'بە هێز و ئیرادەی گەلی ئاشتیخواز رێبەر ئاپۆ ئازاد دەکرێت'
محەمەد ئەمین نەعیمی هاوسەرۆکی دەستپێشخەری پارێزەرانی سوریا بۆ داکۆکی لە رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، جەختی لەوەکردەوە، رێبەر ئاپۆ بە هێز و ئیرادەی گەلی ئاشتیخواز ئازاد دەکرێت.
محەمەد ئەمین نەعیمی هاوسەرۆکی دەستپێشخەری پارێزەرانی سوریا بۆ داکۆکی لە رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، جەختی لەوەکردەوە، رێبەر ئاپۆ بە هێز و ئیرادەی گەلی ئاشتیخواز ئازاد دەکرێت.
رێبەر ئاپۆ کە ٢٦ ساڵە لە ئەشکەنجەخانەی ئیمراڵیدا لە گۆشەگیرییەکی نامرۆڤانەدا زیندانی کراوە، دوای ٤٣ مانگ لەگەڵ بنەماڵەکەی دیداری ئەنجامدا. رێبەر ئاپۆ کە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا دیداری لەگەڵ برازاکەی عومەر ئۆجالان ئەنجامدا، باسی لەوەکرد کە گۆشەگیری هێشتاش بەردەوامە و سەبارەت بە مشتومڕەکان لە سەر پرسی کورد وتی، "ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێندرێت، هێزی تیۆری و پراتیکم هەیە تا پرۆسەکە لە زەمینە و بواری شەڕەوە بگوازمەوە بۆ بواری یاسایی و سیاسی". دەوڵەتی تورک دوای ئەو دیدارە، راستەوخۆ سزای دیسپلینی بۆ رێبەر ئاپۆ بڕییەوە.
سەبارەت بەو بابەتە محەمەد ئەمین نەعیمی هاوسەرۆکی دەستپێسخری پاڕێزەرانی سوریا بۆ داکۆکی لە رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
'هەڵمەتی نێونەتەوەیی لە جیهاندا دەنگیدایەوە'
محەمەد ئەمین نەعمی وتی، "ماوەیەکی زۆر بوو هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەی رێبەر ئاپۆ بەردەست نەبوو. ٢٣ی تشرینی یەکەم لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دیدارێکی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجامدا. لە پەیامەکەیدا رایگەیاندبوو، کە گۆشەگیری لەسەر ئەو بەردەوامە. دوای دیدارەکە راستەوخۆ سزای دیسپلینی نوێ لە دژی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بڕابووەوە. یاساکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی مافەکانی مرڤن. هەڵمەتی 'ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' لە جیهاندا دەنگی دایەوە. کاتێک دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بینی کە هێدی هێدی ئەویش دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەڵمەتەکە، ویستی خاو و سستی بکاتەوە. بەڵام ئەو خواستەی نەهاتەدی".
' بەرامبەر مافەکانی رێبەر ئاپۆ چاوی خۆیان نوقاند'
محەمەد ئەمین نەعیمی بەبیری هێنایەوە دەوڵەتی تورکی داگیرەر مامەڵەیەکی نامرۆڤانە و دوور لە هەموو بنەما یاساییەکان پەیڕەو دەکات و ئەوەی خستەڕوو، لە هیچ یاسا و دەستورێکدا نییە کە زیندانیەک ٢٦ ساڵ لە زینداندا بمێنێتەوە و وتی: " ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەو رێبازە چەپەڵانە ئەوەیە کە مافی هیوای بپچڕێنێت. هەموو شتێک بە بەرچاوی جیهانەوە روودەدات و هەمووان دەزانن کە دەوڵەتی تورک لە دژی یاسا و رێساکانی مافناسی کار دەکات. بەپێی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان رێبەر ئاپۆ مافی هەیە، بەڵام هەمووان چاویان بەسەر زەوتکردنی مافەکانیدا نوقاندووە و بێدەنگ بوون. لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بە هێز و ئیرادەی گەلی ئاشتیخواز ئازاد دەبێت".