دوێنێ و ئەمڕۆ، قەدەغەکردنی پەکەکە

لە ٢٣ ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ ئەڵمانیا پەکەکەی خستە نێو لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان. ئاخۆ لەم پرۆسەیەدا چی دەقەومێت؟

دوای ئەوەی پەکەکە لە ١٥ ی ئابی ١٩٨٤ تێکۆشانی چەکداری دەست پێ کرد، لە ئەڵمانیا لەنێو کوردان ڕێکخراوی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی زیادبوون. ئەمە ئیدارەی ئەوکاتەی بۆن ـی خستە نێو دڵەڕاوکێ. بە فەرمانی داواکاریی گشتی فیدراڵی ئەڵمان، لە ساڵی ١٩٨٧، بەرامبەر سیاسەتمەدارانی کورد فشارەکان زیاتر بوون، دەستبەسەرکران و زیندانی کران و هەڵکوترایە سەر ماڵ و کۆمەڵەکان. لە ساڵی ١٩٨٨ فشارەکان زیاتر بوون. ٥ ی شوباتی ١٩٨٨ لە چەند شارێکی ئەڵمانیا سیاسەتمەداری کورد بە کۆمەڵ دەستبەسەرکران و زیندانی کران. زیاتر لە ٢٠ چالاکوان، لەنێویان دوران کاڵکان و عەلی حەیدەر قەیتان و حوسەین چەلەبی، ڕۆژی ٢٤ ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٩ لە دادگای ویلایەتی دوسلدۆرف لە بەشی ئاسایشی تایبەت گیران و چوونە بەردەم دادوەر. دۆزی دوسڵدۆرف تا ئاداری ١٩٩٤ بەردەوام بوو. دۆزی دوسڵدۆرف دەسپێکی لیستی لێپرسینەوەکانی ئەڵمانیایە دژی ڕێکخراوە بیانییەکان، پاش سوپای سووری ئەڵمانیا، دووەمین دۆزی مەزنە دژی ڕێکخراوێکی سیاسی بەڕێوەبچێت. بەڵام کێشەیەک هەبوو: لە ئەڵمانیا پەکەکە لەنێو لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان نەبوو. بۆیە ئەو تاوانانەی دەخرانە ئەستۆی سیاسەتمەدار و چالاکوانانی کورد، نەدەچووە چوارچێوەی تاوانەوە.بۆیە تەنگاوییەک لەم دۆزەدا پەیدابوو.

ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٠ی ئاداری ١٩٩٣ ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند. ئەمە نیشانی دا کە پێشهاتەکان بۆ چارەسەری کێشەی کورد ڕوودەدەن. سەرۆککۆماری تورکیا تورگوت ئۆزال و ژەنەڕاڵ ئەشرەف بیتلیس لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە داواکاری خۆیان بۆ ئاگربەست ڕاگەیاند. لە ١٥ی نیسانی ساڵی ١٩٩٣ پەکەکە بڕیاریدا ئاگربەست بۆ ماوەی دوو مانگی تر درێژبکاتەوە. دوای ٢ ڕۆژ، لە ١٧ی نیساندا، کۆچی دوایی سەرۆک تورگوت ئۆزال، یەکەم هەنگاوی کۆتایی ئەم پرۆسەیە بوو. ئیتر باسی ئەوە ناکەین، لە ناوخۆدا، چەمکی چیلەر-گورەش-ئاگار، کە بە ناوی سەرۆکوەزیران تانسو چیلەر، سەرۆکی فەرماندەیی گشتی دۆگان گورەش و وەزیری ناوخۆ محەمەد ئاگار یاد دەکرێتەوە، جارێکی دیکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان کاریگەری لەسەر کوردەکانی ئەوروپا هەبوو. لە ناوچەی دیگۆری قەرس، جەردەوانی دەسەپێنرا، هەڵدەکوترایە سەر ماڵەکان، لە ١٤ی ئابی ١٩٩٣، دەیانویست دژی ئەشکەنجەی خەڵکی سڤیل ڕێپێوان بکەن، بەڵام تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا ١٧ منداڵ و گەنج و پیر گیانیان لەدەستدا. ٢٢ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٣ ناوچەی لجێی ئامەد بۆ ماوەی هەفتەیەک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گەمارۆدرا و ١٦ کەس کوژران. گوندەکانیان سووتێنران، مرۆڤەکان ئاوارەبوون. بەم هۆیەوە کوردانی ئەوروپا دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان. حکومەتی ئەڵمان لەبری ئەوەی چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی کوردستانیان لە ئەڵمانیا بە جددی وەربگرێت، بڕیاری قەدەغەکردنی پەکەکەی دا. پەکەکە لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ بە فەرمی قەدەغە کرا. بەڵام ڕەوشێکی سەرنجڕاکێش هەبوو. لە ڕۆژانی پێش قەدەغەکردن، دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئەڵمان ئەم قسانەیان دەگوت: "پەکەکە ئاسایشی ناوخۆ لە ئەڵمانیا پێشێل دەکات. پەکەکە گەیشتە ڕەوشێکی مەترسیدار و پۆتێنشاڵی تاوانکاری. ئێمە بە زەحمەت کۆنتڕۆڵیان دەکەین". هەروەها کوردان لە دیدارە دوو قۆڵییەکانیان لەگەڵ سیاسەتمەدارانی ئەڵمان دەیانگوت: "وڵاتەکەمان بە تانک و تۆپەکانی ئێوە دەڕووخێنرێت. ئێمە ڕەخنە لەمە دەگرین". بەرپرسانی ئەڵمان دەربادەی گرێبەستی تانک دەیانگوت، "مۆڵەتی پێدراوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەک بەکاربهێنرێت کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل نەکات". وێنە و دیمەنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بۆردومانی گوندەکان و تەقەکردن لە خەڵکی سڤیل لەلایەن تانکەکانەوە پیشاندرا. بەڵام ئەمەش بێ فایدە بوو.

پەکەکە قەدەغەکرا...

لە ٢٢ ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ پەکەکە لەلایەن دادگای دەستووری فیدراڵەوە قەدەغەکرا. دادگا بە ٥٥ لاپەڕە پاساوی قەدەغەکەی دەربڕی. پاساوەکان وەها ڕێزکراوە: " پەکەکە زیان بە هاوپەیمانەکانمان دەگەیەنێت. هێرش دەکاتە سەر کارگەکانی تورکیا. بەزۆر پارە کۆدەکاتەوە. ئاسایشی ناوخۆی ئەڵمانیا پێشێل دەکات. لە ساڵی ١٩٨٦ ڕێگای خێرای داگیرکرد. کۆنتڕۆڵ ناکرێت. بۆیە بڕیاردرا قەدەغە بکرێت". بڕیاری قەدەغەکردنەکە جێبەجێ نەکرا، چونکە پەکەکە بە فەرمی لە ئەڵمانیا بوونی نەبوو.

لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ ئەم قسانە بۆ بڕیارەکە زیاد کرا: "هەر جۆرە چالاکیەک بەناوی پەکەکەوە قەدەغە کرا". لەو بڕیارەدا پەکەکە بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی، تاوانبار" پێناسە کراوە. ڕێکخراوەکان و کەسانی نزیک لە پەکەکە یەکسەر کەوتنە نێو ئەم کاتیگۆرییەوە. بۆیە هەرچەندە بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا دامەزرابوون، بەڵام بەپێی ئەوان ئەم دامەزراوانە قەدەغە کران یان وەک تاوانبار ناسێنران. فیدراسیۆنێک بە ناوی فەیکا کوردستان و ٢٩ کۆمەڵەی پەیوەندیدار و کۆمیتەی کوردستان و ئاژانسی هەواڵی کورد-ها قەدەغە کران. دەست بەسەر کۆمپیوتەر و فاکس و بەڵگەنامەکانیدا گیرا.

