دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە زۆرەملێ ئاوارەکان لە هەرێمە داگیرکراوەکان نیشتەجێ دەکات

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٣٠ پەنابەری سووری ئاوارەی تورکیا بە زۆرەملێ لە گرێسپی نیشتەجێ دەکات.

سەرچاوەیەک لە کانتۆنی گرێسپییەوە ڕایگەیاند، دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٣٠ پەنابەری سووریی لە ڕێی دەروازە سنوورییەکانەوە ڕادەستی چەتەکانی خۆی 'پۆلیسی سەربازیی' کردووە، تا لە ماڵی ئاوارەکان نیشتەجێیان بکەن.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە پەنابەرەکان خەڵکی گوندەکانی حەڵەب و ئیدلیب و حەمان.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی نێو سووریا لە سێ مانگی ڕابردوودا، پتر لە ٢ هەزار و پێنجسەد پەنابەری سووریی لە کانتۆنی گرێسپی نیشتەجێ کراون، تورکیا بە زۆرەملێ ئەو پەنابەرانە پەلکێشی هەرێمە داگیرکراوەکان دەکات.

لە دەستپێکی مانگی نیسانی ساڵی پارەوە، کاتێك بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاند پتر لە ملیۆنێک پەنابەری سوورییان لە جەرابلووس و عەزاز و سەرێکانیی و گرێسپی و باب و عەفرین و ئیدلیب نیشتەجێ دەکەن، ٢٤ هەزار هاونیشتمانییان بە زۆرەملێ لە تورکیاوە پەلکێشی هەرێمە داگیرکراوەکان کردووە.