"دەبێت کوردەکان خۆیان چارەنووسیان دیاری بکەن"

گفتوگۆکانی دانیشتنی دووەمی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی ڕۆژئاوا، تایبەتبوون بە سودوەرگرتن و وانەوەرگرتن لە ئەزموونە مێژوویەکانی پەیماننامەی لۆزان، دووپاتیان کردەوە، دەبێت کوردەکان خۆیان چارەنووسیان دیاری بکەن.

کارەکانی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی ڕۆژئاوا بەناونیشانی "لۆزان: ڕاستکردنەوە و پرسەکانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی" لە حەسەکە بەردەوامە.

دانیشتنی دووەم بەناونیشانی "خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ ئەو پەیماننامانەی لە سەدەی بیستەم دژی کورد پێکهاتن"، بە سەرپەرشتی ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا، هەڤاڵ فاتمی، بەڕێوەچوو. دانیشتنەکە لە دوو تەوەری سەرەکی پێکهات: یەکەم "خوێندنەوەیەکی مێژووی بۆ پەیماننامەی سیڤەر (١٩٢٠) و پەیماننامەی قاهیرە (١٩٢١)"، لەلایەن نوسەر و توێژەری بواری مێژوو، فارس عوسمان پێشکەش کرا؛ تەوەری دووەم لەلایەن ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە، فەوزە یوسف پێشکەشکرا بە ناونیشانی "مێژووی پەیماننامەی لۆزان، هۆکارە ڕاستەقینەکان و ئەو پرسانەی لێی کەوتەوە". 

نوسەر و توێژەری بواری مێژوو، فارس عوسمان تەوەرەکەی بە ناونیشانی "خوێندنەوەیەکی مێژووی بۆ پەیماننامەی سیڤەر (١٩٢٠) و پەیماننامەی قاهیرە (١٩٢١)" پێشکەشکرد.

سەرەتا فارس عوسمان باسی لە پەیماننامەی سیڤەر کرد کە ساڵی ١٩٢٠ بەسترا، وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی کورددا، ئەوکاتەی دەوڵەتە زلهێزەکان "زیاتر لە ٣٠ دەوڵەت" دانیان نا بە مافی سەربەخۆیی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد، ڕاگەیاندنی ئەم پەیماننامەیە لە ٢٠ ی ئابی ١٩٢٠، ئومێدی کوردەکان بەرزکردەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک هاوشانی ئەو دەوڵەتانەی پاش جەنگی جیهانی یەکەم دامەزران.  

فارس عوسمان باسی لە کۆنگرەی پاریس "کۆنگرەی ئاشتەوایی" کرد، کە بە بەشداری ٣٢ دەوڵەت و شاندی نافەرمی لە ١٨ ی کانوونی دووەمی ١٩١٨ لە پاریس بەسترا و تا ٢١ کانوونی یەکەمی ١٩٢٠ درێژەی کێشا، هەروەها ئاماژەی کرد بە هەڵوێستەکانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکا و دەوڵەتی عوسمانی و ئێران لەو کۆنگرەیەدا.

عوسمان ئاماژەی کرد بە گرنگترین دەرئەنجامەکان و گوتی: "دەوڵەتانی دابەشکەری کوردستان نایانەوێت پرسی کورد ببێتە ڕۆژەڤی جیهان وەک پرسی مەزنترین گەل لە ڕۆژهەڵاتی ناوین،  کە بەبێ دەوڵەت و بێبەش لە هەموو مافێک لەسەر خاکە مێژووییەکەی دەژی. دەوڵەتانی دابەشکەری کوردستان، هەر ناکۆکییەکیان هەبێت، لە دژی پرسی کورد یەکدەگرن، باشترین بەڵگەش، یەکگرتنی ئێران و تورکیایە لە سەردەمی پەیماننامەی سیڤەر. هەروەها هەبوون و بەشداری کورد لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی فاکتەرێکی ئەرێنییە و پرسی کورد دەکاتە ڕۆژەڤ، بەپێچەوانەوە، غیابی کورد دەبێتە هۆی فەرامۆشکردنی پرسی کورد و بەکارهێنانی وەک کارتی دانوستان و هەڕەشە وەک لە پەیماننامەی لۆزان هەبوو. دەبێت بزووتنەوەی سیاسی کوردی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەبژێری کەلتووری کوردی نرخاندن بکەن بۆ ئەزموونی کورد و شکستەکانی کورد، لەگەڵ دەرخستنی هۆکارە ئۆبژێکتیڤەکان و وانەوەرگرتن لەم شکستانە".

"سەد ساڵ بەسەر لۆزان تێپەڕی، بەڵام سەد ساڵیش تێکۆشان و سەرهەڵدانی کورد هەبوو"

تەوەری دووەم لەلایەن ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە، فەوزە یوسف پێشکەشکرا بە ناونیشانی "مێژووی پەیماننامەی لۆزان، هۆکارە ڕاستەقینەکان و ئەو پرسانەی لێی کەوتەوە".

فەوزە ئاماژەی کرد بەوەی: "سیاسەتی بەریتانی بەجۆرێک دەچووە پێش، تاوەکو هاوپەیمانی کەمالی_بەڵشەڤی دژی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی پێک نەیەت، بۆیە دەیزانی، هەر ڕێکارێک دژی تورکیا دەبێتە هۆی هەستانی گەلانی ئیسلامی لە هیند و میسڕ و جیهانی عەرەبی و کوشتار دژی مەسیحی و ئەرمەن، وە نەیدەتوانی کەمالیزم وەک بەربەست دژی ڕوسیای بەڵشەڤی بەکاربهێنێت".

