پانۆراما؛ شەڕی سوریا پێدەنێتە ١٠هەمین ساڵەوە

شەڕی ناوخۆیی سوریا لە شەڕی یەکەم و دووەمی جیهان زیاتری خایاندووە و چووە ١٠هەمین ساڵی خۆیەوە. ئەو شەڕە وەک شەڕی بە وەکالەت دەستیپێکرد و بووە هۆی مردنی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنەها کەس، ئێستاش هێزە سەرەکییەکان راستەوخۆ لە گۆڕەپانەکەدان.

شەڕی ناوخۆیی سوریا لە ١٥ی ئاداری ٢٠١١دا دەستیپێکرد و ئەمڕۆ پێی نایە ١٠هەمین ساڵەوە. لە ٩ ساڵی رابردوودا ٥٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ملیۆنەها مرۆڤ کۆچیانکرد و سەدان هەزار کەس ئەشکەنجەدران و کردەوەی خراپیان لە دژ ئەنجامدرا. وڵاتێکى وێرانکراو و داگیرکراویشی لە دوای خۆی بەجێهشتووە.

سندوقی هاوکاریی منداڵانى نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف - UNICEF) رایگەیاندووە "لە هەر ١٠ کاتژمێرێکدا منداڵێکى سوریایی بەهۆی شەڕەوە گیانی لەدەست دەدات".

"بەهاری عەرەبی" لە تونس و لە دواى ئەوەى گەنجێکی دەستگێڕ بە ناوی محەمەد بوعەزیزی ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا دەستیپێکرد و بە هۆی زریانی ئەو بەهارەوە زەینەلعابدین بن عەلی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەستی لەکار کێشایەوە و هەر یەک لە وڵاتانی میسر و لیبیا و یەمەنی گرتەوە و دوا وێستگەى بەهاری عەرەبیش سوریا بوو.

بەهاری عەرەبی لە دواى تونس، میسر، لیبیا و یەمەن گەیشتە سوریا. هەندێک ئەوەیان لێکدەدایەوە، کە رژێمى ئەسەد لە سوریا لە ماوەى چەند مانگێکدا هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام هەندێکى دیکە بەو شێوەیە سەیری بابەتەکەیان نەکرد و بەپێى ئەوەى پلانەکانی خۆیان دادەڕشت.

دروشمی "دیکتاتۆر کاتی تۆیە"

لە کانوونی دووەمی ٢٠١١ لە حەسەکە گەنجێکى بە ناوی حەسەن عەلی ئاکلە بۆ شەرمەزارکردنى رژێم ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا. دواى ئەوە پۆلیس لە شام لە کاسبکارێکیاندا. لەبەر ئەوەش گەل بە دروشمی "نابێت بە بچووکی سەیری گەلی سوریا بکرێت" رژانە سەر شەقامەکان.

دواتر لە درعا، کە یەکێکە لە ناوەندەکانى ئیخوان موسلمین لە سوریا، دەستەیەک لە گەنجان سەرنجیان خستە سەر هەڵوەشاندنەوەى دەسەڵاتی زەینەل عابدین بن عەلی لە تونس، حوسنی موبارەک لە میسر و موعەمەر قەزافی لە لیبیا و لەسرە دیوارەکان دروشمی "سەرەى تۆیە دیکتاتۆر"یان نووسی.

ئەوە پەیامە بۆ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بوو، کە پزیشکی چاوە. دواى ئەو پەیامە ئیدی دروشمی "شەعب یورید ئیسقات نیزام" (گەل دەیەوێت رژێم بڕۆخێت) لەسەرتاسەری سوریا بەرزبوویەوە.

١٥ خوێندکار، کە دروشمی "دیکتاتۆر کاتی تۆیە"یان لەسەر دیوارەکان دەنووسی دەستگیرکران و ئەشکەنجەکران. لەبەر ئەوەش تۆڕەیی گەل لە ١٥ی ئادار لە درعاوە دەستیپێکرد و بە شارەکانى حەما، حومس، لازقیە، قامیشلۆ و دێرەزۆر دا بڵاوبوویەوە. دواتر ئەوە بوو بە "هەینیی توڕەیى" و هەموو هەینییەک بە رێکوپێکى بەڕێوەدەچوو.