دژی قەدەغەکردنەکەی حکومەتی ئەڵمان، لە ١٨ی کانونی یەکەمدا کوردان ویستیان خۆپیشاندانێک لە شاری کاسێل ئەنجام بدەن.. بەڵام پۆلیس ڕێگاکە و هێڵی شەمەندەفەریان داخست و بەم شێوەیە ڕێگە لە خۆپیشاندانەکە گیرا. ڕۆژی ٤ی کانوونی دووەم لە شاری هانۆڤەر خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو. ٢ هەزار کەس بەشداریان کرد. دۆسیەیەک لە دژی کەسێکی ئەڵمانی کرایەوە کە لە خۆپیشاندانەکەدا پشتیوانی کورد بوو. قەدەغەکردنی پەکەکە وەک پاساو هێنرایەوە. محەمەد دەمیر پەیوەندی نێوان ڕەوشی خراپی ئەڵمانیا و بڕیاری قەدەغەکردنەکەی هەڵسەنگاند و وتی، "ئێستا دەڵێین قەدەغە. چی قەدەغە دەکەن؟ ڕەوشی ئەڵمانیا ئەوەندە خراپە، بڕیاری قەدەغەکردن بە کردەوە دۆخێکی ئاوا سەختی هێنایە ئاراوە! لە بنەڕەتدا دەوڵەتێک کە زۆرترین ڕق و کینە لە نێو گەل و کۆمەڵگەکاندا دەبینێت و ساڵانێکە بەهۆی ئەمەوە ئازاری چەشتووە، بەڵام هێشتا چی دەکات...کتێبەکان قەدەغە دەکات... چی دەکات؟ کەسێتییەکان قەدەغە دەکات. چی دەکات؟... مۆسیقا قەدەغە دەکات".

کوردان پاش قەدەغەکردنی فیدراسیۆن و کۆمەڵە و ئاژانسە هەواڵییەکانیان، پێداگربوون لەسەر سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی. بەتایبەت لە ڕۆژانی کۆتایی ١٩٩٣، دژی قەدەغەکردنەکە، ئامانجی سەرەتای کوردانی ئەڵمانیا دامەزراندنی کۆمەڵەیەک بوو. پاش ٢ مانگ قەدەغە، سەرلەنوێ کۆمەڵە دامەزرا. بە ناو و پەیڕەوی ناوخۆی نوێ کۆمەڵە دامەزرا.

لە شاری دویسبۆرگ لە ٢٧ ی ئاداری ١٩٩٤ فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردانی ئەڵمانیا (یەککۆم) دامەزرا، دامەزراندنەکەی لە شاری مانهایم بە گردبوونەوەیەکی مەزن و جەماوەری پیرۆزکرا و کۆنگرەکەی لە دویسبۆرگ ئەنجامدرا.

دژی پێداگری کورد لەسەر سیاسەتی یاسایی، دەوڵەتی ئەڵمان سیاسەتی تاوانبارکردنی جێبەجێ کرد. لە ساڵی ١٩٩٤ ئاهەنگی نەورۆز قەدەغەکرا. لە چالاکییە ناڕەزایەتییەکان سەدان کورد سزای مادیی دران. لە ١٩ ی ئاداری ١٩٩٤ لە ئاوگسبۆرگ نزیکەی ٦ هەزار کورد ویستیان نەورۆز پیرۆز بکەن، بەڵام پۆلیس بەتوندوتیژی رێگری لەم ئاهەنگە کرد.

