«بەهۆی گەمارۆی حکومەتی دیمەشقەوە هەرێمەکە ڕووبەڕووی کارەساتی مرۆیی دەبێتەوە»

دەستەی ئابووری و کشتوکاڵی کانتۆنی عەفرین و شەهبا رایگەیاند، هەرێمەکە ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی دەبێتەوە بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشقەوە.

دەستەی ئابووری و کشتوکاڵی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، ئەمڕۆ لەبەردەم بارەگاکەی لە شارۆچکەی فافین لە کانتۆنی شەهبا ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، دووپاتی کردەوە، هەرێمەکە ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی دەبێتەوە بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشقەوە، داوای لە لایەنەکان کرد گەمارۆکە هەڵوەشێننەوە، مازوت و ئارد ڕەوانە بکەن.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامانی دەستەکە، فەرهاد دادا بە زمانی کوردی و یاسەمین شێخۆ بە زمانی عەرەبی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەکە خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

«ئێمە لە دەستەی ئابووری و کشتوکاڵی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، داوا لە هەموو لایەنە مافپەروەرەکان دەکەین گەمارۆی سەپێنراوی حکومەتی سوری بۆ سەر کانتۆنەکە هەڵوەشێننەوە، کەرەستە سەرەتاییەکان، بەتایبەت سوتەمەنی و ئارد ڕەوانە بکەن، لەکاتێکدا بڕی ئاردی پێویستی ڕۆژانەی کانتۆنەکە دەگاتە ٣٩ تەن، واتە ئێمە لەبەردەم کارەساتێکی مرۆییداین ئەگەر چارەسەرێک نەکرێت.

کەمیی سوتەمەنی دەبێتە مایەی پەککەوتنی ئامێر و خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەت لەم وەرزی دروێنەیەدا پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ ئاودان، ئەم پەککەوتنە کاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەر بەروبووم و بەرهەمی کشتوکاڵی، بۆیە ڕووبەڕووی کارەساتێکی ڕاستەقینە دەبینەوە، بەتایبەت پەیوەست بە گەنم کە تاکە سەرچاوەیە بۆ زامنکردنی نانی گەل؛ داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین گوشار لە حکومەتی دیمەشق بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گەمارۆ ناڕەوایە دژی بە گەلی کانتۆنەکە».

ف.ق