جیاوازیى دەستپێکردنی کورد لە گروپەکانى تر

لە چالاکییەکاندا کە لە حەسەکەوە دەستیپێکرد و دواتر گواسترایەوە بۆ شام، حەلەب و درعا ئەوەى کورد و گروپەکانى تری لە یەک جیادەکردەوە، دروشمی "گەل دەیەوێت رژێم بڕوخێت!" بوو.

کورد بەشداریی "هەینیی توڕەیی" دەبوو و شارەکانی رۆژئاوا لەو شارانە بوون، کە چالاکیی زۆر گەورەى جەماوەرییان تیادا بەڕێوەچوو. دواتر جگە لە هەندێک کەس، کە خۆیان بە ناوی "ئۆپۆزسیۆنی سوریا" دەناساند، هیچ کەسێکى تر لە رۆژئاوا ئەو دروشمەى نەوتەوە.

"ستراتیژیای هێڵی سێیەم" لە رۆژئاوا بەجێ زانرا و ئەوەی ئەو گروپانەى بۆ خۆی نەکردە بنەما، ئیتر دواى ئەوە "هێڵی سێیەم" بە دەنگێکى بەرز دەهێنرایە زمان و دەبیسترا.

ئەسەد هەندێک هەنگاوی هەڵگرت، بەڵام....

ئەسەد راپەڕینەکانى وەک "دەستێوەردانى هێزەکانى دەرەوە" لێکدەدایە و بۆ ئەوەى رێ لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان بگرێت ماوەى سەربازیی ناچاریی کەم کردەوە، مووچەى زیادکرد، هەندێک لە زیندانییە سیاسییەکانى ئازاد کرد و ناچاریش بوو کە مافی هاووڵاتیبوون بەو کوردانەى سوریا بدات، کە تاوەکو ئەو کاتە ناسنامەیان پێنەدرابوو.

لەلایەکى ترەوە توندوتیژی بەردەوامیى هەبوو. حەمزە خەتیبی تەمەن ١٣ ساڵ، کە لە مانگی نیسان دا لە چالاکییەکەدا دەستگیرکرابوو ماوەى مانگێک ئەشکەنجە کرا و تەرمە پارچە کراو و سوتێنراوەکەى کە شوێنەواری ٣ گولـلەى پێوە بوو لە ٢٥ی ئایاردا رادەستى بنەماڵەکەى کرایەوە.

دواى ئەوە وێنەکانى خەتیب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرانەوە، توڕەیى خەڵک زیاتر بوون و خەتیب بوو بە یەکێک لە سیمبولەکانى راپەڕینەکە.

بۆ یەکەمجار گروپە چەکدارەکان لە ئانتالیای تورکیا کۆبوونەوە

لە مانگی حوزەیراندا و بۆ یەکەمجار باڵی چەکداری راپەڕینەکان و ئەو تێکۆشانە کۆبوونەوەیەکیان رێکخست. ٣٠٠ کەس لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ٢ی حوزەیران دا لە ئانتالیای تورکیا کۆبوونەوە و "کۆنفرانسی گۆڕانکاری لە سوریا"یان رێکخست. لە ئەنجامی ئەو کۆنفرانسەدا کۆمیتەیەکى ٣١ کەسی دروستکرا.

عەشیرەتە عەرەبەکان، ئیخوان موسلمین، هەندێک کورد، هەندێک عەرەبی عەلەوی، تورکمەن، دورزی، مەسیحی، سوریانی، رۆشنبیر، رێکخراوەکانى کۆمەڵی شارستانی، ریشسپییان، سەرکردەکانى جاڕنامەى شام، سوریاییەکانى ئەوروپا، سوریاییەکانى ئەمریکا، سوریاییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، سوریاییەکانى تورکیا بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.

لە مانگی حوزەیراندا سوپای سوریای ئازاد (ASA) بە سەرۆکایەتیى ریاز ئەسعەد راگەیەندرا. باڵی سیاسیی ئەو گروپە لە ١١ی تشرینی یەکەم دا بە ناوی ئەنجوومەنى نیشتمانیی سوریا (KNS) دامەزرا.