لە شاری مانهایم لە ٢١ی ئاداری ١٩٩٤ دوو ژنە شۆڕشگێڕی کورد نیلگون یەڵدرم (بێریڤان) و بەدریە تاش (ڕوناهی) بۆ شەرمەزارکردنی قەدەغەکردنەکان لە ئەڵمانیا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا. بێریڤان و ڕوناهی لەو شوێنەی کە چالاکییان تێدا ئەنجامدا شەهید بوون. بڕیار بوو بۆ سەرەخۆشی و یادکردنەوەیان چالاکی بکرێت، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە قەدەغە کرا و شارەکە پڕ بوو لە پۆلیس. لە مانهایم، هەرچەندە پۆلیس ئاو و توندوتیژییان بەکارهێنا، بەڵام زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس بۆ نیلگون یەڵدرم و بەدریە تاش کۆبوونەوە.

لە هانۆڤەر ئاهەنگی نەورۆز قەدەغەکرا، پێش ئاهەنگەکە بە کاتژمێرێک، قەدەغە ڕاگەیاندرا، زۆر کەس بە کەلەپچەکراوی دەستگیرکران.

لە ئایاری ١٩٩٤ لەلایەن تیمێکی ئەمنییەوە هەڵکوترایە سەر کۆمەڵەی کوردان لە ساربروکن و ٦٠ کەس لە کۆمەڵەکە دەستبەسەرکران.

فشار و دۆز و هێرش بۆ سەر کورد سەریهەڵدا

بەهۆی بڕیاری قەدەغەکردنی پەکەکە، کورد ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و کردەوەی میزاجی و نایاسایی و سزای بێ دادگایی بوونەوە. دەربارەی کارە تاوانکارییەکانی پۆلیسی ئەڵمانیش، لێپرسینەوەیەکی کاریگەر ئەنجام نەدرا.

حالیم دەنەر (١٦ ساڵ) لە ٢٩ ی حوزەیرانی ١٩٩٤ لەکاتی هەڵواسینی لافیتە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانەوە کوژرا. حالیم دەنەر، پاش وێرانکردنی گوندەکەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، گەیشتە ئەڵمانیا. پاش ماوەیەکی کورت، ئەوکاتەی لە شاری هانۆڤەر دژی قەدەغەکردنی پەکەکە لافیتەی هەڵدەواسی، بە فیشەکی پۆلیسی ئەڵمان کوژرا. لەلایەن ئەندامی یەکینەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت کلاوس ت. لە پشتەوە گولـلەباران کرا. پۆلیس لە دادگا بە گوتنی "دڵتەنگ بووم، دەمزانی بەهۆی قەدەغەکردنی پەکەکەوە تاوانەکە کراوە" بەرگری لە خۆی کرد و ئازادکرا. پاش چەند ساڵێک لە ویلایەتی هەسەن لە شار فرانکفۆرت دۆزی گەندەڵی دژی ٢ پۆلیس کرایەوە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە یەکێک لە پۆلیسەکان بکوژی دەنەر بوو.

لە ئەیلوولی ١٩٩٤ ژنانی کورد دەیانویست لە مانهایمەوە بەرەو ستراسبۆرگ ڕێپێوان بکەن. پۆلیس هێرشی کردە سەر ژنان و سەدان ژنی دەستبەسەرکرد. ڕۆژی دواتر ژنەکان دەستیان کردەوە بە ڕێپێوان. بەڵام دیسانەوە ڕووبەڕووی هەمان توندوتیژی بوونەوە. ژنانی کورد پاشەکشەیان نەکرد و دوای ٣ ڕۆژ بە مۆڵەت ڕێپێوانەکە بەڕێوەچوو.

لە ٢٤ی ئەیلوولی ١٩٩٤دا بڕیار بوو سێیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کوردستان لە شاری هانۆڤەر بەڕێوە بچێت. بۆ ئەمەش پەیوەندی داواکاری پێشکەشی بەرپرسان کرا. بەڵام ئەم فێستیڤاڵە قەدەغە کرا چونکە بڕیار بوو بۆ یادی حالیم دەنەر بەڕێوە بچێت. بەڵام دوای ساڵێک لە ئەیلولی ١٩٩٥ کوردان فێستیڤاڵەکەیان بەکپی ئەنجامدا.

