بە پێنوس و دەنگییەوە خزمەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات

شیرین محمەدی تەمەن ٢٣ ساڵ بە خەباتی ڕۆژنامەوانی و بەهرەی هونەرییەکانیەوە حەقیقەتی کۆمەڵگە دەردەخات و خزمەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات.

شیرین محمەد

شیرین محمەد پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ژنی (نوژنها)یە. ڕۆژنامەوان و هونەرمەندێکە کە جوانی، ئازار و حەقیقەتی جوگرافیاکەی خۆی لە دڵەوە دەردەبڕێت. هەم دەنگبێژییەکەی و هەم بە پێنوسەکەی دەستییەوە هەستەکانی کۆمەڵگەی خۆی دەردەبڕێت. بە پیشاندانی ڕاستیەکان کۆمەڵگە هۆشیاردەکاتەوە.

ڕۆژنامەوان و هونەرمەند شیرین محمەد باسی کاری ڕۆژنامەوانی و هونەری خۆی بۆ ئاژانسمان کرد.

شیرین باسی لایەنی هونەری بنەماڵەکەی خۆیکرد و وتی: "بنەماڵەکەم بە ئامێری مۆسیقا و مۆسیاقەوە سەرقاڵبوون. خۆشەویستییان بۆ هونەر هەبوو. بۆیە منیش هەر لەمنداڵییەوە حەزێکی زۆرم بۆ هونەر هەبوو، هەر لەسەرەتاوە حەزییان بە دەنگم هەبوو. لە منداڵیدا هەندێ هەوڵدانی هونەری بچووکم هەبوو، بەڵام بەبێ مۆسیقا بوو. بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە  بڕیارمدا کاری مۆسیقا بکەم. هەرچەندە هەنگاوێکی بچووک بوو، بەڵام هەستێکی خۆشی پێبەخشیم و بوو بەسەرەتای تێکەڵبوونم بە کاری مۆسیقا."

بە هونەرەکەیەوە لە دژی قڕکردنی چاندی تێدەکۆشێت

شیرین سەرەنجی خستەسەر گرنگی هونەر و وتی: "میوزیک بۆ پاراستنی چاندی گەلان و گواستنەوەی بۆ نەوەی داهاتوو ئامرازێکی گرنگە و ڕۆڵی هەیە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا. کۆمەڵگە لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانێت خۆی بنوێنێتەوە. هەروەها مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی میوزیکەوە هەستەکانی خۆی دەربڕێت. بۆیە هونەر ئامرازێکە بۆ پاراستنی چاندی گەلان و پاراستنێتی لە قڕکردن."

لە ساڵی ٢٠١٩دا بەشداری کاری ڕۆژنامەوانی بوو

دوای ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ساڵی ٢٠١٩دا سەریکانی داگیردەکات، شیرین محمەد بڕیاردەدات بەشداری خەباتی ڕۆژنامەوانی ببێت و وتی: "لەگەڵ زیاتر شارەزابوونم لە کاری ڕۆژنامەوانیدا، حەزی زیاتر بۆ کارەکە دروست دەبوو. هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە کە ڕۆژێک ببم بە ڕۆژنامەنووس. دوای ئەوەی هاتمە ناوکارەکەوە لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک، کارەکانم لە بواری ڕۆژنامەوانیدا پەرەپێدا. بۆیە دەڵیم لەسایەیی شۆڕشی ڕۆژئاواوە گەشتووم بەم ئاستە. من منداڵی شۆڕشی ڕۆژئاوام. لەو شۆڕشەدا گەلی کورد بە قۆناغێکی زۆر زەحمەتدا تێپەڕبوو. بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو ئەم زەحمەتییانەی کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە شارەزابێت، ئەوا لە ڕێگەی هونەرەکەم و خەباتی ڕۆژنامەوانیمەوە لە هەوڵداندام. بەم شێوەیە بە هونەر و کاری ڕۆژنامەوانییەوە دەتوانین دەنگی گەلەکەمان بگەیەنین بە جیهان."

بوون بە دەنگی کۆمەڵگە وەک ئەرکی خۆمان دەبینین

شیرین محمەد باسی لەوەکرد ئامانجێتی بە هونەر و قەڵەمەکەی خزمەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا بکات و وتی: "پێویستە ببینە دەنگی گەلانی باکوور و ڕۆژئاوای سوریا. بە دەنگ و هونەرەکەمانەوە دەنگی گەلەکەمان بگەینین بە جیهان. وەک ڕۆژنامەوانێک تێکۆشان دەکەم بۆ ئەوەی ببم بە دەنگی ژنانی هەموو گەلانی سوریا. وەک ژنێک جێگەی شانازییمە کە چیرۆک و ئازارەکانی ژنان دەردبڕمەوە و دەبم بە دەنگیان. لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاواوە بووین بە هونەرمەند، ڕۆژنامەوان، نوسەر و ڕۆشنبیر. شۆڕشی ڕۆژئاواش لە سایەیی شەهیدانەوە گەیشت بەم ئاستە و خۆی بەڕیوەدەبات."

چیرۆکی ژنان پێویستە بە پێنوسی ژنان بنوسرێتەوە

شیرین محمەد لە کۆتایدا بانگەوازی لە ژنان کرد و وتی: "ژنان کە دڵییان بۆ ئازادی لێدەدات، پێویستە خۆیان لە هونەر دوورنەخەنەوە. بە هونەر، ئابووری، سیاسەت، نوسینەوە جێدەستیان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا هەبێت. بۆیە لەم ڕووەوە پێویستە ژنان مێژووی خۆیان بەدەستی خۆیان بنوسنەوە."