لە ترپەسپی ڕۆژی شەهیدان بەرز ڕاگیرا

بەبۆنەی ١٨ ئایار، ڕۆژی شەهیدانەوە، دانیشتووانی ترپەسپی لە کانتۆنی قامیشلۆ مەراسیمێکیان ڕێکخست.

ئەمڕۆ، مەراسیمەکە لە هۆڵی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) لە شارۆچکەی ترپەسپی بەڕێوەچوو، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی ئازادی دەستیپێکرد.

ڕۆژی ١٨ ی ئایار، ڕۆژی شەهیدانە، بەبۆنەی شەهیدبوونی یەکەم شەهیدی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، شەهید حەقی قەرار کە لە شاری دیلۆکی باکوری کوردستان لەسەر دەستی ڕێکخراوی ستێرکا سوری تورکی لە ١٨ ی ئایاری ١٩٧٧ شەهیدکرا.

لە مەراسیمەکەدا سینڤیزیۆنێک پیشاندرا سەبارەت بە نرخاندنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی شەهیدبوون و شەهیدان. پاشان هاوسەرۆکی پەیەدە لە ترپەسپی، هەدیە شەمۆ گوتەیەکی پێشکەش کرد و یادی شەهیدانی ئازادی کردەوە، ڕۆڵی شەهیدانی بەرزنرخاند لە پاراستنی بەهای گەلان و دەسکەوتەکانی شۆڕش.

هەدیە ئاماژەی کرد بە سیاسەتەکانی قڕکردن دژی کورد و تێکۆشانەکەیان لەپێناو ئازادی و دیموکراسی، هەروەها ڕوونی کردەوە، دەرکەوتنی تەڤگەری ڕزگاریی کوردستان و ڕۆڵی تەڤگەرەکە لە بەگژاچوونەوەی ئەم سیاسەتانە زۆر گرنگ بوو.

بەڵێنی دووپاتکردەوە بۆ درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان و مەزنتر کردنەوەی تێکۆشان تا بەدیهاتنی خەونی شەهیدان. پاشان بە گوتنەوەی درووشمی «شەهید نامرن»، مەراسیمەکە کۆتایی هات.

ف.ق