بارین کۆبانێ بە گیانی ١٩ی تەمووز لەسەرپێیە

"هەڤاڵێک پێی لەسەر تەلەکە دانا و دوای ئەوە یەک لە دوای یەک مینەکان تەقینەوە، چاوەکانم بۆ نەدەکرانەوە. کاتێک دەستم بۆ چاوم برد دەستم خوسان. ئەو کاتەی هاتمەوە هۆش خۆم، لە نەخۆشخانەبووم. ٤٠ رۆژ تێپەڕیبوو، هەردوو چاوم لەدەستدابوون".

بارین لە کۆبانێ لە کۆمەڵکوژی بەرخبۆتان بەهانای گەلەوەچوو. بارین لە کۆبانێ وەک قەڵای بەرخودان ناوی خۆی لە مێژوودا نوسیەوە، درێژەی بە تێکۆشاندا. ٤٠ رۆژ لەگەڵ مردن ململانێی کرد و هەردوو چاوی لەدەستدا.

بارین کە لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا لەدایکببوو، بەر لە شۆڕش لە سایەی دایکیەوە تێکۆشانی ئازادیی کوردی ناسیبوو. دایکی ئەو شایەتحاڵێکی ئەو تێکۆشانەیە کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٠ ساڵ لە سوریا بەڕێوەی برد و لە لوبنان عەبدوڵا ئۆجالانی ناسی. بارین بە گوێگرتن لە چیرۆکی تێکۆشان گەورە ببوو. ساڵی ٢٠١٤ بەشداری لە شۆڕشی رۆژئاواداکرد. لەو قۆناغەدا بۆ پاککردنەوەی گوندەکانی کۆبانێ  دەوروبەری هەڵمەتەکانی شەهید گەلهات و لە هەرێمی جزیرەش هەڵمەتی شەهید روبار بەڕێوەدەچوون.

وەک هێزی پشتیوانی دەچێتە قەڵای بەرخودان

ئەو کاتەی هەواڵی ئازادبوونی گرێ سپی بڵاوکرایەوە، بارین لە یەکەم شوێنی خەباتی خۆی بوو. بارین بەم جۆرە باسی ئەو قۆناغە دەکات: "یەکەم جاربوو لە ریزەکانی پێشەوە بەشداربم، لەگەڵ ئەو دڵخۆشیەمدا هەواڵێکی خۆشی دیکە هات کە گرێ سپی ئازادکراوە. ئیتر لە نێوان کۆبانێ و هەرێمی جزیرەدا هیچ بەربەست و رێگرییەک نەمابوو. هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە کە لە هەردوو کانتۆنەکەدا هەبوون بەیەک گەیشتن، بە مەراسیمێکی تایبەت پیرۆزبایی ساز دەکرا و بە شێوەی کاروان وەک هێزی پشتیوانی دەچووینە کۆبانێ. دوای ئەوەی کۆبانێ ئازادکرا، هەموو کەس دەیانویست کۆبانێی ئازادکراو بە چاوی خۆیان ببینن. هەمووان و تەنانەت ئێمەش حەزمان دەکرد بزانین ئەو شارە بچووکە چۆن بووەتە شایەتی بەرخودانێکی ئەوەندە گەورە و واتادار. ئێمەش بەشێک لەو بەرخودانە بووین، بەڵام ویستمان بە چاوی خۆمان جارێکیتر بیبینین.

کۆبانێ ئیتر شوێنێکی پیرۆز بوو

کۆبانێ ئیتر شوێنێکی پیرۆز بوو کە بە خوێنی شەهیدان ئاودێری کرابوو. لەو جۆش و خرۆشەدا نەمانزانی کە چۆن گەیشتینە کۆبانێ. گەشتەکەمان بۆ کۆبانێ لە دوای ٥ کاتژمێر کۆتاییهات. یەکەم گەڕەک کە سەردانمان کرد گەڕەکی ٤٨ەکان بوو. گەڕەکێک بوو کە خانووەکانی رووخابوون. بۆنی باروتی لێدەهات و ئەو گەڕەکە بە خوێنی شەهیدان ئاودرابوو. ئەزمونی شەڕم زۆر کەمبوو، هەربۆیە رەوانەی تابورێکی پرۆفیشناڵ کرام بۆ ئەوەی شارەزایی بەدەستبهێنم، گوێم بۆ بەسەرهات و ژیان و ئامۆژگاری هەڤاڵان رادەگرت. کاتێک بەشداری چالاکیم دەکرد، هەوڵ دەدا ئەو شتانەی گوێم لێڕاگرتبوون لە ناو شەڕدا بیانکەم بە کردار. بەردەوامیش سەنگەری پتەومان دروست دەکرد. لەلایەکەوە بە هۆی شەڕ و لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی دروستکردنی سەنگەری قایم، هەموو زۆر ماندوو دەبوون. هەندێک جار بۆ هەفتەیەکیش خەو نەدەچووە چاومانەوە. لە قۆناغێکی بەو جۆرە دژوار و پڕماندوویەتیدا چەتەکان پەلاماریانداین".

