بۆ ٣ شەهید مەراسیمێک رێکخرا

ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی کانتۆنی عەفرین ، لە مەراسیمێکدا یادی ٣ شەڕڤانی شەهیدی کردەوە.

ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی کانتۆنی عەفرین، لە مەراسیمێکدا یادی شەهیدان، سۆسن محەمەد (سۆسن بیرهاد)، سیهام شێخ قەنبەر (رۆژدا جودی) و مستەفا ئەحەمد ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخی لە ناوچەی ئەحداسی کانتۆنی شەهبا کردەوە.

بە سەدان کۆچبەری عەفرین و دانیشتوانی کانتۆنی شەهبا بەشداریان لە مەراسیمەکەدا کرد. لە مەراسیمەکەدا ئاڤدار عەلۆ ئەندامی تەڤدەم لە کانتۆنەکە پەیامی سەرەخۆشی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)ی خوێندەوە.

قەسەدە لە پەیامەکەیدا وتی، " ئێمە پشتراستی دەکەینەوە کە لەسەر رێچکەی شەهیدان دەبین بۆ ئەوەی گەل ئازاد ببێت. بەڵێن دەدەین ئامانجی شەهیدان کە کۆمەڵگایەکی ئازادە جێبەجێ بکەین.

شەهید سۆسن لە منداڵیەوە تەڤگەری ئازادی کوردستان خۆشدەویست. لە باوەشی خانەوادەیەکی وڵاتپارێزدا لە ساڵی ١٩٩٦ دەستی بە کارەکەی کرد. دواتر ئەرکی سەربازی و سیاسی گرتە ئەستۆ. هزری خۆی لە بواری ئازادی ژیاندا قوڵتر کردەوە و بووبە پێشەنگ. بۆیەش پێداگیری دەکرد کە بەشداری لە هەموو چالاکی و ئۆپەڕاسیۆنەکاندا بکات و وەک فەرماندە لە کۆتاییدا ئەرکی خۆی جێبەجێ کرد.

دواتر گوێ لە تۆماری دەنگی رۆژدا خودی گیرا. هەروەها سورەیا حەبەش ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی کانتۆنی عەفرین قسەی کرد و داوای لە گەل کرد کە تێکۆشان لە بەرانبەر سیاسەتی دوژمن گەورەتر بکەن و هەڵنەخەڵەتێن، لەبەرئەوەی دەیانەوێت ئیرادەی خەڵکی بشکێنن.

ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) قسەی کرد و وتی، "مێژووی بەرخۆدانی گەلی کورد لەدژی هێرشکاران کاریگەریەکی گەورەی لەسەر دۆخەکە دروست کردووە. بە درێژایی مێژوو گەلی کورد لەدژی داگیرکەران بەرخۆدان دەکات و خۆی رادەست نەکردووە. ئەمڕۆش لەسەر رێچکەی باو و باوپیرمان تێدەکۆشین."

لە کۆتاییدا بەشداربووان پشتگیری خۆیان بۆ بەرخۆدانی شەهیدان پیشاندا.

ف.ق