هۆزەکانی عێراق لە دژی داگیرکاری هەڵوێستیان پیشاندا

ژمارەیەك شێخی هۆزەكانی عێراق، لە دژی لەشكركێشی و داگیركەرییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر خاکی باشووری كوردستان وەستانەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی کوردستان دەربڕی.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان؛ ژمارەیەك شێخی هۆزەكانی عێراق هێرشەكانی دەوڵەتی توركی داگیرکەر بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستانیان  ئیدانە كرد و رایانگەیاند: دەوڵەتی تورك هەرێمی كوردستان داگیردەكات و پشتیوانی لە داعش دەكات، هاوكات ستایشی پەکەکەیان كرد و جەختیان كردەوە كە دژی چەتەکان داعش وەستاوەتەوە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لە ئامانجی سوپای داگیرکەری تورک دەکات و ئەوەهاتووە: "دەوڵەتی داگیركەری تورك بەردەوامە لە هێرشە سیستماتیكییەكانی بۆ سەر خەڵك لە هەرێمی كوردستانی عێراق، بە ئامانجی چۆڵكردنی گوند و شارەكان و سووتاندنیان، هەروەها هەڕەشە لە دانیشتووانی گوندەكان دەكات، بۆ ئەوەی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و ناوچەكە بكەنە ناوچەیەكی سەربازیی بە بیانووی ناڕەوا."

'پەکەکە شەڕی داعش و تیرۆری کرد'

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هۆزەکانی عێراق ستایشی تێکۆشانی پەکەکە دەکەن لە جەنگی دژ بە داعش و باسیان لەوەکردووە: "ئێمە زۆر باش دەزانین پەکەکە شەڕی تیرۆر و داعشیان دەكرد، بەڵام توركیا پاڵپشتیی داعشی دەكرد، هەموو ئەو كارانەی دەوڵەتی داگیركەری تورك دەیكات تەنیا بە ئامانجی هێرشكردنە سەر گەلانی عێراق بە گشتیی و كوردە بەتایبەتی، بە ئامانجی داگیركردنی ناوچانەكانی هەرێم."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر تاوانی جەنگ بەرامبەر خەڵک و ژینگە ئەنجام دەدات و راشیانگەیاندووە: "ئەم هێرشانە زیاد دەبن بۆ ئاستی تاوانی جەنگ كە مرۆڤایەتی و سرووشت تێكدەدەن، هەموو ئەم تاوانە دڕندانەش بوونەتە هۆی وێرانكارییەكی گەورەی ژینگە و جوگرافیای هەرێمی كوردستانی عێراق، لە بەرامبەریشدا پەدەكە هاوبەشە و حكومەتی بەغداش بێ دەنگە، بێدەنگییەكی گوماناوی سەبارەت بە تاوانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك درووست دەكات. پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكومەتی بەغدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و ڕێگریی لەم هێرشە بەربەرییە بۆ سەر خاك و گەلەكەمان بگرن، ئێمەش ئامادەین بەرگریی لە سەروەری عێراق بكەین، بەپێچەوانەی ئەوەی دەوڵەتی داگیركەری تورك بیری لێدەكاتەوە، سەبارەت بە گۆڕانی دیمۆگرافی و تاڵانكردنی سامانی عێراق."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەو هۆزانە وێڕای شەرمەزاکردنی هێرشەکان، هاوسۆزی خۆیان بۆ گەلی باشووری کوردستان دەربڕن و بانگەوازی هەڵوێست وەرگرتن دەکەن و دەڵێت: "ئێمە لە شێخ و عەشیرەت و كەسایەتییەكانی عێراق، ئەم هێرشە سیستماتیكیانە ڕەتدەكەینەوە، بانگەوازیش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكومەتی بەغدا و پەرلەمانی عێراق دەكەین، كە بەرپرسیارێتی مرۆیی و ئەخلاقی و یاسایی خۆیان سەبارەت بە ئەم تاوانە نامرۆڤانە و كۆتاییهێنان بەم هێرشە بەردەوامانەی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ئەستۆ بگرن.."

ناوی ئەو شێخانەی لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک وەستاونەتەوە بەمشێوەیەیە:

  • شێخ تەکلیف ئال عەبدعەلی جبوور، شێخی گشتیی عەشیرەتی جبوور.
  • سەید ئەحمەد عەلەوی حەیدەری، شێخی گشتی ساداتی حەیدەری.
  • سەید نازم شەریفی، شێخی ساداتی شرفە لە فوراتی ناوەڕاست.
  • شێخ مالک جاسم عیفاری، شێخی عیفار لە فوراتی ناوەڕاست.
  • سەید خەزعەلی عەتییە موسەویی لە دیوانییە.
  • شێخ زەهیر کازم مەرهوون، شێخی گشتی کەریت.
  • شێخ جەمال فەرید حەمیداوی، شێخی گشتی حەمیدات.
  • شێخ ئەمیر موسەنا حسناوی، شێخی گشتی بەنی حەسەن.
  • شێخ موحان میریی ئال عەتییە، شێخی گشتی ئال شبل.
  • سەید حسێن بەرەکات شامی، شێخی گشتی ساداتی غەوالب.
  • شێخ متعب محەممەد شەمەری، شێخی عەشایەرەکانی شەمەر لە فوراتی ناوەڕاست.
  • شێخ محەممەد عەبدولئەمیر شەعلان کەرعاوی، شێخی گشتی عەشایەرەکانی ئەکرەع.
  • شێخ ڕەعد حسێن خەفاجی، شێخی خەفاجییەکان لە نەجەف.
  • شێخ خالد جاهل ناتوور، شێخی بنەماڵەی شەبەل لە دیوانییە
    سەید حەمید مەرزوک عەبادی، شێخی گشتی عەوابد.