'بنەماڵەی بارزانی ئیتر ئاستی خیانەتیشیان تێپەڕاندووە'

ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پەیەدە ساڵح نوح سەبارەت بە خیانەتی بنەماڵەی بارزانی وتی، "بە درێژایی مێژوو بنەماڵەی بارزانی هەموو شتێکی نائەخلاقییان ئەنجامداوە. کۆماری مەهاباد، نەخۆشخانەی هەولێر و عەفرینی داگیرکراو نمونەی ئەو راستیەن".

لە مێژوودا تا رۆژی ئەمڕۆمان چەندین سەرهەڵدانی کوردان لەپێناو دۆزی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدراوە. چەندین راپەڕین لە رێگەی هاوکاری هەندێک لایەنی کوردی لەگەڵ دوژمن، سەرکوت کراون. یەک لەوانەش کۆماری مەهابادە کە ١١ مانگ درێژەی کێشا و لەسەر دەستی بنەماڵەی بارزانی کە چەکدارەکانیان کشاندەوە، سەرکوت کرا. ئەمڕۆش دیسان بنەماڵەی بارزانی لە بەرامبەر بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان چووەتە پاڵ دوژمن و شەڕی لەناوبردن ئەنجام دەدات و هێرشیش دەکاتە سەر رۆژئاوا. بە داخستنی دەروازەی سنوور لە نێوان باشوور و رۆژئاوا، بە هاوکارییەکانی لە هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و شەنگال، مەخمور و هەموو ئەو شوێنانەی کورد تیایدا دەژین ئاستی خیانەتی خۆی نیشانداوە. سەبارەت بە هەڵوێستی دوژمنکارانەی بنەماڵەی بارزانی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ساڵح نوح قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

'دەکەونە بەر نەفرەتی مێژوو'

ساڵح نوح باسی لەوەکرد، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان و سەرلێشێوان دەبێت کە چۆن ئەو دۆخە هەڵبسەنگێنێت و بەم جۆرە دوا: "ئیتر بنەماڵەی بارزانی ئاستی خیانەتیان تێپەڕاندووە. ئەو کردەوە نائەخلاقیانە دەکەونە بەر نەفرەتی مێژوو. زۆر راپەڕین و سەرهەڵدانی کوردان لە سەر دەستی خیانەتکارانی بەم جۆرە سەرکوت کراون. نمونەی مەهاباد لە بەر چاوە. بنەماڵەی بارزانی هێزەکانیان کشاندەوە و لە ئەنجامدا کۆمار بە لەسێدارەدانی رێبەرانی کورد گەیشتە کۆتایی. بنەماڵەی بارزانی بەردەوام لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا دەجوڵێنەوە. سات و سەودا بە سەر ئیرادەی گەلەکەیانەوە دەکەن. ئەو خیانەتەی لە بنەماڵەی بارزانیەوە دەستیپێکرد، ئەوەتا بۆ مەسعود، نێچیرڤان و مەسرور ماوەتەوە. هەرکام لەوانە بە جۆرێک گوزارشت لە چیرۆکی خیانەت دەکات. بەڵام مێژوو نەفرەتیان لێدەکات".

'بنەماڵەی بارزانی لە دژی گەلی کورد و ئیرادەی ئازادیخوازی شەڕ دەکات'

نوح کۆمەڵکوژی لە نەخۆشخانەی هەولێری لە دژی رێبوارانی رێگەی ئازادی کە لە سەر دەستی بنەماڵەی بارزانی ئەنجامدرابوو، بە بیرهێنایەوە و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "ئەو کۆمەڵکوژیە لەسەر دەستی فاشیزم و بنەماڵەی بارزانی ئەنجامدرا. ویستیان ئیرادەی ئازاد لەناو ببەن. بە درێژایی مێژوو دوو هێڵ بوونیان هەبووە، یەکیان خیانەت و ئەوی تریشیان تێکۆشان لە پێناو ئازادیدا. ئەو دوو هێڵە بەردەوام هاوتەریبی یەک بەڕێوەچوون. ئەمڕۆ لە چیاکانی کوردستان گەریلا لەپێناو ئازادی کوردستاندا بەرخودانێکی ئەفسانەیی بەڕێوەدەبات. بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پەدەکە کە نوێنەرایەتی بنەماڵەی بارزانی دەکەن، هێرشی دژواریان دەکرێتەسەر. بنەماڵەی بارزانی لە پێناو بەرژەوەندی بنەماڵەکەیان هەموو شتێک دەکەن و هیچ شتێک نییە کە نەیکەن.

نوح دەستنیشانی کرد کە بنەماڵەی بارزانی لە دژی گەلی کورد و ئیرادەی ئازادی ئەو گەلە شەڕ دەکات و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "دەیانەوێت لە بەرامبەر شۆڕشی ١٩ی تەمووز و بەرخودان لە چیا ئازادەکان بوەستنەوە و لەناویان ببەن. پەدەکە ئیتر لە رووی خیانەتەوە خۆی سەلماندووە. بە بەرچاوی جیهانەوە ئەوە دەکات، دەچنە عەفرین و لەوێ خۆیان جێگیر دەکەن. ناوی کوردبوون بەکاردەهێنن و بەشداری لە پلانی تاڵانکاری و گۆڕینی دیموگرافیا دەبن. بەڵام ئەوان لە راستی کورد و کوردستانەوە دوورن".

نوح ئەوەشی راگەیاند، کە ئیتر خۆفرۆشی و خیانەت بووەتە رێبازی ژیانی بنەماڵەی بارزانی و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی خۆی هێنا، "ئێمە قوربانی و تێچووی قورسمان بەخشیوە، دەبێت بزانرێت کە ئەوان هەرگیز سەرکەوتوو نابن. ئەو مرۆڤەی خیانەت لەگەلەکەی بکات، لە کۆتاییدا لەلایەن دوژمنی کوردانەوە لەناو دەچێت".

هـ . ب