چیا کورد: ئەگەر تێکۆشان نەکرێت داگیرکەریی تورک دەبێتە هەمیشەیی

بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا وتی، ئەگەر گەلانی سوریا تێکۆشان نەکەن، ئەوا داگیرکەریی تورک دەبێتە هەمێشەیی.

لە پرۆژە بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا بە ناوی "شەڕی سوریا – ١٠ ساڵ دوای راپەڕین" تورکیا لە سوریا بە داگیرکەر ناوبراوە و داوا لە تورکیا کرابوو سەربازەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە. لەوبارەیەوە بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا وتی، هەڵوێستەکەى پەرلەمانی ئەوروپا بەجێ دەزانن و پشتیوانیی لێدەکەن و ئەوە وەک چارەسەری سیاسیی بۆ دۆخی سوریا لێکدەدەنەوە.  

کورد وتی، "دۆخی داگیرکردنی سوریا لە بەردەم چارەسەریی کێشەى سوریادا بووەتە لەمپەر. تاوەکو بەشێک لە سوریا داگیرکراو بێت و ئەو هێزە لەوێ بن، ئەستەمە چارەسەریی سیاسی پێکبێت. چارەی سیاسی بە کۆتایهاتنی داگیرکەری بەدی دێت. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت و بەپێی ئەوەش کار بکات.

لەگەڵ داگیرکەریدا چارەسەریی سیاسی بەدی نایەت. ئەگەر داگیرکەری کۆتایی پێ بێت ئەوە چارەسەری سیاسیش بەدی دێت. ئەگەر ئیرادەیەکی نێونەتەوەیی هەبێت و بۆ چارەسەریی بڕیار لەسەر کۆتایهاتن بە داگیرکەری بدەن، ئێمە لەو بڕوایەداین داگیرکەری کۆتایی پێدێت".

لە پرۆژە بڕیارەی پەرلەمانی ئەورودا هاتووە، "قەسەدە هاوپەیمانی ئێمەیە"  ئەوەش کوردی بە بیرهێنایەوە، کە هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی پێکهاتوو لە ٧٠ وڵات قەسەدە بە هاوپەیمان و هاوکاریی خۆیان دەزانن، کە ٥ ساڵە لەگەڵیدا لە دژی تیرۆر تێدەکۆشن، لەو رووەوە دەستکەوتی گرنگی سەربازیی بەدەستهات و وتی، "بەو تێکۆشانەی، کە ئەنجامدراوە، بۆ ئەوەى ئەو دەستکەوتانە هەمیشەیی ببن، ئیدی دەبێت دانپیادانانی سیاسیش هەبێت. دەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەر دیالۆگی سیاسیی بکەن. تاوەکو دیالۆگی سیاسی نەبێت و لەلایەنی سیاسییەوە دانپیادانان نەبێت، بە تایبەتی لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەییەوە، ئەوە دۆخەکە بەو مانایە دێت، ئارامییەکی هەمیشەیی سیاسی دروست نابێت. دەستکەوتەکانی دژ بە تیرۆ بۆ ئەوەى هەمێشەیی و ریشەدار بن، دەبێت بەڕێوەبەریی سیاسی و ئیداری خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر دانی پیادا بنرێت  قبوڵ بکرێت و بە فەرمی بزانرێت".

