"بە بەرخۆدانی کۆبانێ داعش و دەوڵەتی تورک شکستیان هێنا"

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی فورات، دووپاتی دەکاتەوە، چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورک بە بەرخۆدانی کۆبانێ شکستیان هێنا.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی فورات، بەبۆنەی تێپەڕینی ٩ ساڵ بەسەر هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر کۆبانێ بە پشتگیری دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هاوسەرۆکی کاروباری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی فورات، خالید جەرادی لە گۆڕەپانی ژینی ئازادی کۆبانێ ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "١٥ی ئەیلول ٩ هەمین ساڵیادی هێرشی هێزە تاریکەکانی داعشە بۆ سەر کۆبانێ و دەوروبەری. چەتەکانی داعش لە هەموو جیهانەوە هەزاران چەتەیان کۆکردەوە، بە فیکرێکی توندڕەو و بە چەکی قورس و تانک هێرشیان کردە سەر کۆبانێ. دوای کۆنترۆڵکردنی زۆرێک لە هەرێمەکانی سوریا و عێراق.

دوای ئەوەی چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر کۆبانێ و زۆرێک لە گوندەکانی ئەو کانتۆنەیان داگیرکرد و گەیشتنە بەر دەروازەی شارەکە و بەشێکی گەورەیان داگیرکرد، هەندێک لایەن و دەوڵەتی وەک دەوڵەتی لەسەر زاری سەرۆکەکەی ئەردۆگان تورک باسیان لە کەوتنی کۆبانێ دەکرد. بەڵام بەرخۆدانی یەپەژە و یەپەگە دوای ١٣٤ ڕۆژ لە بەرخۆدانی ئەفسانەیی و هاوکاری هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە چەکی سووکی دەستیان چەتەکانیان تێکشکاند. ئەم شکستە، بووە دەسپێکی ئازادکردنی هەموو هەرێمە داگیرکراوەکان لەژێر دەستی چەتەکان، تەنانەت دوا خاڵەکانیان لە باغۆز ئازاد کرا.

لە دەسپێکی شۆڕشی ١٩ ی تەمموزەوە، کە یەکەم پریشکی لە کۆبانێ بوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەموو شێوەیەک هەوڵی شکستپێهێنانی ئەم شۆڕشەی دا، ئەم شۆڕشە بوو بە گرێی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. بەڵام نەتوانرا شکستی پێبهێنرێت. بەرخۆدانی کۆبانێ سەرکەوتنێک بوو بۆ خەڵکی هەرێمەکە و شکستی دەوڵەتی تورک و فیکرە توندڕەوەکەی.

شکستی چەتەکانی داعش بە کەڵکی دەوڵەتی تورک نەهات. بۆیە وەک پلانێکی ئەڵتەرناتیڤ زۆر هەرێمی سوریای داگیرکرد. لەوەدا، چەتەکانی سوریا وەک ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا بەکارهێنران. دەوڵەتی تورک لە دوای شکستی داعش و شکستی تورکیا،  تەحەمولی سەرکەوتنی هاوڵاتیانی هەرێمەکە و فراوانبوونی ئیدارە و لەئامێزگرتنی سەرجەم پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای نەگرت. بۆیە جەرابلوس و باب و ئەعزازی داگیرکرد، پاشان هەندێک هەرێمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داگیرکرد بە ئامانجی لاوازکردنی. دوای بەرخۆدانێکی قارەمانانەی دانیشتوانی هەرێمەکە، کانتۆنی عەفرینی داگیرکرد و پاشان بەرەو داگیرکردنی سەرێکانی و گرێ‌سپی ڕۆیشت.

بانگەواز لە هێزە نێونەتەوەییەکان دەکەین، پشتگیری قەسەدە بکەن، ئەرکی خۆیان بۆ لەناوبردنی چەتەکانی داعش و هێزە توندڕەوەکان بەجێ بگەیەنن کە دەیانەوێت ئەزموونی دیموکراتیکی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێکبدەن".