٥ سەربازی حکومەتی شام کوژران

لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی "انصار التوحید"ی جیهادی لە بەرەی باشوری ئەدلیب، ٥ سەربازی حکومەتی شام کوژران و زیاتر لە ٢٠ سەرباز بریندار بوون.

بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە بەرەی باشوری ئەدلیب، چەتەکانی "انصار التوحید"ی جیهادی هێرشیان کردۆتە سەر ناوەندی هێزەکانی حکومەتی شام و چەکدارە لایەنگرەکانی.

بەگوێرەی ڕوانگەکە، چەتەکان تونێلێکی هێزەکانی حکومەتی شامیان تەقاندۆتەوە و هێرشیان کردووە. لە ئەنجامدا، شەڕێکی سەخت ڕوویداوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ٥ سەربازی حکومەتی شام کوژراون و زیاتر لە ٢٠ سەرباز بریندار بوون.

ڕوانگەکە دەستنیشانی کردووە، بەگوێرەی ڕەوشی خراپی بریندارەکان، چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان بەرزبێتەوە.