بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: بە هەموو هێزمانەوە دەسکەوتەکانمان دەپارێزین

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر زەمینە خۆشکەرن بۆ گەڕانەوەی داعش و وتی:"ئێمە بە هەموو هێزمانەوە دەسکەوتەکانمان دەپارێزین"

بەڕێوەبەرایەتی  خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە حکومەتی دیمەشق و ئەمریکا و ڕوسیا کرد، کە بە خێرایی هەڵوێستی خۆیان لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە دژی هەرێمەکە دەرببڕن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست ئاستی هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئامانجی فراوانکردنی پرۆژەی داگیرکاریی خۆی زیاتر دەکات. ئەم ناوچانە خۆیان پاراست و جیهانیان لە داعش و گروپە توندڕەوە ڕادیکاڵەکان پاراست. دەوڵەتی تورک بەو هێرشانە هەموو پێوانە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.

دوایین هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی منبج، تل تەمر و گوندنشینەکان و تەنانەت ناوچەکانی قامیشلو، مەبەستی خۆی بۆ لاوازکردنی ئاسایشی هەرێمەکانمانە. بەم هێرشانە دەوڵەتی تورک دەیەوێت جارێکی دیکە دەرفەت بداتەوە داعش.

داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و یاساییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕوسیا دەکەین، کە هێزێکی گەرەنتییە لە ناوچەکەدا، کە هەڵوێستی ڕوون و خێرا لەسەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک نیشان بدەن. ئەم هێرشە قەیرانی سوریا قوڵتر دەکاتەوە و پرۆژەکانی داگیرکاریی پێش دەخات و هەرێمەکە دابەش دەکات. لەڕووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە هەڕەشە لەگەڕانەوەی داعش دەکات. لە ڕێگەی ئەو هێرشانەشەوە دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات دەرفەت بۆ گەڕانەوەی داعش دابین بکات. ئەو هێرشەش دژی یەکپارچەیی سوریایە. پێویستە حکومەتی دیمەشق هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت، هەرچەندە ئەم هێرشە دژی سەروەری سوریایە.

داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە بەشداری لە دەستکەوتی شەهیداندا بکەن، لە ناوەوە یان دەرەوە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار بکەن. ئێمە بەڵێن دەدەین کە پابەندین بە ئاگربەست و لە دژی ئەو هێرشانەی لە دژی گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت، بۆ پاراستنی ئاسایشی گەلەکەمان و دەستکەوتەکانیان، بە هەموو هێزی خۆمان ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانمان جێبەجێ دەکەین. "

ف.ق