لە شاری هانۆڤەر لە ٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٤ نزیکەی ٢٥٠ کەس بۆ شەرمەزارکردنی بۆردومانی شاری لجێ چالاکیان ئەنجامدا. پێش ناڕەزایەتیەکە گەڕان و پشکنین هەبوو. چالاکوانان کاتێک ئاڵای ئەرەنەکەیان هەڵگرت، لەلایەن تیمە تایبەتەکانی شاری براونشڤایگەوە بە دار لێیان درا. هەرچەندە چالاکوانان پۆلیسیان ئاگادار کردەوە کە کۆتایی بە چالاکییەکەیان دەهێنن، بەڵام کاتێک جەماوەر بڵاوەیان کرد، پۆلیس ١٠٠ کەسی گرت و وێنەیانی گرت. وە زۆرێک لەوان لە کاتی هێرشی پۆلیسدا بریندار بوون. پاشان دەستبەسەر کران و ئێوارە ئازاد کران. دۆزێک لەسەر زۆرێک لەو کەسانە کە دەستگیرکرابوون کرایەوە.

لە ٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤دا لە یەک کاتدا لە بادن ووتەمبێرگ، هەسەن و بایەرن هەڵکوترایە سەر ماڵ و کۆمەڵەکان، ٧٦ بنەماڵەی کورد دەستبەسەر کران.

یەک_کۆم لە ڕاگەیاندراوەکەیدا لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٤دا ڕایگەیاند: "لە ئەڵمانیا ٥٠٠ هەزار کورد هەن. ئەڵمانیا بەم قەدەغە و سەپاندنانە، کارەکانی ڕژێمی تورکیا قبوڵ دەکات و پەسەندی دەکات و یاسایی دەکات. بەم شێوەیە ڕێگری لە چارەسەری سیاسی دەکات و بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە ئەڵمانیا تێوەگلاوە لە شەڕی کوردستاندا. بەڵام ئێمە دەپرسین: کێ دەتوانێت گەلێک قەدەغە بکات کە هەموو شتێک بۆ ئازادی خۆی بکات؟''.

پێشهاتێکی گرنگی ساڵی ١٩٩٤ ئەوە بوو کە وەزیری ناوخۆی ویلایەتی بایەرن بێکشتاین لە نێوان ١٣-١٤ی تشرینی دووەم چووە تورکیا. پاشان بێکشتاین لە میونیخ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی تورکیا ئەنجامدا و ڕایگەیاند کە ٣١  جار چووەتە تورکیا و تورکیای زۆر خۆشدەوێت و گوتی: "من خۆم بە تورکی باڤاری دەزانم" بێکشتاین کە ١٤ ساڵ وەزیری ناوخۆ بوو، ڕایگەیاند ڕوانینی "پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی" سەرەتا لەلایەن حکومەتی ئەڵمان و دواتر لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە قبووڵکراوە، ئەمەی لە سەردەمی خۆیدا دەست پێ کردووە و دواتر لەسەر بەردەوام بووە.

لە هاوینی ساڵی ١٩٩٥ بۆ پشتیوانی لەو مانگرتن لە خواردنی کە لەلایەن زیندانیانی تورکیا و باکوری کوردستان دەستی پێکردبوو، لە زۆر شوێنی جیهان چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردن دەستیپێکرد. هەروەها مانگرتن لە خواردن لە گۆڕەپانی کودام لە بەرلین لە ڕۆژی هەشتەمدا لەلایەن پۆلیسەوە کرایە ئامانج. ئەو چالاکوانانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە، لە ژێر گەرمای مانگی تەمموزدا بە درێژایی ٨ کیلۆمەتر بەرەو کۆمەڵەی کوردی ڕێپێوانیان کرد و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هەڵوێستی پۆلیس.