کورد لەبارەی کۆبوونەوى تورکیا – قەتەر – رووسیا لە ١١ی ئاداردا رایگەیاند، هەوڵەکانی تورکیا و رووسیا بۆ وڵاتانی عەرەبی شتێکی نوێیە، بە تایبەتی دوای کۆبوونەوەکانی جنێڤ و ئاستانا، کە هیچ ئەنجامێکیان لێ نەکەوتەوە، دیسانەوە شێواز و سیاسەتی خۆیان دایەوە بەرخۆیان و وتی، بۆ ئەوەى ئێران لە دانوستانەکانی ئاستانەدا دەربکەن، ئەمریکا – ئیسرائیل گوشاریان خستەسەر تورکیا و رووسیا و خواستیان وڵاتانی عەرەبی بەشداری دانوستانەکان ببن و لەو چوارچێوەیەدا خواستیان قەتەر، کە پشتیوانی لە ئیسلامی سیاسی دەکات بەشداری دانوستانەکان ببێت. چیا کور وتیشی، "قەتەر هەموو جارێک و بە بەردەوامی گروپە "ئۆپۆزسیۆنەکانی" سوریا پارەدار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا بە دروستکردنی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکان لە سوریادا، قەتەر ئەوانیش پارەدار دەکات و پارەیان پێدەدات. بۆیە دەیانەوێت سوود لەو گروپانە وەربگرن، کە لەلایەن قەتەرەوە پارەدار کراون".

کورد لە بەردەوامیی وتەکانیدا رایگەیاند، رووسیا دەیەوێت رژێمی سوریا لەسەر پێ بمێنێتەوە و بە پارەی قەتەر بڕیاریان لەسەر ئەوە داو، کە خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی سوریا و هەوڵ دەدەن رژێمی سوریا لەسەر پێ بهێڵنەوە و راشیگەیاند، "جارێکیتریش هەڵوێستی خۆیان لە دژی بەڕێوەبەریی خۆسەر و پرۆژەی دیموکراتیک نیشاندایەوە. بە بڕوای ئێمە، ئەو سیاسەت و هەڵوێستە قبوڵ ناکرێت. جارێکیتر دەرکەوت، کە هاوپەیمانیی ئەو سێ لایەنە نە بۆ چارەسەریی سیاسیی سوریایە و نە لە بەرژەوەندیی گەلانی سوریادایە".

کورد ئەوەشی وت، "جارێکیتر دەیانەوێت لە دژی بەڕێوەبەریی خۆسەر رای گشتی دروست بکەن، دەیانەوێت دوژمنایەتیی عەرەبەکان لە دژی ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر دروست بکەن. ئەو هاوپەیمانی و رێککەوتنە خزمەت بە گەلانی سوریا ناکات".

بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی داگیرکەریی تورک لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا وتی، "دەوڵەتی تورک هەر شوێنێک داگیر بکات دەیەوێت لەوێ بۆ هەمیشە بمێنێتەوە. هیچ سیاسەتێکی بۆ ئەوە نییە، کە بکشێتەوە".

کورد لە بەردەوامیی وتەکانیدا رایگەیاند، تورکیا نەک تەنها سوریای داگیرکردووە، بەڵکو بەشێک لە عێراقیشی داگیرکردووە، هێزەکانی خۆی ناردووە بۆ لیبیا، ئازەربایجان و بە خەونی ئیمپراتۆریی عوسمانی دەجوڵێتەوە و بۆ ئەو خەونە خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رێکدەخات و پەل دەهاوێت.

چیا کورد ئەوەشی وت، "بارەگا و شوێنەکانی چاودێری، کە لە سەرێکانی و گرێ سپی دروستیانکردووە، نیشانی دەدات، کە دەیانەوێت داگیرکەری هەمیشەیی بکەن. سیستمی ئیداری بۆ ناوچە داگیرکراوەکان دروست دەکەن. ئەوەى لە کەرتەکانی پەروەردە و ئابووری روودەدات، نیشانەى ئەوەیە، کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت لەو شوێنانەدا بۆ هەمیشە بمێنێتەوە.  ئەو کارانە بۆ ئەوە نییە، کە لە ماوەی ١ بۆ ٢ ساڵدا بکشێتەوە، بۆیە دەبێت هەموو کەس لە دژی ئەوە هۆشیار بێت و بێدەنگ نەبێت. جیهان ئەگەر لە بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگ ببێت، ئەگەر گەلانی سوریا لە دژی داگیرکەری تێنەکۆشن، ئەوە داگیرکەریی تورک دەبێتە هەمێشەیی و هەرگیز لێی ناگەڕێتەوە و لە خاکی سوریا ناچێتە دەرەوە".

ژ.ت