دایکانی گەریلا داوای بەسزاگەیاندنی بەکرێگیراوانی تورکیای داگیرکەر دەکەن

دایکانی گەریلا و گەنجانی شۆڕشگێر داوای سزادانی ئەو بەکرێگیراوانە دەکەن کە شەڕڤانێکی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، هارون ئەلباکیان ڕادەستی داگیرکەر کرد.

دایکانی گەریلاکانی هەپەگە، لە کەمپی واشۆکانی لە شاری حەسەکە، ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، تێیدا سەرکۆنەی ڕادەستکردنی هارون ئەلباکیان کرد بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەلایەن کۆمەڵێک کەسی شارۆچکەی هەزەخی سەر بە شاری شەرناخی باکووری کوردستان.

لەبەردەم ناوەندی کۆنگرەی ستار، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاوسەرۆکی کەمپی واشۆکانی، مەلەک ساڵح خوێندرایەوە، بە بەشداری دەیان کەس لە دایکانی گەریلا و شەهیدان، لەگەڵ ئەندامانی دامەزراوە و ناوەندە مەدەنییەکانی کەمپەکە.

سەرەتای ڕاگەیاندراوەکە سەرکۆنەکردنی ئەو خیانەتە بوو بەرامبەر شەڕڤان هارون ئەلباک (سەلیم ئەدیامان) ئەنجامدرا.

تێیدا هاتووە: «ئەم خیانەتکارانە، خیانەت لە گەل و شەرەفی خۆیان دەکەن»، هەروەها «شەڕڤان هارون و هەڤاڵە گەریلاکانی نوێنەرەوەی شەرەفی گەلی کوردن و بە هەموو هێزیانەوە لەپێناو ئازادیی گەلی کوردستان تێدەکۆشن».

لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامیی خەبات بەرامبەر سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەتینکردنەوەی تێکۆشان تا بەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان، لەگەڵ داوای بەسزاگەیاندنی خیانەتکاران «تا ببنە پەندێک بۆ ئەوانیتر».

حەلەب

هەر لەم چوارچێوەیەدا، دایکانی گەریلا لە حەلەب، لەبەردەم کۆنگرەی ستار لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو خیانەت و تاوانەی بەرامبەر شەڕڤان هارون ئەنجامدرا، ئەوەش بە بەشداری دایک و خوشکی گەریلاکان؛ ڕاگەیاندراوەکەش لەلایەن وتەبێژی دایکانی گەریلا فاتیمە حەسەن خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا «سەرکۆنەی ئەو خیانەت و تاوانە کرا کە بەرامبەر هەڤاڵ هارون و گەلی کورد و مرۆڤایەتی ئەنجامدراوە، هەڵبەتە هەر لەمێژە تا ئەمڕۆ تۆوی خیانەت لە دەروونی کەسە لاوازەکانی کوردستاندا چێنراوە».

لە درێژەدا هاتووە: «هێشتا خیانەت درێژەی هەیە و بینیمان چۆن هەڤاڵ هارون دەستبەسەر کرا، کاتێ ڕوویکردە گوندێکی هاوزمانی خۆی تا هەست بە ئاسایش و ئارامی بکات بەو پێیەی لەنێو گەلی خۆیدایە، کەچی بەداخەوە کەوتە بۆسەی خیانەتەوە و بەشێوەیەکی نائەخلاقی ڕادەستی جەندرمەی تورکیا کرا».

هەروەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا «داوا لەم توێژە کرا لە ویژدانی بپرسنەوە پێش ئەنجامدانی خیانەت بەرامبەر هاوزمانەکانی خۆیان، درک بە هەڵەی خۆیان بکەن تا نەبنە داردەستی دوژمن بۆ ڕێگرتن لە گەیشتن بە ئازادی؛ چونکە ئەم کارە دەچێتە خزمەتی ئەو دوژمنەی لە بۆسەدایە دژ بە پرۆژەکەمان و پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و هزری ئازاد».

لەکۆتاییدا دایکانی گەریلا داوای بەسزاگەیاندنی ئەم خیانەتکارانەیان کرد.

کۆبانی

هەر لەم بارەیەوە، گەنجانی هەرێمی فورات خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا بە درووشمی «بمرێت خیانەت، بژی بەرخۆدانی گەریلا».

خۆپیشاندانەکە بە بەشداری دەیان گەنجی هەرێمی فورات بەڕێوەچوو لەبەردەم بارەگای ئەنجوومەنی شارۆچکەی قینایەی ڕۆژئاوای شاری کۆبانی، بە درووشمی «بڕووخێ خیانەت» و «مردن بۆ خیانەتکاران».

پاش گەیشتنی خۆپیشاندەران بە دووڕیانی گوندەکە، ئەندامی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سووریا هلال غالب، وتارێکی خوێندەوە و هەموو جۆرەکانی خیانەتی سەرکۆنەکرد.

لە وتارەکەدا ڕوونکرایەوە «دەزانین سەرکەوتن هەر بۆ گەریلایە لە هەموو جەنگێکدا، ئەوانەی داگیرکەری تورکیایان لە چیاکانی کوردستان بەزاند، دەتوانن دووبارە ئەم داگیرکەرە ببەزێنن».

لە کۆتاییدا، داوایکرد چیتر دوای پلانەکانی تورکیا نەکەون و ئەو خیانەتکارانە بەسزابگەن کە خیانەت لە هاوزمانەکانی خۆیان دەکەن.

خۆپیشاندانەکە بە درووشمی «بڕووخێ خیانەت» کۆتاییهات.