فەرهاد پاوە: هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران لە پشت سوتاندنی دارستانەکانەوەن

ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) فەرهاد پاوە باس لەوەدەکات دامودەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکان، بە تایبەتی سوپای پاسداران لە پشت سوتاندنی دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوەن.

ئەندامی مەجلیسی پەژاک، فەرهاد پاوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هۆکارەکانی ئەو کارەساتە پڕئازارە مرۆیی و ژینگەییەوە وتی، "بەپێی بەدواداچوونەکان و بە گوێرەی وتەی هاوڵاتیان و ژینگەدۆستان لە ناوچە کوردیەکان، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، دامودەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانی رژێم بە تایبەتی سوپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتیەکان هۆکار و ئەنجامدەری ئاگرکەوتنەوەکان و ئەم کارەساتە ژینگەییەن".

فەرهاد پاوە لە بارەی لێکەوتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە کوردستان وتی، "ئەم کردەوە و سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی بە ئاراستەی لەناوبردنی ژینگە و بە تایبەتی سوتاندی دارستان و لەوەڕگەکانی زاگرۆس رەگی لە بیرکردنەوەی چەوت و جیهانبینی ئەواندا داکوتاوە. بیرکردنەوە و روانگەی کۆماری ئیسلامی، روانگە و بیرکردنەوەیەکی دواکەوتوانە، پاوانخوازانە، سود و سەرمایە خوازانەیە کە لە ریشە و سەرچاوەکەیەوە لەگەڵ کولتوری دەوڵەمەندی کۆمەڵگا تەوەر و ژینگە تەوەری زاگرۆس ناتەبا و دژیەکە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

وەک ئاگادارن هەموو ساڵێک بەشێکی زۆری لەوەڕگە و دارستانەکانی زاگرۆس بەهۆی ئاگرەوە لەناو دەچن، ئایا ئەم رووداوانە لە خۆڕا و بێ مەبەست روودەدەن یاخود بە ئەنقەست و مەبەستدارن؟

لە سەرەتادا یاد و بیرەوەری چالاکوانانی ژینگەپارێز و نیشتمانپەروەرانی وەک شەهیدان ئیسماعیل کەریمی، شەریف باجوەر، ئومێد کۆنەپۆشی، بیلال ئەمینی، موختار خەندانی، یاسین کەریمی و سەرجەم ئەو کەسانەی گیانیان لەپێناو پارێزگاری لە ژینگە بە تایبەتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستان و لەوەڕگەکان بەخت کرد بەرزڕادەگرم. هەروەک ئێوە ئاماژەتان پێکرد بە داخەوە ساڵانە دەبینین بەشێوەی بەربڵاو رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی زاگرۆس روودەدەن و ئەمەش دەبێتە مایەی لەناوچوونی جۆرەکانی رووەک و ئاژەڵ، بەروبوومی کشتوکاڵ و تێکدانی ئیکۆسیستم. هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوانە لە هەندێک حاڵەتدا هۆکاری ژینگەیی یاخود هۆکاری مرۆیین و بە شێوەی بێمەبەستن، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هۆکاری سووتان، هۆکاری مرۆیین و بە ئەنقەستن. بە گوێرەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەوەکان و هەروەها بە پێی وتەی هاوڵاتیان و ژینگەدۆستان لە ناوچەکانی کوردستان، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسەکان، دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییەکانی رژێم بە تایبەتی سوپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتیەکان سەرچاوە و هۆکاری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگر و ئەم کارەساتانەن. ئەم بابەتە مەبەستدار و پلاندارێژڕاوە کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکانی کوردستان شایەتی بەکارهێنان و ئەنجامدانی ئەوەبووین و لەم ساڵانەی دواییدا خێراتر و توندتر بووەتەوە.

ئێوە باستان لەوەکرد کە بەشێکی زۆر لەم رووداوانە لەلایەن کەس، گروپ و رەوتەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ئەنقەست و ئامانجدار ئەنجام دەدرێن، ئەوان لە رێگەی ئەم کارانەوە بە دوای چییەوەن و چ ئامانج و پلانێکیان هەیە؟

