بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر؛ پاروویەکە لە دەمی شێر ڕاپسکێنراوە

هێزە هەژموونگەراکان بەردەوام هەوڵ بۆ پارچەکردن و لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەدەن، لێ لە سای قوربانییدانی بێهەژمارەوە ئەم بەڕێوەبەرایەتیە بووەتە ڕاستیی، گەلێک لایەن ناچارن دانوستانی لەگەڵ بکەن.

لە ١٩ـی تەمووزی ٢٠١٢ دانیشتووانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆبانێوە بڵێسەی شۆڕشیان هەڵگیرساند، گەلی هەرێمەکە دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس و دامودەزگاکانیان لە هەرێمەکە دەرپەڕاند، پاش ئەمە پریشکی شۆڕشەکە بۆ حەسەکە و قامیشلۆ و عەفرین هەڵکشا، دواتر گەیشتە منبەج و ڕەقە و تەبقا و دێرزوور.

پاش ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی شۆڕش، بە تایبەت لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢-٢٠١٨ لە ڕۆژئاوە لە عەفرین تا دێریکی لای ڕۆژهەڵات، هێرشی گرووپە چەتەکانی دەسکەلای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دژی زۆرینەی هەرێمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستی پێ کرد. 

هاوشانی هێرشی سەربازیی، گەمارۆی ئابوورییش خرایە سەر هەرێمەکان، پاش ڕزگارکردنی هەرێمەکان لە چنگی گرووپە چەتەکانی دەسکەلای دەوڵەتی تورک، ئەنقەرە سەرپاکی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ سووریا داخست و گەمارۆیەکی دژواری بە سەر هەرێمەکاندا داسەپاندووە.

٨ مانگ پاش ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بە تایبەتیی لە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش، بە پاڵپشتیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، پەلاماری کانتۆنی کۆبانێیان دا، لە سەرەتای ڕاگەیاندی شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە هێرشی هەرە دژوار لە سەر کانتۆنی کۆبانێ بووە، گەرەکیان بوو بەم هێرشانە گورزێک لە هەرێمەکانی ڕیوەبەرایەتیی خۆسەر بدەن و شۆڕشەکە تێک بشکێنن، هێرشەکان تێک شکێنران و چەتەکانی داعش و ئەو هێزە نێونەتەوەییانەی پشتیوانیییان دەکردن، بەزین.

لە ساڵی ٢٠١٧ قۆناغێکی تازەی هێرش بۆ سەر هەرێمەکە دەستی پێ کرد، لێ ئەمجارە بە فڕۆکەی جەنگی دەیانکرد، لە ٢٧ـی نیسانی ٢٠١٧ دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕێی فڕۆکەیەکی جەنگییەوە باڵاخانەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـی بۆمباران کرد.

لە ساڵی ٢٠١٨ سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانیان هێرشیان کردە سەر عەفرین و پاش ٥٨ ڕۆژ داگیریان کرد، لە ساڵوەگەڕی گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سوپای تورک و چەتەکانی پەلاماری گرێ سپی و سەرێ کانیان دا و هەردوو هەرێمەکەیان داگیر کرد.

هێرشی ساڵی ٢٠١٨ـی بۆ سەر عەفرین بە پاڵپشتیی ڕووسیا کرد، ئەو کاتە هێزەکانی ڕووسیا لە عەفرین بوون، لە سەنگەرەکانی خۆیان کشانەوە و هێڵی ئاسمانیان بۆ فڕۆکەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر واڵا کرد، لە هەموو بۆنەکاندا ڕووسیا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە 'جوداخواز' پێناسە دەکات.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ـش دیسانەوە سیناریۆی عەفرین لە گرێ سپی و سەرێ کانی دووپات بوویەوە، کاتێك دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر ئەو دوو هەرێمە، دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە گرێ سپی و سەرێ کانی دا و هێڵی ئاسمانیی بۆ دەوڵەتی تورک واڵا کرد، لەم سۆنگەوە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کۆمەڵکوژییان ئەنجام دا و هەردوو هەرێمەکەیان داگیر کرد.

لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕانەوەستاوە، وەک دەزانرێت ئەم هەرێمە لە ژێر چاودێریی ڕووسیا و هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعشدایە.

لە ڕووی ئابوورییشەوە شەڕێکی سەخت دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داسەپێنراوە، لەگەڵ داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، دەروازەی تل کۆچەریش لە نێوان سووریا و عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە و بە ڤیتۆی ڕووسیا و چین داخراوە. 

لە ناوەوەش حکومەتی دیمەشق بە ئاشکرا دژەبەرایەتیی لەگەڵ ڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات و تا ئێستا دانی بە ڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا نەناوە، گفتوگۆ ڕەت دەکاتەوە، هەروەها گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەڵەب و کانتۆنی شەهبا.

لە لایەکی ترەوە پەدەکە دەروازەی سمێڵکا وەک کارتی فشار دژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەکار دێنێت و نزیکەی ١٠٠ ڕۆژ نوێنەری ڕێوەبەرایەتیی خۆسەری لە باشوور دەستگیر کرد. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کە کلکی پەدەکەیە لە سووریا و ڕاستەوخۆ گرێدراوی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە، چەواشەکاریی دژی ڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات. بەرپرسانی ئەنەکەسە ئەو هەرێمانەی وا دەوڵەتی داگیرکەری تورک داگیریان کردوون، بە هەرێمی ڕزگارکراو ناو دەبەن.

بە ئامانجی لیکترازاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە ناوخۆشدا لە ڕێی میدیایەکی مێشکشۆر و خۆفرۆشەوە لە کۆمەڵگەدا خەریکن، هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە دەیان بڵاوکەرەوە و بەکارهێنەری میدیای مێشکشۆریان دەستگیر کردووە. 

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە نەبوونەوە هاتە بوون و هێشتاش هێزە نێونەتەوەییەکان دانی پێدا نانێن، لێ ئەمە بەو واتایە نییە کە لە ناوەوە و دەەرەوە پیوەندییان ساز نەکردووە.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ پەرلەمانی کەتەلۆنیا بە بڕیارێکی فەرمیی دانی بە بەڕێوەبەریی خۆسەردا نا و داوای لە دامودەزگاکانی کەتەلۆنیا کرد کە پەیوەندیی لەگەڵ ڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا درووست بکەن.

نوێنەری ڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە گەلێک وڵاتی عەرەبیی و ئەورووپییی پێشوازییان لێ کرد، فرانسوا هۆڵاندی سەرکۆماری پێشووی فەڕەنسا و ئەمانوێل ماکرۆنی سەرکۆماری ئێستا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی پێشوازییان لە شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد، شاندە ئەورووپیی و ئەمریکییەکان بەردەوام سەر لە ڕۆژئاوا دەدەن، گەلێک بەرپرسی ئەمریکی  و فەرماندەی پێنتاگۆن سەردانی هەرێمەکەیان کرد.

گەلی دەرعا و سوەیدەی باشووری سووریا داوای درووستکردنی مۆدێلی ڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکەن.

لە لیبیا بانگەواز بۆ پێکهێنانی سیستەمی فیدراڵی دەکرێت، پێشتر لیبیا بۆ هەرسێ هەرێمی تەرابلووس و بەرقا و فەزان دابەش کرابوو، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ـدا ٣٢ پەرلەمانتاری ڕۆژهەڵاتی لیبیا دەستووری ساڵی ١٩٥١ـی نۆژەنکراویان پێشکەشی عەقیلە ساڵەحی سەرۆکی پەرلەمان کردبوو، تا لێکۆڵێنەوە بۆ سیستەمی فیدراڵیی بکات. 

هـ . ب