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن و لە بەرامبەر دەسەڵاتدا چۆک دانەدەن و وتی، "دەسەلاتی هەرێمی کوردستان بە کارەکانی نەک تەنیا هاوڵاتیانی هەرێمی بێزار کردووە بەڵکو وڵاتانی دەوڕووبەر، هاوپەیمان و دەوڵەتە سەرمایەدارەکانیشی بێزار کردووە. لەبەرئەوەی نەیانتوانیوە ئەو ئەرکەی کە پێیاندراوە بە باشی جێبەجێی بکەن. دەرئەنجامەکەشی ئەوەیە کە ئێستا دەبینرێت. ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان جگە لە ماڵوێرانی و نەهامەتی هیچی تری بۆ ئەم وڵاتە نەهێناوە و هیچیشی لێچاوەرێ ناکریت. داوا لە هاووڵاتیان دەکەم بۆ ئەوەی جارێکی تر نەچەوسیندرێنەوە و بە ئازادی و بە شادی بژین دەبێت باوەر بە قسەکانی دەسەڵات نەکەن، یەکێتی خۆیان بپارێزن، یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن. لە بەرامبەر هەموو جۆرە ستەمێکدا بوەستنەوە و دەبێت بزانین کە نەترسان لە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە دەمانگەیەنێت بە ئامانجەکانمان. ئەگەر بەو هەنگاوانەی رابردوو برۆین رۆژ بە ڕۆژ بارودۆخمان خراپتر دەبێت".

هـ . ب