ئیسرائیل ٣٠٠ ئامانجی لە لوبنان بۆردومان کرد

سوپای ئیسرائیل دژوارترین هێرشی یەک ساڵی رابردووی کردە سەر باشوری لوبنان. راگەیەندرا کە زیاتر لە ٢٩٠ ئامانج بۆردومان کراون.

گرژییەکانی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل کە لە هەینییەوە دەستیپێکردووە، بەردەوامە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لەماوەی چەند کاتژمێردا ١١٥ رۆکێت لە باشوری لوبنانەوە ئاراستەی باکوری ئیسرائیل کراون و ئەوەشی خستەڕوو، لە بەرامبەردا چەندین بنکەی حزبوڵا لە باشوری لوبنان کراونەتە ئامانج.

لای خۆشیەوە حزبوڵای لوبنان رایگەیاندووە کە ناوەندەکانی وەبەرهێنانی سەربازی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، کە ٢٩٠ ئامانج لە لوبنان بۆردومان کراون و بە هەزاران سەکۆی هەڵدانی موشەک لەناوبراون.