بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ پەدەکە: بە زوترین کات نوێنەرەکەمان ئازاد بکەن

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوای ئازادکردنی جیهاد حەسەنی نوێنەری هەولێری بەڕێوەبەرایەتیەکی کرد.

ئەمڕۆ نوسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕفاندنی جیهاد حەسەنی نوێنەریان لە هەولێر بڵاوکردەوە.

82 ڕۆژ پێش ئێستا، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) جیهاد حەسەن، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری لە هەولێر ڕفاند.

کەمال عاکیف وتەبێژی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەردەم بینای فەرمانگەی شاری قامیشلو راگەیەنراوەکەی خوێندەوە. بەڕێوبەرایەتییەکە دووپاتی کردەوە کە دۆخی جیهاد حەسەن لە زیندانەکانی پارتیدا باش نییە و وتی:"بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی پەدەکە نوێنەری ئێمەیان دەستگیرکردووە. ڕێگە نادات بنەماڵە و پارێزەرەکەی لەگەڵیدا کۆببنەوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە."

کەمال عاکیف لە بەردەوامیدا وتی:"ئەو دەستگیرکردنە دژی بەها دبلۆماسی و سیاسی و مافی مرۆڤ و نیشتمانپەروەرییە. هەموو یاساکانی پەیوەندیدار بە دیپلۆماسی پێشێل دەکات. پێویستە لایەنە فەرمیەکان رونکردنەوە لەم بارەیەوە بدەن.

کەمال عاکیف ڕایگەیاند، کە پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی باشوری کوردستان بەرپرسیارن لە ژیانی جیهاد حەسەن و ئەو دەستگیرکردنە پەیوەندی نێوان باشوری کوردستان و ئیدارەی خۆسەر زیاتر ئاڵۆز دەکات، چونکە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر دەیەوێت پەیوەندیەکان باش بکات. هاوکات کەمال عاکیف داوایکرد کەنوێنەرەکەیان دەستبەجێ ئازادبکرێت .

کەمال عاکیف داوای لە ڕێکخراوە یاساییەکان کرد، کە بە خێرایی دەستێوەردان بکەن و چارەنووسی نوێنەرەکەیان لە باشور ئاشکرا بکەن و ڕێگە بدەن بنەماڵە و پارێزەرەکانی سەردانی بکەن و وتیشی:"هەروەها پێویستە هۆکاری دەستگیرکردن و شوێنەکەی دیاری بکەن و فشار بخەنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکانی باشوری کوردستان کە بە زوترین کات ئازاد بکرێت."

پەدەکە ڕۆژی ١٠ی حوزەیران لە کاتی رویشتنیاندا بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر، جیهاد حەسەن، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری لە هەولێر، لەگەڵ دوو ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدەیان) دەستگیر کرد. ڕۆژی ٢٩ی تەموز پەدەکە دوای ٥٠ ڕۆژ هەردوو ئەندامی پەیەدەی ئازاد کرد، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی جیهاد حەسەن نادیارە.

ف.ق