دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە جەندریسە کۆڵۆنی بونیاد دەنێت

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی (Daniz Feneri) تورکی، کۆڵۆنی نوێ بونیاد دەنێت لە شارۆچکەی جەندریسە لە عەفرینی داگیرکراو.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەڕێگەی ڕێکخراوە ئیخوانییەکانەوە بەردەوامە لە بونیادنانی کۆڵۆنی نوێ لەسەر جوگرافیای عەفرینی داگیرکراو، ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لەسەر کانتۆنە داگیرکراوەکە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی کانتۆنەکە، داگیرکەری تورک بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای پەرەپێدانی ئەندازیاری زەوی سەر بە ڕێکخراوی (Daniz Feneri) تورکی، کۆڵۆنی نوێ بونیاد دەنێت لە چواردەوری گوندی گەفەر سەفرە لە شارۆچکەی جەندریسەی سەر بە عەفرینی داگیرکراو.

بەگوێرەی سەرچاوەکە کۆڵۆنییەکە زیاتر لە ٤٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون دەگرێتەخۆ و بەسەر ١٠٠ باڵەخانە دابەشکراوە، هەر باڵەخانەیەک چوار نهۆمە، سەرەتای زستانی داهاتوو تەواو دەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، کۆڵۆنییەکە بنەماڵەی چەتەکانی ڕۆژهەڵاتی گوتە لە گوندەوارەکانی دیمەشق و حەمس و حەما دەگرێتەخۆ.

لەدوای بومەلەرزەی ٦ ی شوبات، جەندریسە ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی چڕی گۆڕینی دیمۆگرافی دەبێتەوە، لەڕێگەی بونیادنانی کۆڵۆنی و نیشتەجێکردنی خێزانە تورکمانییەکان و بنەماڵەی چەتەکان.