بە مەراسیمێکی جەماوەری تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی قەسەدە بەشار حەواس ئەلفادل بەخاک سپێردرا

تەرمی شەهید بەشار حەواس ئەلفادل، شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلایەن ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی تل حەمیسەوە لە گۆڕستانی شەهیدان بەخاک سپێردرا.

لە میانی مەراسیمەکەدا وێنەکانی شەهید بەشار کە لە ٢٤ی تەمموزدا شەهید بوو، لەگەڵ وێنەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان بەرزکرانەوە.

بەسەدان کەس لە دانیشتووانی شاری تل حەمیسی کانتۆنی جزیرە، سەردانی پرسەی شەهید بەشار، شەڕڤانی هێزەکانی قەسەدەیان کرد کە لە ٢٤ی تەمموزدا لە کاتی ئەرکدا شەهید بوو. مەراسیمەکە لەلایەن ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی تل حەمیس لە گۆڕستانی شەهیدانی ئەو شارەوە بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا یەکێک لە فەرماندەکانی هێزەکانی قەسەدە، مەحیەدین دێریک قسەی کرد و بەڵێنی بە کەسوکاری شەهیدان و بەشداربووانی مەراسیمەکە دا کە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەپارێزن.

هەروەها موتەز ئەل ئەنتەر، ئەندامی ڕێکخراوی دینی تل حەمیس، باسی لە پیرۆزی فەدایی بوون لەپێناو پاراستنی وڵات کرد.

پاشان ناسنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و تەرمی شەهید بە دروشمی "شەهید نامرن" و "بەگیان بە خوێن لەگەڵتین ئەی شەهید" بەخاک سپێردرا.