چالاکییەکان لە کۆبانێ و دەیرەزۆر دژی درێژکردنەوەی گۆشەگیری

دانیشتووانی کۆبانێ و دەیرەزۆر لەڕێگەی دوو چالاکییەوە بڕیارەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان شەرمەزارکرد سەبارەت بە درێژکردنەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، داوای ئازادیی جەستەییان کرد.

چەندین چالاکی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوون دژی درێژکردنەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆ ماوەی ٦ مانگی تر، لەگەڵ داواکردنی ئازادیی جەستەیی، بەو بۆنەیەوە، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە هەرێمی فورات خێوەتی ناڕەزایەتییان دانا لە گۆڕەپانی شەهید عەگید لە کۆبانێ.

گەلی کانتۆنی کۆبانێ و کەسایەتییەکان لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی فورات و ئەندامانی دامەزراوەکانی کانتۆنی کۆبانێ ڕوویانکردە خێوەتەکە.

چالاکییە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان هاوسەرۆکی بنەماڵەی شەهیدان لە هەرێمی فورات، عادل حاجی گەرعو وتەیەکی پێشکەشکرد و داوای لە گەلی هەرێمەکە کرد تێکۆشان بەگوڕتر بکەن دژی ڕژێمە ستەمکارەکان کە دەیانەوێت ئیرادەی گەلانی ئازادیخواز بشکێنن لەڕێگەی درێژکردنەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

دووپاتی کردەوە، "ئێمە نزیکین لە ڕێگەی ئازادی و ستەم قبوڵ ناکەین، ئەمەش بە فەزڵی ڕێبەرەکەمانە"، جەختی کردەوە "بە هاوپشتیمان و شوێنکەوتنی ڕێبەر ئۆجالان سەردەکەوین".

"تێکۆشان بەگوڕتر دەکەین و گۆشەگیری دەشکێنین"

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری کۆنسەی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی فورات، ئامینە بەکر گوتی: "ئەمڕۆ بە هەموو هێزمانەوە هەوڵدەدەین دژی دوژمنانی مرۆڤایەتی بوەستینەوە و گۆشەگیری سەر ڕێبەر بشکێنین، ئەو گۆشەگیرییەی دەیانەوێت لەڕێگەیەوە قڕمان بکەن، بەڵام هەڵەن، ئەو گەنجینەیەی لە ڕێبەرەوە بۆمان ماوەتەوە بەنرخە، هەڵەن ئەوانەی وا دەزانن گۆشەگیری ئیرادەمان دەشکێنێت، بەڵکو تێکۆشان بەگوڕتر دەکەین و گۆشەگیری دەشکێنین و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر بەدی دەهێنین".

لای خۆیەوە ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکردنی پەیەدە، ئەحمەد خۆجە، گوتی: "لە قۆناغی بوون و نەبوونداین، بۆ سەلماندنی هەبوونمان ئەمڕۆ هاتینە گۆڕەپان، با هەموو ستەمکاران بزانن ئێمە بە دڵ و گیان شوێنکەوتەی ڕێبەرین، ئازادی وی ئازادی ئێمەیە".

هەروەها ڕوونی کردەوە، چارەسەری قەیرانەکانی هەرێمەکە بەدەستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت، بۆیە گۆشەگیری توند دەکەنەوە، چونکە دەزانن کۆتایی ئەم قەیرانانە واتە کۆتایی ئەوان، هەر بۆیە گۆشەگیری درێژ دەکەنەوە.

وا بڕیارە تا کاتژمێر ٣ ی ئێوارە چالاکیی خێوەتی بەردەوام بێت.

هەروەها تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سوری و مەجلیسی هەرێمی ڕۆژئاوای دەیرەزۆر خێوەتی ناڕەزایەتییان هەڵدا بە درووشمی "لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر، جەنگی ئازادی سەربخەن" لە شارۆچکەی سەعوە لە گوندەواری ڕۆژئاوا.

نوێنەرانی دامەزراوە مەدەنییەکانی دەیرەزۆر و نوێنەرانی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سوری و نوێنەرانی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا و هێزە سەربازییەکان و گەل بەشداربوون.

پاش خولەکێک وەستان، ڕەوزە عەواد، ئەندامی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سوری، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

ڕاگەیاندراوەکە دووپاتی کردەوە "ئەمە وەڵامە دژی سیاسەتی دەوڵەتی فاشیستی تورک کە شێوازی نائەخلاقی دژی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پیادە دەکات و گۆشەگیری دەسەپێنێت بەمەبەستی فشار و شکاندنی ئیرادەی گەلان، هێشتا ڕێبەر لەنێو شوراکانی ئیمراڵییەوە چرایەکە دژی دەوڵەتی تورک و پلانە کۆڵۆنیاڵییەکانی".

"لێرەوە بەڵێن بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دووپات دەکەینەوە، تێدەکۆشین لەپێناو ئازادیی جەستەیی".

پاشان سەرۆکی مەجلیسی هەرێمی ڕۆژئاوای دەیرەزۆر، محەمەد هیلال، دووپاتی کردەوە "گۆشەگیری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار و ڕەتدەکەینەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، دەستوەردان بکەن و ئازادیی جەستەیی بەدی بهێنن".

هەروەها بەڕێوەبەری نوسینگەی پەیوەندییە سەربازییەکانی هەرێمی کەسرە، ئەحمەد ئەلجەبر، گوتی: "هەموو پێشێلکاری و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕەتدەکەینەوە، گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و بێدەنگی نێودەوڵەتی شەرمەزار دەکەین".

داوای لە گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد یەکڕیز و هاودەنگ بن، لەپێناو بەرپەرچدانەوەی دوژمن و شکاندنی شوراکانی ئیمراڵ و بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا لە دەیرەزۆر، سوهام عەبد، گوتی: "ئەی ڕێبەری مەزن، ئێمە بە خۆڕاگری تۆوە بەهێزین، ئەگەر لەنێوان ئێمەدا نەبیت، ئەوا هزری تۆ لەنێو خوێنمان دەگەڕێ، تۆ ڕێبەرمان بیت هیچ ترسمان نییە، ڕۆژێک دێت دەرگای زیندانەکەت دەشکێنین".

سوهام عەبد پرسی: "تا کەی ئەم بێدەنگییە؟ ئێمە وەک ژنانی دەیرەزۆر داوای بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان دەکەین".

وا بڕیارە چالاکیی خێوەت تا دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.