ئەگەر لە سۆنگە و گۆشەنیگایەکی مێژووییەوە ئاوڕ لەم بابەتە بدەینەوە باشتر و دروستتر دەتوانین ئامانج و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی پەیوەندیدار بەم باسە دەستنیشان بکەین. هەروەک دەزانین ناوچەی زاگرۆس شوێنی رابوونی زۆر لە ئەندێشە، کولتور، باوەڕی کۆمەڵگە تەوەر و ئەو روانینانەیە کە هاوئاهەنگی و گونجانیان لەگەڵ سروشت هەیە. بەشێکی زۆر لە بەرەوپێشچوونەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی لەم ناوچەیەدا هاتوونە ئاراوە. هەبوونی ئەم رابردووە گرنگە مێژووییە و ریشەی قووڵی کولتوری، بووەتە مایەی ئەوەی کە بەردەوام بە دریژایی مێژوو لە بەرەنگاربوونەوەی ئەندێشە و هێزە دژە کۆمەڵایەتیەکان و پاوانخوازەکان، وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکیەکانی بەرخودانی و ئازادیخوازی رۆڵ بگێڕێت. سەرباری هێرشی بێ وچان و یەک لە دوای یەکی سیستمە کۆلۆنیالیست و داگیرکەرەکان، خەڵکانی ئەو ناوچەیە هەرگیز چۆکیان دانەداوە و بە پێداگری لەسەر بنەما و هەڵوێستە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکانیان، بەرەنگاری دوژمن و دەستدرێژیکاران بوونەوە. دەمەوێت بڵێم کە ئەم ئاراستە و سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر تێکدانی ژینگە و بەتایبەتی سوتاندنی دارستان و لەوەڕگەکانی زاگرۆس ریشە لە بیرکردنەوەی چەوت و جیهانبینییەکەی هەیە. بیرکردنەوە و روانینی کۆماری ئیسلامی، بیرکردنەوە و روانینێکی دواکەوتووانە، قۆرخکارانە، دوس و سەرمایەتەوەرە کە لە بنەما و بنچینەیدا لەگەڵ ئەندێشە و کولتوری دەوڵەمەندی کۆمەڵگا تەوەر و ژینگەگەرای زاگرۆس ناتەبا و دژە. لەسەر ئەم بنەمایە ئەمە بابەتێکی هزرییە و پەیوەستە بە بنەما دژەکۆمەڵایەتیەکانی سیستمی دەسەڵاتدار، کە لە سەرتاسەری ئێران دەتوانێت لێکەوتە و کاولکاری بەرەنجامی ئەوە بە روونی ببینێت، بەڵام ئەم دوژمنکاری و کاولکارییە لە ناوچەکانی کوردستان زۆر فراوانتر و توندترە. کۆماری ئیسلامیش بە پێی هەمان نەریتی دێرینی سیستمی چەوساندنەوە و داگیرکەری، بە مەبەستی درێژەدان بە ژیان و دەسەڵاتی خۆی، دوژمنایەتی ژینگەی زاگرۆس و زاگرۆس نسینەکان دەکات، چونکە دەوڵەمەندیی کولتوری، مێژوویی، سروشتی و کۆمەڵایەتیەکە کە ئاماژەمان پێدا، بە مەترسیەک بۆ سەر هەبوونی خۆی دەبینێت. لەمڕووەوە قۆڵی بۆ لەناوبردنی هەڵماڵیوە. یەکێک لە ئامانجەکانی رژێم، لاوازکردن و لەناوبردنی بوارەکانی و ئیمکاناتی پێویستە بۆ ژیانی کشتوکاڵی-گوندی کە ریشەی قووڵی لەناوچەکەدا هەیە. گوند تەنیا دیاردەیەکی فیزیکی نییە و لە سەرچاوە بنچینەییەکانی کولتورە.

کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بە بیانووی بێ بنەما، بەشێکی زۆر لە گوندە سنووریەکانی لە ناوچە کوردییەکان وێران کرد، یاخود دانیشوانەکەی ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان کرد. ئاگرتێبەردان و سوتاندنی لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستانیش لە چوارجێوەی بەردەوامی هەمان سیاسەتە. لە کولتوری زاگرۆسدا پاراستنی خاک و بوژاندنەوەی دارستان لە ژینگەدا بابەتێکی زۆر گرنگ و پیرۆزە، بە بێ بوونی خاک و دارستان ژیانی کۆمەڵایەتی توانای بەردەوامیبوونی نابێت. یەک لە سیاسەتە سەرەکیەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانیش پلاندانان و هەوڵدانە بۆ دابڕاندنی خەڵک لە خاک، گوند و دارستان کە قەیرانی بێکاری، کێشەکان و ئاڵنگارییە روو لە هەڵکشانە ئابووریەکانیش یەک لە لێکەوتەکانی سەپاندنی ئەم سیاسەتە و گرتنەبەری ئەم رێکارەیە.

