لە غەززە ٧٣ کەسی تر کوژران

رێکخراوی بەرگریی شارستانی غەززە رایگەیاند، کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ناوچەیەکی مەدەنی نشین ٧٣ کەس کوژراون.

رێکخراوی بەرگریی مەدەنی غەززە رایگەیاند، کە سوپای ئیسرائیل شەوی شەممە ناوچەیەکی مەدەنی نشینی بەیت لەحای فەلەستینی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە لانیکەم ٧٣ کەس کوژراون.

وتەبێژی بەرگریی مەدەنی غەززە مەحمود باسال رایگەیاند، کە ژمارەیەکی زۆر لە برینداران تائێشتاش لە ژێر داروپەردووی خانووەکاندان.

باسال ئەوەشی خستەڕوو کە کارمەندەکانیان بەردەوام لە گەڕان، بەڵام لە ناوچەکەدا کەلوپەلی پێویستیان بۆ گەڕان لە ناو خانووە رووخاوەکان نییە.

نوسینگەی راگەیاندنی حکومەتی حەماس ژمارەی کوژراوانی پشتڕاستکردەوە و راشیگەیاند، ژن و منداڵ لەناو قوربانیاندان.

سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەکدارانی حەماس دەکەنە ئامانج، بەڵام بەوتەی مەحمود باسال تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە ٤٠٠ مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر باکوری غەززە کوژراون.