یەکێک لەو چالاکوانانە بە ناوی گوڵناز باگیستانی خەڵکی شاری دەرکار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دایکی ٥ منداڵ بوو، ڕووبەڕووی توندوتیژیی پۆلیس بووییەوە و ڕۆژی ٢٧ تەمووزی ١٩٩٥ گیانی لەدەستدا. نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بەشدارییان لە پرسەکەدا کرد، کە لەژێر کۆنترۆڵی توندی پۆلیسدا بەڕێوەچوو. ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی هانس ئۆتۆ ڤایبوس، یەکێک لە شایەتحاڵەکانی سیاسەتی تاوانبارکردنی گەلی کورد لە ساڵانی نەوەدەکاندا، دەڵێت:

"لە بەرلین پێش ئەوەی ٢٠ هەزار کەس بۆ پرسەی گوڵناز باگیستانی کۆببنەوە، بانگەشەی ئەوە دەکرا کە پەکەکە نیشانەشکێن دژی پۆلیس بەکاردەهێنێت. ئەمەش لەلایەن فەرمانگەی پاراستنی یاسای ویلایەتی ساکسۆنی خواروو دەرچوو. ئەم دەزگایە هەروەها دەیگوت کە ئەم بانگەشانە هی بەشی تاوانکاری فیدراڵین. سەرۆکی سەندیکای پۆلیس، هێرمان لوتز، بەرپرسیار بوو لە بڵاوکردنەوەی ئەم بانگەشەیە. پێشتریش لە فرانکفۆرت پۆلیس لە بڵاوەپێکردنی ڕێپێوانێکدا پەنای بۆ شێوازی توندوتیژی برد و ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی دامەزراوە فەرمییەکان ئەم جۆرە دڵەڕواکێیە بڵاو بکەنەوە.

دەیانویست بە فێڵ و چەواشەکارییەکانیان ئەنجامێکی وەها بەدەست بهێنن: یەکەمیان ئەوە بوو کە گەلی کورد وەک تاوانبار نیشان بدەن و گۆشەگیرییەک بەدەستی گەلی ئەڵمانیا لەسەر کوردان بسەپێنن. دووەمیان کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کوردانەیە کە بەشداری ڕێپێوانەکەی بەرلین دەکەن بە بیانووی ئەوەی ڕەوشێکی مەترسیدار دروست دەبێت. سێهەمیش ئەوە بوو کە پۆلیس لە دژی گەلی کورد کۆبکەنەوە. چونکە ئەوکات پۆلیس ڕایان دەگەیاند کە ڕووبەڕووی ڕەوشێکی ناسەلامەت بوونەتەوە و پەنایان بۆ دەمانچە و چەکی تر بردووە".

واتە دەتوانین بڵێین دەربارەی کار و توندوتیژییەکانی پۆلیس لێپرسینەوە نەکرا و لیكۆڵینەوە لە بابەتەکە نەکرا. پۆلیسەکان بە سیاسەتی سزانەدان پارێزران. بەپێچەوانەوە، هەموو بزووتنەوە کوردییەکان وەک تاوانبار قبووڵکران و ڕووبەڕووی سزای قورس بوونەوە.

ڕێککەوتنی بێ ناو

سەرۆکی فەرمانگەی "ڕێکخراوە توندڕەوەکان" لە دامەزاوەی پاراستنی یاسائەڵمانیا، کلاوس گرونڤاڵد، لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٥ و پاشان لە ساڵی ١٩٩٦، سیناتۆری پێشووی ناوخۆی ویلایەتی بەرلین و ئەندامی پەرلەمان لە پارتی دەسەڵاتدار (CDU) هاینریش لومەر کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا و گرژییەکانی نێوان پەکەکە و ئەڵمانیا چارەسەرکرا. تەنانەت لە ساڵی ١٩٩٨ دا داواکاری گشتی فیدراڵی ڕایگەیاند کە ئێستا لە ئەڵمانیا ئەو دادگاییانەی کە وەک "دۆزی پەکەکە" دەبینرێن لە شوێنی دۆزەکانی "ڕێکخراوی تیرۆریستی" لە چوارچێوەی "ڕووداوە تاوانکارییەکان" پێناسە دەکەن و وەها پەسەندی دەکەن.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و تەڤگەری ئازادیی کورد دوای کۆبوونەوەکانی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ هاوسەنگییەکی باشی بەخۆوە بینی، ئەمەش تا گەیشتنی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕۆما، بەردەوام بوو.  

