٢٢ سەربازی ئەمریکی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا برینداربوون

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا برینداربوونی ٢٢ سەربازی ووڵاتەکەی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) راگەیاند.

ئەمرۆ سێ-شەممە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: "رۆژی یەکشەممە ٢٢ سەربازیان لە رووداوی کەوتنی هێلیکۆپتەرێکیاندا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا برینداربوون، و ڕووداوەکە لە ئەنجامی تەقەی دوژمنەوە نەبووە".

لە راگەیێندراوەکە فەرماندەیی ناوەندیی هیزەکانی ئەمریکادا هاتووە: "رووداوێکی نەخوازراوی هێلیکۆپتەر لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریا بووە هۆی برینداربوونی ٢٢ سەرباز بە برینی جیاجیا".

 هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی هیزەکانی ئەمریکادا ئاشکراشی کرد کە: "سەربازەکان چارەسەر وەردەگرن و ١٠ سەربازیان گواستراونەتەوە بۆ چاودێریی تەندروستیی باڵاتر لە دەرەوەی ناوچەی فەرماندەییەکە. وە هۆکاری رووداوەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام هیچ تەقەیەکی دوژمن تۆمارنەکراوە".

 جێگای باسە ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ٩٠٠ سەربازی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) جێگیرکردوون، وە لە مانگی مارسی ئەمساڵدا، ئەمریکا چەند هێرشێکی ئاسمانی دژی گروپە چەکدارەکانی نزیک ئێران لە سووریا ئەنجامدا، دوای ئەوەی کە بەڵێندەرێکی ئەمریکا لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر بنکەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیک شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کوژرا.

هـ . ب