ژوورەکانى ئۆپراسیۆنی باکوور و باشوور

دواى ئەوەى شەڕی سوریا بۆ رووخانی رژێم دەستیپێکرد، بە پێشەنگایەتیى ئەمریکا لە باکوور و باشووری سوریا ژووری ئۆپراسیۆنى سەربازیی هاوبەش (لە ئوردون (MOK)  و لە تورکیا (MOM)) دامەزران.

گەورەترین پشتیوانانی ئەو ژوورانە (MOK  و  MOM)، ئەمریکا، تورکیا، سعودیە، ئوردون، قەتەر، ئیمارات و وڵاتانی ئەوروپی بوون.

هاوکات لەگەڵ پشتیوانیی چەک بۆ ئەو ژوورانە پشتیوانیی سیاسی، دیپلۆماتیک، پروپاگەندە و ئابووری پێشکەشی ئەو گروپانە دەکرا، چاوەڕێی ئەوە بوون لە باکوور و باشوورەوە بەرەو شام بڕۆن و رژێم بڕوخێنن.

جیهادییەکان کەوتنە سوریا

لە ساڵی ٢٠١٢دا ئەیمەن زواهیری سەرۆک قاعیدە ڤیدیۆیەکى بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە "موسڵمانان" کرد، کە بەشداریی "جیهاد" لە سوریادا بکەن.

لەو رێگەیەوە هێرشە تیرۆریستییەکان لە سوریا دەستیپیکرد. لە کانوونی دووەمی ٢٠١٢دا چەتەکانى بەرەی نووسرە، کە باڵی قاعیدە لە سوریا بوون، خۆیان راگەیاند.

دواى ئەوەى چەتەکانى نوسرە لە سوریا بەهێز بوون، بوونە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و دەستیانکرد بە کۆمەڵکوژکردنی کوردان، دورزییەکان، ئەو کەسانەى موسڵمان نەبوون و عەلەوییەکان (دەبێت مرۆڤ هاوکات پاکتاوکردنی هێزە شۆڕشگێڕەکان، سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان لە ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریدا بەو کارانە زیاد بکات).

نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕی سوریای بە شەڕی ناوخۆ ناساند

ئۆپۆزسیۆنی سوریا، کە تاوەکو ئەو رۆژە گروپەکانى سەر بە قاعیدەیان بە ناوی "برا جیهادییەکانمان" بانگ دەکرد رێگایان بۆ خۆشکردن بڕۆن بۆ سوریا و بەوەش خۆیان تووشی گەورەترین هەڵە کرد، ئەو هەڵەیە کە درەنگ و دواتر لێی تێگەیشتن.

لە ١٢ی نیسانی ٢٠١٢دا و دواى ئەوەى "دانوستانەکانى ئاشتی" لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەری نەگرت، لە ١٣ی حوزەیراندا نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕی سوریای بە "شەڕی ناوخۆ" ناساند.

بۆ ڕۆژئاوا کاتی شۆڕش بوو

لە ١٩ی حوزەیراندا گەلی کورد و گەلانی تر لە ڕۆژئاوا دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیان بەسەر عەزاز، منبج و جەرابلوسدا گرت، بە پێشەنگایەتیی بزوتنەوەی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا (تەڤدەم) لە کۆبانێ ئاڵای شۆڕشیان بەرزکردەوە. دواتر لە دێرک، عاموودێ و شارەکانی تری ڕۆژئاوا ئاڵای شۆڕش بەرزکرایەوە.

لە شەڕی ناوخۆی سوریادا هەندێک کاتی چارەنووسساز

هەندێک کاتی چارەنووسسازی شەڕی ناوخۆی سوریا بەم شێوەیەیە:

تشرینی دووەمی ٢٠١١: پلانی ئاشتی کە لە لایەن کۆمکاری عەرەبیەوە ئامادەکرا، لە ٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠١٢دا هەڵوەشایەوە.

١٢ی نیسانی ٢٠١٢: نوێنەری تایبەتی نەتەوەی یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی کۆفی ئەنان بۆ ڕاگرتنی شەڕ پلانێکی ئامادە کرد و لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا ئاگربەست ڕاگەیەنرا. ئاگربەستەکە ١ی ئازار هەڵوەشێنرایەوە. کۆفی ئەنان لە ٢ی ئابی ٢٠١٢ دەستی لەکار کێشایەوە.

٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٢: بۆ ڕێککەوتن لایەنەکانی سوریا لە جنێڤ دەستیان بە چاوپێکەوتن کرد، بەڵام کورد بۆ کۆبوونەوەکان بانگهێشت نەکرا.

٢١ی ئابی ٢٠١٣: بانگەشەی ئەوەکرا لە غوتەی ڕۆژهەڵات چەکی کیمیایی بەکارهێنراوە. لەبارەی ڕووداوەکەوە لایەنەکان یەکتریان تۆمەتبار کرد. پسپۆڕە نێودەوڵەتیەکان لێکۆلینەوەیان دەستپێکرد و ڕاپۆرتێکی ناتەواو و ناکۆکیان بڵاوکردەوە.

حوزەیرانی ٢٠١٣: ئەیمەن ئەلزەواهیری سەرۆکی ئەلقاعیدە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە داعش لە عێراق و ئەلنوسرە لە سوریا دەست بە جووڵە بکەن. بەڵام ئەبوبەکر بەغدادی ئەوەی ڕەتکردەوە و دژایەتیی خۆی بۆ ئەلزەواهیری پیشاندا.

٢٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٤: دانوستانی جنێڤ دەستیپێکردەوە، بەڵام کورد بانگهێشتنەکرا و هیچ ئەنجامێکی بەدەستنەهێنا.

٢٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٤: لە کانتۆنی جزیری ڕۆژئاوا، سیستمی خۆسەری ڕاگەیەنرا.

کانونی دووەمی ٢٠١٤: هێزەکانی ئێران و حزبوڵلای لوبنان بۆ ئەوەی پشتگیری لە حکومەتی سوریا بکەن، چوونە سوریا.

کانونی دووەمی ٢٠١٤: دوای شەڕی نێوان ئەلنوسرە و داعش، ڕەقا کەوتە دەستی داعش.

٢١ی ئایاری ٢٠١٤: داعش شاری مێژووی پالمیرای سوریای داگیرکرد.

١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤: داعش کە ٤٠%ی خاکی عێراق و ٣٥%ی خاکی سوریای داگیرکردبوو، هێرشی کردە سەر کۆبانێ.

تشرینی یەکەمی ٢٠١٤: هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە دژی داعش دەستی بە هێرشی ئاسمانی کرد.

٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠١٥: شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دوای بەرخۆدانی مێژوویی ١٣٤ ڕۆژە لە کۆبانێ داعشیان تێکشکاند و ئەوەش بوو بە سەرەتای لەناوچوونی داعش.

کانونی دووەمی ٢٠١٥: بەشێکی زۆری دێرەزۆر کەوتە دەستی چەتەکانی داعش.

١٨ی ئازاری ٢٠١٥: گروپی چەکدار بە ناوی فەتح ئەلشام بە پێشەنگایەتی ئەلنوسرە کۆبوونەوە و ئیدلبیان داگیرکرد.

٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٥: ڕووسیا راستەوخۆ دەستوەردانی لە شەڕی ناوخۆی سوریادا کرد.

تشرینی یەکەمی ٢٠١٥: لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا دەست بە هەوڵی دیپلۆماسی کرا.

١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥:   ١٣هێزی شۆڕشگێڕ لە گەلانی سوریا لەژێر چەتری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دا کۆبوونەوە.

تشرینی دووەمی ٢٠١٥: فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسیا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە خرایە خوارەوە.

١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥: ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە ٢٢٤٥ی پەسەند کرد.

٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦: لوتکەی سێیەمی جنێڤ ئەنجامدرا. بانگهێشتی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)یان کرد و بۆ ئەوەى بەشداریی لە چاوپێکەوتنەکاندا بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی تورکیا دژایەتی کرد، بانگهێشتنامە بە ناوی کەسایەتیەکان نێردرا و مەسەدەش بەشداری چاوپێکەوتنەکە نەبوو.

١٢ی شوباتی ٢٠١٦: وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ڕووسیا بۆ پرسی ئاگربەست لە شاری میونخی ئەڵمانیا کۆبوونەوە.

