بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوان بەڕێوەبرا

ئەندامانی کۆمیتەی ژنانی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە هەرێمی فورات لەژێر درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی سەپێنراوی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داواکردنی ئازادیی جەستەیی.

چالاکییەکە لەبەردەم بارەگای مەجلیسەکە لە شارۆچکەی جەلبیە دەستیپێکرد، بەشداربووان وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردەوە، لەگەڵ دووبارەکردنەوەی درووشمی «بێ سەرۆک ژیان نابێ» و «بڕوخێن فاشیستەکان».

پاش کۆبوونەوەیان لەبەردەم بارەگای مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەکە، بەشداربووان خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، پاشان ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، لەلایەن ئەندامی کۆمیتەی ژنانی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە هەرێمی فورات، فاتمە عەلادینەوە خوێنرایەوە.

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوە کرد: «دەوڵەتی داگیرکەری تورکی دەیەوێت لەڕێگەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە قڕمان بکات و گۆشەگیری بەسەر گەلانی ناوچەکەدا بسەپێنێت».

ئەندامانی کۆمیتەکە لە ڕاگەیاندراوەکەدا، گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزارکرد و داوایان کرد دەستبەجێ ئەم گۆشەگیرییە هەڵبگیرێت.

هەروەها داوایان کرد، ڕەوشی تەندرووستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا بکرێت کە زیاتر لە دوو ساڵە هیچ هەواڵێکی نەماوە.

چالاکییەکە بە گوتنەوەی درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کۆتایی هات.

ف.ق