داعش هێرشی کردە سەر پاسێکی سەربازانی دیمەشق: لانیکەم ٢٣ سەرباز گیانیان لەدەستدا

چەتەکانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر پاسێک، کە ھەڵگری سەربازانی حکومەتی دیمەشق بوو. بە ھۆی ھێرشەکە لانیکەم ٢٣ سەرباز کوژراون و دەیان سەربازیش بێسەروشوێنن.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە لە ناوچەی دێرەزوور، هێرش کراوەتە سەر پاسێکی سوپای حکومەتی دیمەشق. ئەوەش خراوەتەڕوو، هێرشەکە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجامدراوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، لانیکەم ٢٣ سەرباز گیانیان لەدەستداوە و ١٠ سەربازیش برینداربوون، ھەروەھا دەیان سەرباز بێسەروشوێنن.

جێی باسە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە، ئەمە سێیەم هێرشی گەورەی داعشە بۆ سەر سوپای حکومەت دیمەشق و ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە ڕەقە ۱۰ سەرباز کوژران، ڕۆژی ۱ی ئابیش، ۵ سەرباز و ۷ کەس بە دەستی داعش لە بیابانەکانی ناوەڕاستی سوریا کوژران.

ژ.ن