داگیرکەری تورک جووتیاران دەکاتە ئامانج

سوپای داگیرکەری تورک جووتیارانی گوندە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ دەکاتە ئامانج، ناهێڵێت گوندنشینان لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان نزیک ببنەوە و کاری تێدا بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان لە گوندی قەرەموغ کە ١٤ کم دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ، داگیرکەری تورک جووتیاران دەکاتە ئامانج و ناهێڵێت زەوییەکانیان ئاوبدەن.

بەقسەی دانیشتووانی ناوچەکە، ١٠ ڕۆژە ئەم حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە و ناتوانن بگەنە زەوییەکانیان.

بەشی زۆری ڕووبەرەکانی نزیک سنووری نێوان ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان،بە گەنم و دار چێنراوە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، بەهۆی بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆوە دەیان هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە. هەروەها داگیرکەری تورک بە ئەنقەست بەروبومی کشتوکاڵی جووتیاران دەسوتێنێت، جووتیاران ناتوانن نزیک ئەو دیوارە سنوورییە ببنەوە کە دەوڵەتی تورک لەنێو خاکی سوریا دروستی کردووە و بەشێکی گەورە لە گوندەکانی دابڕاندووە، بە سود وەرگرتن لە قەیرانی سوریا.