٢٤ی ئابی ٢٠١٦: سوپای تورک و گروپەکانی بە ناوی سوپای ئازاد، جەرابلوس و عەزازیان لە داعش وەرگرتەوە. داعش بەشداری چەتەکانی دەوڵەتی تورک بوو.

٢٣-٢٤ی کانونی دووەمی ٢٠١٧: لە نێوان ڕووسیا، تورکیا و ئیراندا کۆبوونەوەی ئاستانا ئەنجامدرا.

٤ی نیسانی ٢٠١٧: دوای غوتەی ڕۆژهەلات ئەمجارە لە شاروچکەی خانشێخوون چەکی کیمیایی بەکارهێنرا.

٤ی ئایاری ٢٠١٧: لە کۆبوونەوەی ئاستانای نێوان ئێران، تورکیا و ڕووسیادا لە ٤ هەرێم هەوڵی کەمکردنەوەی شەڕدرا.

١٠ی ئایاری ٢٠١٧: بەنداوی تەبقا لە داعش پاککرایەوە.

١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧: رەقا و بە دەیان شار و شاروچکە و گوند لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ٥ قۆناغیدا لە داعش پاککرانەوە.

١٨ی کانونی شووەمی ٢٠١٨: دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی عەفرین دەستی بە هێرش کرد. لەنێوان ڕووسیا و دەوڵەتی تورک لەبەرانبەر عەفرین پەیمانی غوتەی ڕۆژهەڵات ئیمزاکرابوو.

٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨: لە سووچی بڕیاردرا کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی دروست بکرێت.

١٤ی ئازاری – ٢٤ی نیسانی ٢٠١٨: لە ‌غووتەی ڕۆژهەڵات ڕاگواستن ئەنجامدرا و هەرێمەکە کەوتە دەستی ڕژێمی سوریا.

تەموزی ٢٠١٨: شاری دەرعا و قونەیترە لە ئەنجامی چاوپێکەوتنێکی نێوان گروپە چەکدارەکان و حکومەتی سوریا رادەستی هێزەکانی سوریا کرا.

١٧ی ئەیلولی ٢٠١٨: لەنێوان تورکیا و ڕووسیا لە سووچی رێکەوتنێک بۆ لەناوبردنی گرۆپە چەتەکانی ئیدلب ئیمزاکرا.

٢١ی ئازاری ٢٠١٩: هێزەکانی سوریا دیموکراتیک (قەسەدە) کۆتاییان بە خەلافەت و دەوڵەتی داعش هێنا. ئەوەش لە شاری باغۆزی دێرەزۆر ئەنجامدرا.

ئابی ٢٠١٩: هیزەکانی سوریا بە پشتگیریی ڕووسیا شاری خانشێخوونیان لە چەتەکانی تورکیا پاککردەوە.

٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩: دوای ئەوەی ئەمریکا کشایەوە، دەوڵەتی تورک دەستی بە هێرشی داگیرکەری بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپی کرد.

٢٧ی تشرینی ٢٠١٩: سەرۆک چەتەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی قەسەدە و ئەمریکادا لە ئیدلب لە سەر سنوری تورکیا کوژرا.

کانونی یەکەمی ٢٠١٩: هێزەکانی سوریا بە پشتگیریی ئێران و ڕووسیا لە ئیدلب دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد.

٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠: هێزەکانی سوریا بە پشتگیریی ئێران و ڕووسیا  شاری مەرعات ئەلنوومانی ئیدلبیان لە چەتەکانی دەوڵەتی تورک  پاککردەوە.

٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠: سوپای تورک سەربازی بۆ ئیدلب نارد، بەڵام بووە ئامانجی هێرشی ئاسمانیی ڕووسیا و سوریا. لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠ سەربازی تورک کوژران.

٥ی ئازاری ٢٠٢٠: ئەردۆغان چووە مۆسکۆ و داوای ئاگربەستی لە پوتین کرد، لە ئەنجامی ئاگربەستەکەدا بڕیارە دەوریەکانی ڕوس و تورک لە سەر رێگای ئێم ٤ بگەڕێن.

ژ.ت / ف.ق