لە ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨، داواکاری گشتیی فیدراڵی کارلسروهە ئەو دۆسیانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاگیرابوون، هێنایەوە ڕۆژەڤ و دەستی کرد بە ئامادەکردنی داواکاریی بۆ ڕادەستکردنەوەی ڕێبەر ئاپۆ. پەیوەست بەمەش، ئەو پێشهاتانە ڕوویاندا کە بوونە پێکهێنەری سەرەکی پیلانگێڕی. داتایەکی دیکەی گرنگ، لە بەڕێوەبەری گشتی ئەوکاتەی تورکیا، نەجاتی بیلیجان کە ئەوکاتە لە ئەڵمانیا بووە، دەبینرێت. بیلیجان لەسەر  بانگهێشتی سەرۆکی پۆلیسی ئەڵمانیا لە ڤیسبادن بوو و لەگەڵ شاندەکەیدا کاری ڕاهێنانی هاوبەشی پەیوەست بە هاوکاری یاسایی نێونەتەوەیی و پرسی گەڕان بەدوای کەسەکاندا هەبوو.

بڕیاری قەدەغەکردنەکەی خۆیان، دەخەنە ئەستۆی یەکێتیی ئەوروپا

ئەمە یەکەم بڕیاری قەدەغەکردنە لە سەرانسەری جیهان دژی تەڤگەری ئازادیی کورد، لە ڕاستیدا ئیلهامبەخش بوو بۆ ئەوەی لەژێر فشاری ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپادا لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربکەوێت. کۆمیسیۆنی ئەوروپا ناوی پەکەکەی زیاد کرد بۆ ئەو لیستەی کە لە ٢ی ئایاری ٢٠٠٢ ڕاگەیەندرا. بەڵام دواتر حکومەتی ئەڵمانیا لیستی یەکێتی ئەوروپای کردە بیانوویەک بۆ بڕیارەکانی قەدەغەکردن و دەستبەسەرکردن. هەرچەندە ئەڵمانیا بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی ئەوروپای پیشاندا، بەڵام دادگای دادی ئەوروپا ئەو بڕیارەی پەیوەست بە دوورخستنەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆریستی جێبەجێ نەکرد. بە واتایەکی تر کە هاتە سەر گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی کورد، بڕیارەکانی دادگا بێکاریگەر دەبوون و ئەرکی خۆیان بەجێ نەدەگەیاند.

بە ئەنقەست هەوڵدەدرا بۆ چاندنی سایکۆلۆژیای ترس لە کورد لای پۆلیسەکان. لەسەر ئەو بنەمایە لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگری ناوخۆ و ڕێکخراوی پاراستنی دەستور و یەکەکانی پۆلیس "مێزی پەکەکە" دامەزرا. بەڵام دەوڵەتی ئەڵمان هەرچەندە هەموو دامودەزگاکانی خستە کارەوە و ویستی قەدەغەکردنەکە جێبەجێ بکات، نەیتوانی کورد لە تەڤگەری ئازادیی کورد داببڕێت. کاتێک مرۆڤ سەیری ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی پاراستنی دەستوور لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو دەکات، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە هاوسۆزی بۆ پەکەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەپێی زانیارییەکان، لە ساڵی ١٩٩٣ ژمارەی ئەو کوردانەی وەک ئەندامی پەکەکە حیساب دەکران، دوو هێندە زیادیان کردووە.

درێژەی هەیە...