هەروەها ئاماژەی کرد بە سیاسەتی ڕوسیای بەڵشەڤی ئەوکات و گوتی: "پشتیوانی ئەتاتورک دژی ئینگلیز، وە قسەکەی لینین سەبارەت بەوەی، دەبێت قوستەنتینییە ببێتە موڵکی تورک، هەروەها هەڵوێستی ستالین بەرامبەر سیاسەتی سەرکوتکەری دەوڵەتی تورک دژی یاخیبوونی کوردەکان لە سییەکاندا، گوزارشتە لە سیاسەتی بەڵشەڤی دژی کورد".

هەروەها ئەوەی ڕوون کردەوە: "فەرەنسا دوودڵ بوو سەبارەت بە سیاسەتی بەریتانیا دەترسا لە پشکەکەی بێبەشی بکات، بۆیە بەردەوام دژی پلانەکەی بەریتانیا دەوەستایەوە، لەوانەش سیاسەتی بەرامبەر بە کورد و گەلانی تری وەک مەسیحییەکان، بۆیە هەڵوێستی فەرەنسا بە فەرامۆشکردنی گەلان یان ئەوەی ناویان دەبرد بە کەمینەکان، بەرئەنجامی نەگونجانە لەگەڵ بەریتانیا لەسەر بەرژەوەندییەکان. بەم جۆرە، ڕەهەندە سەربازییەکان و گۆڕانکارییەکانی پێش لۆزان ڕێخۆشکەربوون بۆ دەرکەوتنی ئەو هاوپەیمانییە".

هەروەها فەوزە ئاماژەی کرد بە ڕەوشی کورد لەو قۆناغەدا و گوتی: "دابەشبوونی نێو بزووتنەوەی کورد لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید، ململانێیەک بوو لەنێوان هێزە کوردەکانی سوارەی حەمیدییە و ئەرمەنەکان، پاشان سوارەکانی حەمیدییە دژی بەدرخان بەگ بەکارهاتن لە ساڵانی ١٨٧٦_١٩٠٩. لە نەوەدەکاندا، بەشێکیان داوایان کرد لەگەڵ بۆرژوازی تورک ڕێککەوتن بکەن بە مەرجی پاراستنی مافەکانی پێشوویان، بەشەکەی تریان داوای جیابوونەوەیان کرد. ئەم دابەشبوونە بووە مایەی زیانی ستراتیژی لەو قۆناغە چارەنووسسازەدا. شەڕکردنیان لەپاڵ مستەفا کەمال و جێبەجێ نەکردنی دەستووری تورکی لە ساڵی ١٩٢١ و یاسای ئۆتۆنۆمی کۆتایی خواستەکانی بزووتنەوەی کوردی ئەوکاتە بوو".

هەروەها فەوزە ئاماژەی کرد بە پەیماننامەی لۆزان و گوتی: "ناوی کورد لە پەیماننامەی لۆزان نەهات، نە لەنێو مافی کەمینەکان و نە لە هیچ دیکۆمێنتێکی فەرمی کە ١٤٣ مادەی لەخۆدەگرت" پاشان ئاماژەی کرد بە مادەی پەیوەست بە مافی کەمینەکان  و گوتی: "لە بەشێکدا هاتبوو، حکومەتی تورک پێویستە ژیان و ئازادی دانیشتووانی تورکیا بەتەواوی بپارێزێت، بەبێ ڕەچاوکردنی ناسنامە و زمان و ئیتنیک و ئایین، هەموو دانیشتووانی تورکیا دەتوانن لە شوێنە گشتی و تایبەتەکاندا، ئازادانە ئەو ئایین و باوەڕانە پیادە بکەن، بەو مەرجەی ڕێز لە سیستەمی گشتی و ئاکارە بەرزەکان بگرێت".

لەکۆتاییدا گوتی: "پەیماننامەی لۆزان ناونرا بە پەیماننامەی ئاشتی، بەڵام ڕاستییەکەی پەیماننامەی شەڕ بوو، جیاوازی نێوان لۆزان و کۆنگرەی ژنێڤ چییە. هەرچەن لۆزان بەردەوام بێت، کوردەکان ملکەچ نابن، سەد ساڵ تێکۆشان و سەرهەڵدان هەبووە، ئەرکی مێژووییمان لەسەر شانە و دەبێت وانە لە ڕووداوەکانی مێژوو وەربگرین، دەبێت وانە لە پەیماننامەی لۆزان وەربگرین و خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین".

پاشان بەشداربووان قسەیان کرد، زۆربەی بەشدارییەکان جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی، لۆزان دەرفەتێک بووە تا تورکیا هەژموونی دەوڵەتەکەی بسەپێنێت. هەروەها کوردەکان دەتوانن مێژوویان زیندووبکەنەوە، ئەم ئەرکە لەسەر شانی هەمووانە، دەبێت ڕاستی مێژوو دەربخەن و کۆتوزنجیری داگیرکەران بشکێنن، هەروەها خوێندنەوەیەکی دروست بۆ مێژوو بکرێت، چونکە مێژوو دووبارە نابێتە بەڵام ڕووداوەکان دووبارە دەبنەوە، پێکهاتەکانی وەک ئەرمەن و ئاشور و ئەوانیتریش قوربانی لۆزان بوون.

هەروەها لێکۆڵەری میسڕی ئیلهام میلێجی لە قاهیرەوە بە بەرنامەی زووم بەشداری کرد، خۆشەویستی خۆی بۆ گەلی کورد دەربڕی و هیوای خواست کورد سود لە ئەزموونەکان وەربگرن و متمانە بە دەوڵەتانی دەرەکی نەبەستن و پشت بە خۆیان ببەستن.