بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدێک لە تەل حەمیس

دانیشتووانی شارۆچکەی تەل حەمیس، بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، زیاد ئەحمەد ئیبراهیم، بەڵێنیاندا درێژە بە ڕێبازەکەی بدەن.

سەدان کەس لە شارۆچکەی تەل حەمیس و گوندەکانی دەوروبەری، لە گۆڕستانی شەهیدان لە ڕۆژئاوای شارۆچکەکە کۆبوونەوە بەمەبەستی بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەڕڤانی هەسەدە، زیاد ئەحمەد ئیبراهیم (ناسناو: ڕامی تەل حەمیس). ڕامی تەل حەمیس لە ‌هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هێزەکانی پاراستنی کەمپی هۆل لە گوندی قیرەوان لە تەل حەمیس شەهید بوو.

پاش گەیشتن بە گۆڕستان، بەشداربووان خولەکێک بۆ گیانی شەهیدان وەستان، پاشان ئەندامی بەڕێوەبەرایتی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەی تەل حەمیس، عەبدوڵا سالم، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کرد و گوتی: «شەهید زیاد ویستی ببێتە چرایەک بۆ ڕێ‌هەڤاڵەکانی». 

ئاماژەی بەوە کرد: «دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەپێناو بەرژەوەندییە داگیرکارییەکانی، دەیەوێت ئاسایش و ئارامی تێکبدات لەڕێگەی بەئامانجگرتنی دانیشتووان و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە ئەوانەی شەو و ڕۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش».

شەڕڤانی هێزەکانی مەجلیسی سەربازیی تەل حەمیس، خالد ئەحمەد، بەڵێنیدا بە درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان تا بەدیهاتنی سەرکەوتن دژی سیاسەتی قڕکردن و داگیرکاری. جەختی کردەوە «ملکەچی هیچ داگیرکەرێک نابین، لەو خیانەتکارانەش خۆشنابین کە خیانەت لە خەڵک و وڵاتەکەیان دەکەن».

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، پاشان لەنێو هەلهەلەی دایکاندا تەرمی پیرۆزی بەخاکسپێردرا.

ف.ق