بەڕێوەبەرانی کانتۆنی منبج: گوێ لە راگەیەندراوەکانی شەڕی تایبەت مەگرن
بەڕێوەبەرانی کانتۆنی منبج راگەیەندراوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بارەی ئەوەی گوایە 'شارەکە چۆڵ کراوە' بە درۆ خستەوە و رایانگەیاند، تاکۆتایی پارێزگاری لە منبج دەکەن.
بەڕێوەبەرانی کانتۆنی منبج راگەیەندراوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بارەی ئەوەی گوایە 'شارەکە چۆڵ کراوە' بە درۆ خستەوە و رایانگەیاند، تاکۆتایی پارێزگاری لە منبج دەکەن.
ئەنجومەنی سەربازی منبج وەڵامی توندی هێرشی چەتەکانی بەناو سوپای نەتەوەیی سوریا (سمۆ)ی سەر بە دەوڵەتی تورکی دایەوە. لە هێڵی منبج حەڵەب و منبج-باب شەڕێکی دژوار لە ئارادایە. هێڵەکە بە چەکی قورس بۆردومان دەکرێت.
هەوڵەکانی گروپەکانی بەناو سوپای نەتەوەیی سوریا لە بەرەکانی باکور، رۆژئاوا و باشور بۆ دزەکردنە ناو شارەکە یەک لە دوای یەک تێکدەشکێندرێن. ئیدارەی کانتۆنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی منبجیش بەرپەرچی دەنگۆ و چەواشەکارییەکانی رۆژانی رابردووی پەیوەست بە شارەکەی دایەوە.
لە بەڕێوەبەرانی کانتۆنی منبج ئەبو شێخۆ محمەد و خالید بەکرۆ باسیان لەوەکرد کە لە سەر شارەکە شەڕێکی تایبەت بەڕێوەدەبرێت و لەوبارەوە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.
هەردوو کاربەدەستەکەی ئیدارەی منبج بانگەشەکانی جۆڵکردنی شارەکەیان بە شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک ناودێرکرد و جەختیان کردەوە کە گەلانی منبج لەلایەکەوە ژیانی پێکەوەیی بونیاد دەنێن، لەلایەکی دیکەوە لە بەرامبەر شەڕ و هێرشەکان دا خۆڕاگری دەکەن.