بەهۆی بوومەلەرزەکەی کاشمەر ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢٠ کەسیش برینداربوون

بە هۆی ئەو بوومەلەرزەیەی، کە دوێنێ بە گوڕی ٥ پلەی رێختەر شاری کاشمەری سەر بە پارێزگای خۆراسانی رەزەویی ئێرانی هەژاند، ٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢٠ کەسیش برینداربوون.

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی دوێنێ بە گوڕی ٥ پلەی رێختەر شاری کاشمەری هەژاند، تا ئێستا ١٢٠ کەس بریندار و ٤ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لەوبارەشەوە حوجەتوڵا شەریعەتمەداری، قایمقامی کاشمەر رایگەیاندووە، هەندێک لە بریندارەکان چارەسەری سەرەتاییان بۆکراوە و هەندێکی دیکەشیان پێویستیان بە چارەسەری زیاتر بووە هەربۆیە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدان. هاوکات باس لەوە دەکرێت دۆخی تەندروستی ٤ کەس لە بریندارەکان ناجێگیرە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەگەری هەیە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە، زیانە ماددیەکانی بوومەلەرزەکە زۆر بووە و زیان بە بەشێکی بەرچاو لە باڵەخانە، بینا و هەروەها شوێنەوای مێژووییەکان گەیشتووە و هەندێکیشیان مەترسی روخانیان هەیە.

هـ. ب