دەوڵەتی تورک لە ڕاجۆ بۆ دووەمجار کەسێکی ڕفاند

تەشکیلاتە هەواڵگرییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ناوچەی ڕاجۆی عەفرین هاوڵاتییەکی ڕفاند، کە پێشتر ڕفاندبووی.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەرێمەکە، تەشکیلاتە هەواڵگرییەکانی تورک (میت)، لە ناوچەی ڕاجۆی عەفرین هاوڵاتییەکی بەناوی عیسمەت محەمەد لە ٥ ی ئەیلول ڕفاند، کە پێشتریش ڕفێنرابوو.

لە ٨ مانگدا لانی کەم ٢٧٠ کەس ڕفێنراون

دەوڵەتی تورک ساڵی ٢٠١٨ و دواتر لە عەفرینی داگیرکراو، ڕژێمێکی تیرۆریستی دامەزراندووە. بەگوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا، دەوڵەتی تورک و چەتەکا  نی لە مانگی ئابدا ٦٢ کەس دەڕفێنن کە ٦ کەسیان ژنە. یەکێک لەو ژنانە لەلایەن چەتەکانەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر.

لە نێوان مانگی کانوونی یەکەم و تەمموزدا لانیکەم ٢٠٨ کەس ڕفێنراون. 17 هەزار دار بڕدراوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بەم جۆرە باسی لە تاوانە سیستماتیکییەکانی دەوڵەتی تورک کرد: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک جگە لە کۆمەڵکوژی، ڕفاندن، توندوتیژی، فیدیە، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گەل، فرۆشتنی کەلوپەلی دزراو و قڕکردنی سروشت، پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ".

لەماوەی ٨ مانگدا دەیان مناڵ کوژراون

لە ٨ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە هەرێمی عەفرین و شەهبا، بەهۆی تەقینەوە ١٥ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ١٦ منداڵیش برینداربوون، ٤ منداڵیش دەستدرێژییان کراوەتە سەر، ٩ منداڵ دەستگیرکراون، منداڵێک لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجە گیانی لەدەستداوە، ٨ منداڵ ڕفێنران، ٦ منداڵ لە ئەنجامی هێرشەکاندا کوژراون.