چالاکییە جەماوەرییەکە بە درووشمی «ئازادی ڕێبەر ئۆجالان گەرەنتی دیموکراسی و ئاسایشی هەرێمەکەیە»؛ لە گۆڕەپانی نەورۆز لە تەنیشت فولکەی فروسیە لە باکوری ڕەقە بەڕێوەچوو، لە چالاکییەکەدا شێخ و ڕیشسپی و هەزاران کەس لە ڕەقە و تەبقە و دەیرەزۆر و مەنبەج بەشداربوون.
چالاکییەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان هاوسەرۆکی ناوەندی کەلتوور و هونەری ڕەقە، فیراس ڕەمەزان گوتەیەکی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد، دووپاتی کردەوە: «ئەم چالاکییە لەپێناو هەڵگرتنی ستەم و چەوسانەوەیە لەسەر گەلانی جیهان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین».
بەناوی دەستپێشخەریی جەماوەریی بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەندامی دەستپێشخەرییەکە، نەزیفە خەلۆ، گوتی: «ستەمکاران و چەوسێنەران خاوەنی قەڵا و شوران، وڵاتان دەگۆڕن بۆ زیندان، بەڵام نازانن دیواری قەڵا و شوراکانیان ناتوانێت خۆی لەبەردەم ئیرادەی گەل و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕان ڕابگرێت، ئەم دیوارانە لەبەردەم هاواری گەلانی شۆڕشگێڕدا دەڕمێن و ناتوانن هزری شۆڕشگێڕان و خەونی گەلان ڕابگرن».
نەزیفە خەلۆ لە قسەکانیدا جەختی کردەوە لەسەر هەماهەنگی دژی داگیرکەری تورکی لەپێناو بەدیهاتنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی، «بە خۆڕاگریمان لەم پرۆژەیەدا و مانەوەمان لەسەر ئەم خاکە سەرکەوتن لەپێناو ڕێبەر ئاپۆدا بەدەستدەهێنین».
بەناوی شێخان و ڕیشسپیانی شاری ڕەقەوە، شێخی عەشرەتی بو جابر، شێخ نایف ضیف، گوتی: «وڵاتەکەمان ناسراوە بە ژیانی هاوبەش و لێبووردەیی، بە درێژایی مێژوو گەلان بێ جیاوازی و جیاکاری پێکەوە ژیاون و ئەمەش بۆتە بەشێک خوو و نەریتمان».
هەروەها گوتی: «ڕێبەر و بیرمەند عەبدوڵا ئۆجالان بۆ کەلتوور و مێژووی ڕاستەقینەی ئەم گەلانە خەباتی کرد و تێکۆشا، لە قەیرانەکانەوە چارەسەری دەرهێنا، باوەڕی بەوە هێنا کە برایەتی و ژیانی هاوبەش مێژووی ڕاستەقینەی ئەم گەلانەیە، نەوەک مێژووی دەوڵەت و دەسەڵات کە ڕژێمی گەلان باسی دەکەن».
شێخ نایف، بەناوی هۆز و تیرەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە، داوای لە سورییەکانی نیشتەجێی تورکیا کرد «هاوکاری گەلی تورکیا بکەن بۆ ڕوخاندنی ئەردۆگانی ستەمکار».
لای خۆیەوە، هاوسەرۆکی کاروباری ئایینی لە شاری ڕەقە، عەدنان علێوی، گوتی: «ئەردۆگانی تاوانبار ئایینی شێواند و زانایانی کڕی لەپێناو کوشتنی موسڵمانان، موشەک و تۆپی بۆ هاویشتین و ژن و منداڵ و پیرەکانی کوشتین، بۆیە پاڵپشتی ئەم ستەمکارە مەکەن لە کوشتنی بێتاوانان، ئەو بەناوی ئایینەوە قسە دەکات و ئایین لێی بێبەرییە، بۆیە نەکەن لە مینبەرەکانەوە هانی موسڵمانان بدەن دەنگ بەم ستەمکارە بدەن».
علێوی داوای لە هەموو گەلانی جیهان کرد، ڕاپەڕن و داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن.
چالاکییەکە بە نمایشی هونەری و گۆرانی فۆلکلۆر و شۆڕشگێڕی کۆتایی هات، لەلایەن گرووپی دورە فورات سەر بە ناوەندی کەلتووریی تەبقە و گرووپی خاپووری سەر بە ناوەندی کەلتووریی حەسەکە.
ژ.ت