بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دیمەشق پیرۆز کرا

لە شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا ئاگری نەورۆز کرایەوە و جەژنی نەورۆز پیرۆزکرا و گەل گۆڤەند و شاییان گیڕا.

لە شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دیمەشق مەشخەڵی نەورۆز داگیرسێنرا و بەشداربووان بە جلی فۆلکلۆری خۆیان بە دەوری ئاگری نەورۆزدا گۆڤەند و هەڵپەڕکێیان گێڕا.

دەروازەی سێماڵکا

لە ئاهەنگی نەورۆزی دەروازەی سنووریی سێماڵکا دا خەبات حسێن هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی جزیر، ڕەمزیە محەمەد وتەبێژی کۆنگرەی ستار، کارمەندانی دەروازەی سێماڵکا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، گومرگی دێریک، جەنەراڵ برایس ئەندریوس و جاک ئەبرامس و شەڕڤانانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بەشدار بوون.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد و پاشان وتاری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی نەورۆزەوە پێشکەشکرا.

ڕەمزییە محەمەد وتەبێژی کۆنگرەی ستار، پیرۆزبایی نەورۆزی لە هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و وتی، ئەمساڵ دەبێتە ساڵی سەرکەوتن و ساڵی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی جزیر خەبات حسێن و ڕەمزیە محەمەد و ژەنەراڵ برایس ئەندریوس مەشخەڵ و ئاگری نەورۆزیان بە دەم دروشمی داوای ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان داگیرساند.

ئاهەنگەکە بە گۆڤەندو شایی و گۆرانیی شۆڕشگێڕیی کۆتایی پێهات.

هەروەها لە شارەکانی دربێسی، کۆبانێ، تربەسپی، شەهبا، تلتەمر و عەین عیسا ئاگری نەورۆز کرایەوە. هاووڵاتییان، پێکهاتەکان،  چالاکوانان، بەرپرسانی حیزبی، حکومی و شەڕڤانان و هێزەکانی قەسەدە بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا کرد و گۆڤەند و شایی گێڕدرا و جەخت لە بەرخودان و بەرەنگاری تا سەرکەوتن و رزگارکردنی هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان کرایەوە.

 دیمەشق

لە گەڕەکی زۆراوای شاری دیمەشقی پایتەختی سوریاش سەدان هاووڵاتی کۆبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان کردەوە و بە دەم گۆرانیی شۆڕشگێڕی و فۆلکلۆریی کوردییەوە بە دەوری ئاگری نەورۆزدا گۆڤەند و شاییان گێڕا.

ژ.ت