مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا

لە گەڕی دووەمی خولی چواردەهەمینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان کاندیدی ریفۆرمخوازان توانی بە جیاوازی ٣ ملیۆن دەنگ بەسەر سەعید جەلیلی کاندیدی بنەماخوازاندا سەربکەوێت.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان رایگەیاند، ٣٠ ملیۆن و ٥٣٠ هەزار و ١٥٧ کەس بەشدارییان لەدەنگدان کردووە، کە ئەمەش دەکاتە رێژەی ٤٩.٨٪ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی دەنگەکان مەسعود پزیشکیا توانیویەتی ١٦ ملیۆن و ٣٨٤ هەزار و ٤٠٣ دەنگ بەدەست بهێنێت و سەعید جەلیلیش ١٣ ملیۆن و ٥٣٨ هەزار و ١٧٩ دەنگی بەدەستهێنانەوە.

لە دەوری یەکەمدا رێژەی بەشداری لە دەنگدان کەمتر لە سەدا ٤٠ بوو، هەروەها بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان ئەو ناوچانەی پێکهاتەکانی نەتەوەیی و ئایینیەکانی تێدا دەژین، زۆرترین دەنگیان بە پزیشکیان دابوو، ناوەکانی ناوەندی ئێران کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی فارسن دەنگیان بۆ کاندیدی بنەماخوازان بوو.

بەشێکی زۆری ئۆپۆزسیۆن و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێرانیان بایکۆت کردبوو، ئەمەش هۆکاری بەشداری کەمە لەو هەڵبژاردنەدا.

چالاکوانان لەو بڕوایەدان لە ئەو رێژەیەی لەبارەی بەشداری لەهەڵبژاردنەوە راگەیەندراوە، زۆر کەمترە لە رێژەی راستەقینەی بەشداری.

هـ. ب