دوژمنەکانی شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کێن؟

پاش ١١ ساڵ لە دەستپێکردنی شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گرنگترین دەستکەوتی ئەم شۆڕشە بوو، هێرش لە گەلێک لایەنی خۆجێیی و هەرێمیی و نێونەتەوەییەوە دژی شۆڕشەکە گەشە دەسەنێت.

هەرکاتێک شۆڕشی ١٩ـی تەمووزی ٢٠١٢ هەنگاوێک بۆ پێش هەڵدێنێت، هێرش بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی شۆڕشەکە پتر دەبێت.

لەگەڵ بڵێسەی شۆڕش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێزە دژبەرەکان ددانی خۆیان تیژ کرد، دژایەتییەکی سیاسیی و فیکریی و کولتووری و ئابووریی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەست پێ کرد و دژ بە دەستکەوتەکانی شۆڕش کەوتنە جووڵە.

هەر ئەو هێزانە لە ١٠ـی ئاداری ٢٠١٢، چەند مانگێک پێش ڕاگەیاندنی شۆڕشی ١٩ـی تەمووز هێرشیان کردە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود. لەو هێرشانەدا گوڵێ سەلمۆ ئەندامی یەکێتیی ستار (کۆنگرەی ستار) و ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی گەڕەکەکە شەهید بوو.

پاش ٢٠١٢ دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سنوورەکانی خۆیەوە گرووپێکی چەتەی هێنایە نێو سەرێکانی، لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە گرووپە چەتەکانی دەسکەلای سوپای داگیرکەری تورک هێرشی یەک لە دوای یەکیان کردە سەر کانتۆنی عەفرین و هەوڵیان دەدا هەرێمەکە داگیر بکەن. 

پاش ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی دیموکراتیی کانتۆنی جەزیرە و کۆبانێ و عەفرین لە (کانوونی دووەمی ٢٠١٤) مەسعوود بارزانی سەۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتی: '' هیچ شۆڕشێک لە ڕۆژئاوا لە گۆڕێ نییە.'' بارزانی هەر بەمە وازی نەهێنا، بەڵکوو شۆفڵەکانی هێنا و خەندەقی لە نێوان ڕۆژاوا و باشووری کوردستاندا لێ دا، لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا لە ئوردن دانیشتنێک ڕێک خرا و پەدەکە و دەوڵەتی تورک و لایەنە نێونەتەوەییەکان بەشدار بوون. پاش ئەم دانیشتنە داعش درووست کرا، چەند ڕۆژ پاش ئەمە سوپای عێراق بەبێ ئەوەی بەرگریی بکات و تەنانەت گولـلەیەکیش بتەقێنێت، هەموو چەکە قورس و سووکەکانی خۆیان جێ هێڵا و شاری موسڵیان ڕادەستی ئەو چەتانە کرد.

چەتەکانی داعش هەر بەو چەکانە لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ هەمان ساڵ پەلاماری شەنگالیان دا، هەزاران کەس لە گەلی شەنگال شەهید بوون، دەستدرێژییان کردە سەر ژنان و ڕفاندنیان، پێش ئەوەی داعش ئەم هێرشە بکات، چەکدارانی پەدەکە و سوپای ئێراق ڕایانکرد.

لە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٤ دەوڵەتی تورک ئەو چەتانەی داعش وا گوایە بۆ 'هەڵوەشاندنەوەی ڕژێم' درووست کرابوون، بۆ کۆبانێ ئاراستە کرد تا دژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بجەنگن. ئەو بەرخۆدانەی ١٣٤ ڕۆژ لە کۆبانێ نوێنرا، دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو، سەرپاکی جیهان پشتی کوردانی گرت، بەرخۆدانی کۆبانێ بە سەرکەوتن بە سەر چەتەکانی داعشدا کۆتایی هات.

پاش ئەمە لە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) دامەزرێنرا و بوو بە هێزی هەموو سوورییەکان، قەسەدە ئامێزی بۆ هەموو گەنجانی عەرەب و کورد و سریانیی و ئاشووریی و چیچان و تورکمان و چەرکەس ئاوەڵا کرد و ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنیان دەست پێ کرد. لە ساڵی ٢٠١٦ و پاش تێکشکاندنی چەتەکانی داعش لە ١٥ـی ئابی ٢٠١٦، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٤ـی ئاب لە بابەوە و بە ڕێپێدانی نێونەتەوەیی دەستی کردە داگیریی سەر هەرێمەکانی سووریا. ڕۆژێک پێش داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بەرپرسانی پەدەکە لە تورکیا بوون. 