ئەم دیاردانە تەنیا تایبەت نەبوون بە رۆژهەڵات و لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا روودەدەن، ئایا دەتوانین بڵێین ئەمە دەرەنجامی پلانێک و سیاسەتێکی هاوبەشی رژێمە سەردەستەکانی کوردستانە؟

لای هەمووان روونە کە دوژمنانی گەلی کورد، جەندین ساڵە کە سەرباری هەموو ناکۆکیەکانیان، بەڵام پەیوەست بە نکۆڵی، سەرکوت و دژایەتی لەگەڵ کوردەکان یەکگرتوو و هاوئاهەنگ و بەپێی پلان هەنگاو دەنێن. کاولکردنی ژینگەی کوردستان یەک لە چالاکیە سەرەکیەکانی ئەم حکومەتە داگیرکەرانەیە، هاوکات لەگەڵ ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکانی رۆژهەڵات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، رژێمی داگیرکەری تورک رۆژانە جوگرافیای باکور، باشور و رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکات و ئاگرییان تێبەردەدات.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەمانە ئەرک و بەرپرسیارێتی توێژە جیاجیاکان بەتایبەتی وڵاتپارێزان و چالاکوانانی هۆگری ژینگە و ئازادیخوازان لەبەرامبەر ئەم پرسەدا چییە؟

بێگومان وێرانکردنی ژینگە و بەتایبەتی سوتاندنی لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستان بەشێکە لە شەڕێکی بەئەنقەست و ئامانجدار لە دژی گەلی کورد. ژینگە رۆڵیکی کاریگەر و راستەوخۆی لە سەر شکڵگرتنی کەسایەتی و کۆمەڵگا هەیە. ژینگە سەرچاوەی کولتورە و هەرجۆرە دەستوەردانێکی نەرێنی و تێکدانی سوڕی سروشتی ژینگەی نەتەوەیەک، بە واتای دژایەتی و لەناوبردنی کۆمەڵگە و کولتوری ئەو نەتەوەیە. بەختەوەرانە گەلەکەمان تا رادەیەکی باش ئاگاداری ئەم بابەتەیە. سەرباری هەموو لەمپەرسازکردنەکانی حکومەت و هەڕەشە و گوشارەکانی سەر چالاکوانانی ژینگەپارێز، بوونی چەندین دامەزراوەی ژینگەپارێزی، بەرێوەبردنی خولی پەروەردەیی، هەوڵدانی بێوچانی چالاکوانانی ژینگەپارێز و کۆمەڵانی خەڵک لەپێناو پاراستنی ژینگە، بە تایبەتی لە پرسی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستان و لەوەڕگەکان، بە جوانی دەرخەری ئەمەیە. لەم قۆناغەدا ئەوەی گرنگی ژیانیی هەیە و پێویستە هەموان ئاگاداری بن، چڕبوونەوە و گرنگیپێدانی زیاترە بە پرسی خۆرێکخستنی جەماوەری و چالاکی بەهێزتر، گەشەپێدان و بە جەماوەریکردنی زیاتری چالاکییەکان. چالاکی یەکگرتووانە و رێکخراوی دامەزراوە و چالاکوانی ژینگەیی دەتوانێت تاڕادەیەکی زۆر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەم بوارە کەمبکەنەوە. پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵک لە پێشەنگەکانی ئەم بوارە کە بەردەوام رووبەڕووی رق و گوشاری هێزەکانی حکومەت دەبنەوە، زۆر گرنگە. لە لایەکی دیکەوە دەبێت زیاتر لە جاران بەرامبەر سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتی سیستم بە تایبەتی لە ناوچەکانی وەک پارێزگای کرماشان وریا بن. لە پارێزگایەدا کە خاوەنی فرەیی ئایینی، ئاینزا و کولتورییە، رژێم لە ناوچەکانی وەک جوانڕۆ، پاوە، داڵاهۆ و سەلاسی باوەجانی بە ئاگرتێبەردان لە لەوەڕگە، دارستان و کێڵگەی جوتیاران و تۆمەتبارکردنی کەس یان گروپی جیاجیا، لە هەوڵی نانەوە و قووڵکردنەوەی دووبەرەکی و ناکۆکیەکاندایە. واتە بەم کارەی هەم ژینگەی سروشتی لەناودەبات و هەم ژینگەی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگا لەناودەبات.