چەتەکانی سەر بە ڕژێمی شام هێرش دەکەنە سەر هۆزە عەرەبەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری

هۆزی جبوور مۆڵەتێکی دیاریکراوی داوەتە دیفاعی وەتەنیی تا لە هەرێمەکە بکشێنەوە، ڕاوێژکاری هۆزی جبوور ئەکرەم مەحشوش دەڵێت: "سوکایەتی بە شاهۆز و ڕیش‌سپیانی هۆزەکەمان دەکرێت".

هۆزی جبوور مۆڵەتی بە ئەندامەکانی دیفاعی وەتەنی سەر بە حکومەتی سوریا دا تا لە چوارچێوەی ئەمنی حەسەکە بچنە دەرێ، ڕاوێژکاری هۆزی جبوور، ئەکرەم مەحشووش وتی: ''سووکایەتیی بە هۆزەکەمان دەکرێت، ئەمە سووکایەتییە بە شاهۆز و ڕیشسپییانی هۆزەکەمان.''
دوێنێ ئەندامانی دیفاعی وەتەنی سەر بە ڕژێمی سووریا هێرشیان کردە سەر ڕیشسپییەکی هۆزی جبوور و سووکایەتییان پێ کرد. لە سۆنگەی ئەم ڕووداوەوە هۆزی جبوور لە چوارچێوەی ئەمنی حەسەکە ناڕەزاییان دەربڕی و پشێویی لێ کەوتەوە.
پشێوییەکانی نێوان دیفاعی وەتەنی و هۆزی جبوور بەردەوامن، هۆزی جبوور مۆڵەتی بە ئەندام و فەرماندەکانی دیفاعی وەتەنی داوە تا شارەکە جێ بهێڵن.
ڕاوێژکاری هۆزی جبوور، ئەکرەم مەحشووش سەبارەت بەم پرسە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار کرد، و لەوێدا دەڵێت: ''دوێنی یەکشەممە، کاتێک شێخ عەبدول عەزیز ئەلمسطیل، کە یەکێکە لە ڕیشسپیانی هۆزی جبوور، لە تڕۆمبێلەکەی خۆیدا بوو، کۆمەڵێک چەتەی دیفاعی وەتەنی و سەرۆکەکەیان لە نێوەندی شار و بە بەرچاوی خەڵکەوە پەلاماریان دا و سووکایەتییان پێ کرد، بەو پاساوە درۆینەی گوایە برازاکەی شێخ عەبدولعەزیز ئەلمسطیل بەهۆی قەرەباڵغیی چوارڕیانەکانەوە بە ئەندامێکی ئەوانیدا کێشاوە.''
مەحشووش ئاماژەی بەوە کرد کە پاش ئەوەی لە شێخ عەزیزیان داوە، هۆزەکەمان کۆ بوونەوە تا لە هۆکاری ئەم پەلامارە تێ بگەین. مەحشووش وتی: '' هیچ هۆکارێک نەبووە تا ئەم ڕەفتارە بنوێنن. بەڵکوو پیلانیک بوو دژی ئەو شێخە. چونکە ئەو شێخە کاروباری هۆزەکەی بەڕێوە دەبات و لەپێناو بەڕێوەبردنی کاروباری هۆزەکەی بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەگەڕێتەوە"
ئەکرەم مەحشووش ئاماژەی بەوەش دا کە چەتەکانی دیفاعی وەتەنی بەم کارە دەیانەوێ پەیامێک بە هەموو سەرهۆز و شێخی هۆزەکان بدەن تا هاموشۆ و مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نەکەن. ئەمەشی ئاوا بەرباس دا: ''پاش کۆبوونەوەی هۆزەکەمان بڕیارمان دا بەشێوەیەکی ئاشتییانە بچینە نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی و دەست بەسەر باڵاخانەی چەتەکانی دیفاعی وەتەنیدا بگرین و ناچار بە جێهێشتنی هەرێمەکەیان بکەین، ئەمانە ماوەی شەش ساڵە هەرێمەکە لە گەندەڵی هەڵدەژەنن.''
مەحشووش ئاماژەی بەوەدا کە تێکڕای هۆز و خێڵەکانی ڕەققە و دەیرەزۆر پاڵپشتیی خۆیان بۆ هۆزی جبوور ڕاگەیاندووە و وتی: ''پاش ئەوەی ڕۆڵەکانمان دەستیان بە سەر چوارچێوەی ئەمنییدا گرت، پیاوما‌قووڵان لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی سووریا کۆ بوونەوە تا چۆڵی بکەن، هەروەها مۆڵەتمان تا کاتژمێر شەش داوە کە ئەم میلشیایە هەڵوەشێتەوە. ئێمە چاوەڕێی کاتژمێر شەشین، گەر دەرەنجامەکەی ئەرێنیی بێت و بەپێی داواکاریی ئێمە بێت، ئەوا هۆزەکەمان لێدوانی خۆی دەبێت.''