دژی گۆشەگیری ئیمراڵی نامە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نێردرا

دەسپێشخەریی ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، دژی گۆشەگیری ئیمراڵی نامەی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد.

نامە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان

بەبۆنەی ١٠ ی کانوونی یەکەم، ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤەوە، دەسپێشخەریی ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا و دەسپێشخەریی پارێزەرانی سوریا بۆ بەرگریکردن لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، دەربارەی ڕەوشی سیستەمی ئەشکەنجە و قڕکردنی ئیمراڵی و سەپاندنی "سزای دیسپلین" دژی ڕێبەر ئاپۆ نامەیەکیان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز نارد.

نامەکە لەڕێگەی شاندێکەوە کە پێکهاتووە لە ئەندامی بەڕێوەبەریی دەسپێشخەریی ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا نوها عومەر، ئەندامی دەسپێشخەریی ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا سلێمان ئەحمەد، ئەندامی دەسپێشخەریی پارێزەرانی سوریا بۆ بەرگریکردن لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئاینور پاشا، هاوسەرۆکی دەسپێشخەریی پارێزەرانی سوریا بۆ بەرگریکردن لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان محەمەد ئەمین نعێمی، ڕادەستی کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری قامیشلۆ کرا.

لە نامەکەدا بانگەواز لە گوتیرێز کراوە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەستبەجێ هەڵوێست وەربگرێت.

لە نامەکەدا دووپاتکراوەتەوە، کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ـەوە دەستی پێ کردووە، هێشتا بەردەوامە.