موقتەدا سەدر داوای کەمکردنەوەی بوونی دیپلۆماسی ئەمریکای لە عێراق کرد

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدری شیعەکان داوای کەمکردنەوەی بوونی دیپلۆماسی ئەمریکای لە عێراق کرد.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری گەورەی ڕەوتی شیعە(سەرۆکی رەوتی سەدر) لە عێراق ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە پێشێل کردنی یاسا نێونەتەوەییەکان بە زۆرەملێ فەلەستینییەکانی ئاوارە کردووە و ئەو کارانەش "پێچەوانەی هەموو بەها ئایینی و مرۆییەکانە."

موقتەدا سەدر بە ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەر بەم دۆخە ڕایگەیاند: "ئەمریکا یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات، بەو شێوەیە بە ئاشکرا پشتیوانی سیاسەتە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دەکات دژ بە گەلی فەلەستین."

موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشدا کە پاڵپشتی ئەمریکا لە ئیسرائیل بووەتە هۆی نائارامی و پێکدادانەکانی ناوچەکە و وتی: "ئەمریکا پشتیوانی لە تیرۆری ئیسرائیل دەکات لەدژی گەلی فەلەستین، لوبنان و شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە."

هەروەها موقتەدا سەدر داوای لە کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کرد هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە بگرنەبەر و داوای پچڕانی تەواوەتی پەیوەندییەکانیانی لەگەڵ ئیسرائیل کرد.

هاوکات موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە وڵاتە ئیسلامیەکان و جیهانی عەرەب کۆتایی پێبهێندرێت و پچڕانی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسیەکانی بە پێویست زانی.

موقتەدا سەدر داواشی لە حکومەتی عێراق کرد و ڕایگەیاند، پێویستە پەرلەمان بڕیارێکی بەدوور لە توندوتیژی بۆ کەمکردنەوەی بوونی دیپلۆماسی ئەمریکا لە عێراقدا بگرێتەبەر.