دانیشتووانی عەفرین و شەهبا ساڵیادی شۆڕشی ١٩ تەمموزیان پیرۆزکرد

کۆچبەرانی عەفرین و دانیشتووانی شەهبا بە درووشمی "شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، شۆڕشی ئازادی گەلان و دیموکراتیزەکردنی سوریایە"، ١١ هەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموزیان پیرۆزکرد.

هەزاران کۆچبەری عەفرین و دانیشتووانی شەهبا، لە گۆڕەپانی چالاکییەکانی گوندی مەعراتەی سەر بە شارۆچکەی ئەحداس، ١١ هەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموزیان پیرۆزکرد.

گۆڕەپانەکە بە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەهیدان و ئاڵاکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و لافترەکان بە درووشمی " شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، شۆڕشی ئازادی گەلان و دیموکراتیزەکردنی سوریایە" ڕازێنرایەوە.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان بەناوی مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهباوە، هاسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردن، زەڵوخ بەکرد قسەی کرد، ئاماژەی کرد بە دەسکەوتەکانی شۆڕش و ئاستەنگەکانی بەردەم شۆڕش لە ساڵانی پێشوو، بەتایبەت پیلانەکانی داگیرکەری تورک و چەتەکانی داعش و بەرەی نوسڕە.

زەڵوخ بەکر دووپاتی کردەوە، پێویستە تێکۆشان بەگوڕتر بکرێت بەرامبەر پیلانەکانی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، ساڵی ئایندە بکرێتە ساڵی ئازادکردنی هەموو هەرێمە داگیرکراوەکان، لەسەرووی هەموویانەوە، کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو، هەروەها پێشەنگایەتی سوریا بەرەو ئازادی و دیموکراسی.

لای خۆیەوە، ئەندامی مەجلیسی ڕیش‌سپیانی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، محەمەد خەشان، گوتی: "سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز وایکرد گەلانی چەوساوەی کورد و تورکمان و عەرەب، دژی ڕژێمە ستەمکارەکان سەرهەڵدان بکەن، هەروەها پێشەنگایەتی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی کرد بە ئامانجی سوریایەکی ئازادی و دیموکرات".

خەشان بانگەوازی کرد بۆ پێداگربوون لەسەر چەمکی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی "بۆ ڕێگری لە چاوچنۆکییەکانی داگیرکەر و هاوکارەکانی لە دەوڵەتان و چەتەکان، لەگەڵ ڕزگارکردنی عەفرین و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی".

لە ئاهەنگەکەدا، هونەرمەند فاتیمە بیلال بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی سترانی شۆڕشگێڕی چڕی، هەروەها گرووپی چیای کرمانجی سەر بە تەڤگەری چاند و هونەر چەند سترانێکی شۆڕشگێڕی و فۆلکلۆری پێشکەش کرد.

لە کۆتایی ئاهەنگەکەدا، هونەرمەند ڕێزان بەکر، چەند سترانێکی شۆڕشگێڕی پێشکەشکرد و ئامادەبووان ئەڵقەی هەڵپەڕکێیان بەست.