بەخاکسپاردنی تەرمی دوو شەهید لە حەسەکە

دانیشتووانی حەسەکە تەرمی شەهیدان مەحمود موسڵح و بەدران عەبدوڵایان بەخاکسپارد، بەڵێنیاندا بە درێژەدان بە کاروانی شەهیدان تا بەدیهاتنی سەرکەوتن و ئازادی.

ئەمڕۆ، دانیشتووانی حەسەکە و ئەندامانی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی شەڕڤانی هەسەدە مەحمود موسڵح (بەرخۆدان حەسەکە) و ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەدران عەبدوڵا کە ٢٨ ی نیسان لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکدا شەهیدبوون.

مەراسیمەکە لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیەی شاری حەسەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری حەسەکە، فاتیمە عەلی وتەیەکی پێشکەشکرد و ستایشی قوربانیدانی شەهیدانی کرد و ڕوونی کردەوە: «سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان دادەنەوێنین، ئەوانەی بەنرخترین شتی خۆیان کردە قوربانی لەپێناو ڕزگارکردنی گەلان لە چەوسانەوە».

فاتیمە عەلی دووپاتی کردەوە: «شەهیدان دژی دوژمنان بەرخۆدانیان کرد، بەرگریان لە خاکی وڵاتەکەیان کرد و پلەی شەهیدیان وەرگرت».

فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشێ ناوخۆی هەرێمی جەزیرە، حاجی حەسەن بەدران، دووپاتی کردەوە: «هەموو هێزە سەربازییەکان و هەموو پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەسەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوام دەبن تا بەدیهاتنی سەرکەوتن و ئازادی».

لای خۆیەوە، فەرماندەی مەجلیسی سەربازی لە هەرێمی جەزیرە، ئالان حەسەکە، گوتەیەکی پێشکەش کرد و ستایشی بەرخۆدان و قوربانیدانی شەهیدانی کرد، دووپاتی کردەوە: «شەهیدانمان گیانی خۆیان دەکەنە قوربانی لەپێناو بەدیهێنانی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، ئێمەش لای خۆمان بەڵێن دەدەین بە درێژەدان بە کاروانی تێکۆشانیان».

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بە خوێندنەوەی ناسنامەی شەهیدەکان لەلایەن هێڤین سینو ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی کەمپی سەرێکانی خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا، دواتر تەرمی پیرۆزی شەهیدەکان بە هەلهەلەی دایکان و گوتنەوەی درووشمی «شەهید نامرن» بەخاکسپێردرا.

ف.ق