کاتێک قەسەدە  لە ساڵی ٢٠١٧ شەڕڤانەکانی خۆی نارد تا شارەکانی تەبقا و ڕەققە ڕزگار بکەن، ئەوێ دەمێ پایتەختی بەناو 'خەلافەتی ئیسلامیی' خەریک بوو دەکەوت، دەوڵەتی تورک یەکەم کەڕەت هێرشی ئاسمانیی کردە سەر هەرێمەکە و لە ٢٥ـێ نیسانی ٢٠١٧ـشدا قەرەچووخی بۆمباران کرد، هێژای گوتنە لەوکاتەدا ئاسمانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ژێر چاودێریی هاوپەیمانیی نێونەتەوەتییی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکادا بوو.

لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لە سەر ڕەقە بوو، چاوەنواڕ بوون داعش ببەزێت، کەچی پەدەکە لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕاگەیاند، لە ئەنجامدا لە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ شاری کەرکووکی بەدەستەوە دا.

پاش ئەوەی لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ چەتەکانی داعش لە ڕەققە بۆڕ دران، ڕووسیا هێزەکانی خۆی لە عەفرین کشاندەوە، دەوڵەتی تورک لە ٢٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ هێرشی کردە سەر عەفرین، پاش بەرخۆدانیکی ئەفسانەیی ٥٨ ڕۆژە، لە ١٨ـی ئادار عەفرین داگیر کرا.

لە ١٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ و لە ساڵوەگەڕی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەر عەبدووڵا ئۆجەلاندا و پاش ئەوەی ئەمریکا هێزەکانی بۆ بارەگای خۆی کشاندەوە، سوپای تورکی داگیرکەر هێرشی کردە سەر سەرێکانی و گرێسپیی. هێرشەکە بە داگیرکردنی هەردوو شارەکە کۆتایی هات. هێرشەکان تەنیا هێرشی سوپا نەبوون، بەڵکوو هاوکات ئەو دەروازە سنوورییانەی کاتی دەسەڵاتی چەتەکانی داعش کراوە بوون، پاش ڕزگارکردنی هەرێمەکە لە چەتەکان، داخرا.

تەنیا دەوڵەتی تورک گەمارۆی نەخستبووە سەر هەرێمەکە، بەڵکوو حکومەتی شام و پەدەکەش گەمارۆیان وەک چەکی تەنگەتاوکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکار دەهێنا. لە لایەنی نێونەتەوەییشەوە گەمارۆ بە سەر هەرێمەکەدا سەپێنرا، بە ڤیتۆی ڕووسیا و چین، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێش ئەوەی هاوکارییە مرۆییە نێونەتەوەییەکان بگەیەنرێن، دەروازەی سنووریی تەل کۆچەر لە سنوری سووریا و عێراق داخرا. (٢٠٢٠).

کەچی لەولاشەوە ئەو دەروازە سنوورییانە لە ژێر جڵەوی هێزە جیهادییەکانی (نێو لیستی تیرۆر)ـدان، بە کراوەیی هێڵرانەوە. لەگەڵ گەمارۆی ئابووریی، (پەدەکە) و کلکەکەی (ئەنەکەسە) هەوڵیان دا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕەش بکەن و زۆر جار لێدوانیان دژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دا.

هەروەها ئەنەکەسە هەموو هەوڵەکانی یەکێتیی ماڵی کوردییان هەڵوەشاندەوە و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی خۆسەر و گۆڕینی بابەتە پەروەردەییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ بابەتەکانی ڕژێمی بەعسی وەک شەڕی سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە دەدیت.

پەدەکە و ئەنەکەسە تەنیا بەمە کۆڵیان نەدا، بەڵکوو لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵی دا تا ڕەوایەتیی بداتە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی، بەرپرسانی ئەنەکەسە گەلیک جار لێدوانیان داوە و داوای گەڕاندنەوەی ئاوارەی ئەو هەرێمانەیان کردووە، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانیی لقی خۆی لە عەفرین کردەوە.

تا ئەمڕۆش ئەم هێرشانە بەردەوامن، دیمەشق دانوستان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕەت دەکاتەوە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشی زەمینیی و ئاسمانیی ناوەستێنێ و لە ئاستی نێودەنەتەوەییشدا لۆبی دەکات تا بتوانێت هێرشی بەرفراوانتر بکات.

پەدەکەش بۆ پیلانگێڕیی لە دژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و شۆڕشی کوردان بەردەوامە لە سەردانەکانی بۆ تورکیا. .

هـ . ب