دەرگای خۆبەڕێوەبەری بەڕووی پەنابەرانی سوریا کراوەیە

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، کە نزیکە ملیۆنێک و ١٠٠ هەزار پەنابەری سوریا لە ناوچەکانی ئەواندا دەژین و ئەوەشی خستەڕوو کە دەرگایان بۆ پەنابەرانی دیکەی سوریا کراوەیە.

  هاوسەرۆکی نوسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شێخموس ئەحمەد رایگەیاند، کە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەرانی سوریا ئەوان کارێکی بەرفراوان ئەنجام دەدەن، پرۆژە ئامادە دەکەن و وتی، "بۆ ئەوەی پەنابەرانی سوری بە شێوەیەکی پارێزراو بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان دیدارمان لەگەڵ رێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا ئەنجامدا و پرۆژەکانمان بۆ باس کردن. میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەوە، تائێستا نەکەووتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام بە هۆی بێدەنگیان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بوونە مایەی دروستبوونی لێشاوێکی دیکەی کۆچبەری".

شێخ موس ئەحمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لەوەکرد کە بە هۆی شەڕ و قەیرانەکانی سوریاوە ملیۆنان سوری ناچاربوون زێد و وڵاتەکەیان جێبهێڵن و بەرەو وڵاتانی دیکە کۆچ بکەن، زۆر هێز و لایەن هەوڵ دەدەن پەنابەرانی سوری بۆ مەبەست و بەرژەوەندییەکانیان بەکاربهێنن، وەک خۆبەڕێوەبەری کاری بەرفراوان دەکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بەو دۆخە بێت و پەنابەرانی سوری لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە بەکارنەهێنرێن و بە شێوەیەکی پارێزراو نیشتەجێ بکرێن".

جگە لە ٢٠ کەمپ، شوێنی نیشتەجێکردنی دیکەش هەیە

ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو، کە ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ٢٠ کەمپی فەرمی بۆ کۆچبەران و پەنابەران هەیە، ئەمە جیا لە کەمپی لاوەکی دیکە و هەروەها مانەوەی بەشێک لە کۆچبەران و پەنابەران لە خوێندنگە و ماڵەکان لەناو شارەکان، بە گوێرەی ئامارەکانی نوسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەران نزیکەی ملیۆنێک و ١٠٠ هەزار پەنابەر لە ناوچەکانی دیکەی سوریا وەک حەما، حەڵەب، حومس، تەدمور و ئیدلب لە هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوە. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری وەک هاوڵاتیانی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و لە رێگەی ئەو ناسنامانەی بۆ پەنابەرانی دروست کردووە دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساندوون کە هاتووچۆی هەموو ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکەن. نوسینگەی کۆچبەر و پەنابەرانی خۆبەڕێوەبەری بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە کەمپەکانی کۆجبەران و پەنابەران".

نوسینگەکانی پەیوەندی و وەرگرتن کراونەتەوە

شێخموس ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو کە هاتنی کۆچبەران بۆ هەرێمەکەیان بەردەوامە و وتی، "هاوڵاتیان بە هۆی قەیرانی سوریاوە هەڵاتوون و روویان کردووەتە ناوچەکەمان و هێشتاش لە هەرێمەکانماندا ماونەتەوە. بەهۆی ئەوەی دەبینن بەها مرۆییەکانی وەک شکۆ و ماف لەناوچەکانمان پارێزراوە. لە ناوچەکانمان چەندین نوسینگەی پەیوەندی و وەرگرتن بۆ کۆچبەرانی سوری کراونەتەوە و کەمپی کۆجبەران دروست کراون. هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام لە چوارچێوەی پێوان و بنەما نێونەتەوەییەلاندا پێشوازی لە پەنابەران دەکات و ئاسایش ژیانیان دەستەبەر دەکات. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەموو تواناکانی خستووەتەگەڕ بۆ پەنابەران و کۆجبەران. تائێستا سەبارەت بە پەنابەران لە هەرێمەکانمان هیچ پێشێلکاریی و کێشەیەک رووینەداوە".

'خەبات و پرۆژەی بەرفراوانمان هەیە'

شێخموس ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو کە خۆبەڕێوەبەری لە پێناو گەڕانەوەی کۆچبەرانی سوریا کە لە سەرتاسەری جیهان گیرساونەتەوە، پرۆژەی هەیە و وتی، "بۆ ئەوەی کۆچبەران لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە بەکارنەهێندرێن و بە شێوەیەکی پارێزراو بگەڕێنەوە بۆ سەر خاک و زێدی خۆیان، ئێمە هەوڵەکانمان خستووەتەکار. هەروەها بۆ گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانەی لە لوبنان دەژین، ئێمە دەستمان بە هەوڵەکانمان کرد. وەک پێشتر باسمان لێوەکرد دەرگای خۆبەڕێوەبەری بۆ کۆچبەرانی سوریا کراوەیە. پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەپێناو بەرفراوانترکردن و خێراتر کردنی ئەو خەباتە پاڵپشتی بکەن".

حکومەتی دیمەشق و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان ئەرکی خۆیان بەجێناهێنن

شێخموس ئەحمەد بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئەگەرچی بەمەبەستی گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا دیدار و دانوستانمان لەگەڵ رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەک خاجی سور ئەنجامداوە، بەڵام تائێستا لەپێناو جێبەجێکردنی میکانیزمی گەڕانەوە پارێزراوی پەنابەران هیچ هەنگاوێک نەنراوە. حکومەتی دیمەشق و رێکخراوە مرۆییەکان بەمەبەستی گەڕاندنەوەی پاڕێزراوی ئەو پەنابەرانەی بەهۆی شەڕەوە هەڵاتوون، ئەرکی خۆیان بەجێناهێنن. تەنیا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەو بوارەدا کار دەکات".

'هێزە نێونەتەوەییەکان بووەن هۆی دروستبوونی لێشاوێکی نوێی کۆجبەری'

هاوسەرۆکی نوسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شێخموس ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە هێزە نێونەتەوەییەکان لە بری ئەوەی پشتیوانی لە پڕۆژەکانی تایبەت بە پەنابەران بکەن، بوونە هۆکاری دروستبوونی لێشاوی نوێی پەنابەری و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "بەپێچەوانەی پشتگیری لە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری پەیوەست بە پەنابەران کە بەڵێنیانداوە، هێزە دەرەکییەکان رێگەیان لە ئۆپراسیۆنە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی خاکی رۆژئاوا نەگرت و بوونە هۆی ئەوەی بە سەدان هەزار هاوڵاتی دیکە ببنە کۆچبەر. دەوڵەتی تورکیش لە رێگەی نیشتەجێکردنی کەسانی دیکە لە دەرەوەی هەرێمەکان، کار بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە دەکات".

هـ . ب