لە کۆمەڵکوژیەکەدا بە هانای گەلەوە دەچێت

٢٥ی حوزەیران رۆژێکی گەرمی هاوینبوو. هەوا هێندە گەرم بوو کە نەماندەزانی لە کوێ خۆمان بشارینەوە. لە ناو گەرمایەدا فەرماندەکەمان هات و وتی، 'چەتەکان هاتوونەتە کۆبانێ و کۆمەڵکوژی..' دوای ئەو قسانە گەرماکەمان بیر چووەوە و لەبەر ئەوەی هەڤاڵان وتیان چەتەکان چوونە گوندی بەرخبۆتان، دەستبەجێ ئێمە چووینە ئەو گوندەوە. کاتێک چووینە ئەو گوندەوە هێشتا هەندێک گروپی چەتەکان لە گوندەکەدا مابوونەوە. چەتەکان بێ بەزەییانە بە بێ ئەوەی دەست لە منداڵ و ژن بپارێزن هەمو کەسیان گولـلەباران کردبوو، کاتێک گەیشتین بینیمان گوندنشینەکان چاوەڕوانی ئێمە بوون.

چەتەکان جلوبەرگی یەپەگە و ئاسایشیان لەبەرکردبوو و چووبوونە گوندەکەوە. دانیشتوانی گوندەکە وایانزانیبوو ئەوانە هەڤاڵن بۆیە دەرگای ماڵەکانیان کردبووەوە. گوندنشینان بە گەرمی پێشوازییان لێکردبوون، بەڵام چەتەکان کە تینووی خوێنبوون خەڵکیان لەناو ماڵەکانیاندا کۆمەڵکوژ کردبوو.

هەموو چەتەکان لەناوبران

ئێمە لە گوندەکەبووین، گەلی بەرخبۆتان شوێنی چەتەکانیان نیشان داین، بە هاوکاری گوندنشینان هەموو ئەندامانی چەتەکانمان لەناوبرد. لە کۆمەڵکوژیەکەی گوندی بەرخبۆتاندا ٢٣٣ مەدەنی شەهیدبوون و لانیکەم ٢٧٣ کەس برینداربوون.

دوای ئەو کۆمەڵکوژیە هێشتا برینی گەلەکەمان ساڕێژ نەببوو، برینێکی دیکە دروستبوو. هەندێک بنەماڵە رۆڵەکانیان ناردبووە ناو بەرخودانی کۆبانێ و هەمیش لەو کۆمەڵکوژیەدا ناردبوویاننە ناو شۆڕشی رۆژئاواوە. لەبەر ئەوەی رۆڵەی ئەو گەلەین. باس لە ئێش و هەروەها دڵخۆشی دایک و باوکان تێدەگەین. لەگەڵ گەل ئاگر لە دڵی ئێمەش بەربوو. لە کاتی خۆیدا گەلمان نەپاراست. رەخنەدان بەرامبەر کۆمەڵکوژی بەرخبۆتان بە هێنانەدی خەونی ئازادیی گەلی کۆبانێ دەستەبەر بوو.

٤٠ رۆژ شەڕی مان و نەمانی کرد

پرۆسەی ئازادکردنی سرین بەردەوامبوو و منیش تیایدا بەشداربووم. هەنگاو بە هەنگاو پێشڕەویمان دەکرد. دوژمن بۆ ئەوەی رێگری لە پێشڕەویمان بگرێت و کات بۆخۆی بکڕێتەوە، هەموو شێواز و تاکتیکەکانی بەردەستی تاقیکردەوە. بەتایبەتی ژمارەیەکی زۆر مینی دانا. ئەو شوێنەی ئێمە تیایدا دەماینەوە، پڕبوو لە پاشماوەی مینەکانیان.

رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر پێشڕەویمان دەکرد، هەنگاوەکانمان بە وریایی و لەسەرخۆبوون، چواردەورمان بە مین گەمارۆ درابوو. کاتێک یەک بە یەک مینەکانم تێدەپەڕاند مینی بەردەمم سەرنجی راکێشام. کاتێک ئەو مینەم تێپەڕاند، تەلێکی باریکی بە رەنگی خۆڵەکەم بینی. ئاوڕمدایەوە بۆ ئەویە هەڤاڵان ئاگادار بکەمەوە، هەڤاڵێک پێی لە تەلەکە نا و مینەکان یەک لە دوای یەک تەقینەوە. چاوم بۆ نەدەکرایەوە. کاتێک دەستم بۆ چاوم برد دەستەکانم تەڕ بوون و خوسان. کاتێک هاتمەوە هۆش خۆم لە نەخۆشخانەبووم. ٤٠ رۆژ تێپەڕیبوو، من هەردوو چاوم لەدەست دابوون. دوای تەقینەوەکە و ئەو تۆز و خۆڵەی هەڵسا، ئیتر تاریکی باڵی بەسەر چاوەکانما کیشا".

هـ . ب