فەرهاد شامی: مەنبەج دەبێتە گۆڕستانی چەتەکان

بەرپرسی ڕاگەیاندنی قەسەدە، فەرهاد شامی دەربارەی هێرشەکانی سەر مەنبەج گوتی: "مەنبەج شارێک نییە چەتەکان بە ئاسانی بەدەستی بهێنن، دەبێتە گۆڕستانی چەتەکان".

فەرهاد شامی قسەی بۆ ڕوناهی تیڤی کرد، ڕایگەیاند دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ١٢ ڕۆژە هێرشێکی سەخت دەکەنە سەر کانتۆنی مەنبەج، گوتی: " ئەمڕۆ خەڵکی مەنبەج ئاهەنگی ڕووخانی ڕژێمی بەعسیان گێڕا. بەشێک لە شانە چەتەکان سوودیان لەوە وەرگرت و دەیانویست بە دابەشکردنی چەک بەسەر گەلدا شارەکە داگیر بکەن. لە ئەنجامدا شەڕ لە نێوان مەجلیسی سەربازی مەنبەج و مەجلیسی سەربازی باب و جەبهەت ئەلئەکراد لەگەڵ چەتەکان هەڵگیرسا و هێشتا بەردەوامە".

"ئەو شتانەی لە میدیای دیجیتاڵ بڵاودەکرێنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە"

فەرهاد تیشکی خستەسەر ئەو هەواڵانەی لە هەژمارەکانی نزیک لە چەتەکان لە میدیای دیجیتاڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا بڵاودەبنەوە و باس لە "کەوتنی مەنبەج" دەکەن، گوتی: "داگیرکردنی مەنبەج وەها ئاسان نییە، دەتوانین بە ئاسانی بڵێین: دەسپێشخەریی شەڕ لە دەستی مەجلیسی سەربازی مەنبەج و مەجلیسی سەربازی باب و شەڕڤانانی جەبهەت ئەلئەکرادە. هێزەکانی ئاسایش بە دڵسۆزییەکی مەزنەوە وەڵامی چەتەکان دەدەنەوە. پێکدادان هەیە، بەڵام دەسپێشخەریی لای ئێمەیە. لە شەڕدا تاکتیکی زۆر هەن. جاروبار دەگەڕێیتەوە و دوژمن ڕادەکێشی، تاوەکو دوژمن ڕابکێشی بۆ ناوەوە. ئەوەی ئێستە لە مەنبەج دەقەومێت و لە پلانی چەتەکان نەبووە، ئەمەیە. ئەم پلانە لەلایەن مەجلیسی سەربازی مەنبەج و مەجلیسی سەربازی باب و جەبهەت ئەلئەکرادەوە بەڕێوەدەبرێت و بەردەوامە. چەندین چەتە کوژراون. لە چەند گوندێکی باشووری مەنبەج شەڕ و پێکدادان بەردەوامە. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش لە ئاسمانەوە هاوکاری چەتەکان دەکات و هەرێمەکە بۆردوومان دەکات. مەنبەج دەبێتە گۆڕستانی چەتەکان. مەنبەج شارێک نییە کە چەتەکان بتوانن بە ئاسانی داگیری بکەن".

"پێویستە هەمووان چاوەڕێی لێدوانی فەرمی بن"

فەرهاد شامی ئاماژەی بەوە کرد لە چوارچێوەی شەڕی تایبەت هەواڵی ساختە لە میدیاکان بڵاو دەکرێتەوە، گوتی: "کاتێک شەڕ دەست پێ دەکات، لە چەندین رەهەندەوە دەست پێ دەکات. هێرشەکانی سەر مەنبەج یەکەمجار نین. پاش ئەوەی قەسەدە مەنبەجی لە چەتەکانی داعش پاک کردەوە، لەوکاتەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشەکانی ڕانەگرتووە. مەنبەج باش دەزانێت کێ ئارامی دەهێنێت. پێشتریش شانەکەنیان هاتنە مەیدان. لە ڕەقە و تەبقە و هەرێمەکانی تریش ڕووبەڕووی ئەمە بووینەوە. پێویستە هەمووان چاوەڕێی لێدوانی فەرمی بن. جێگیربوونی چەتەکان لە گەڕەکێک مانای کۆتایی هاتنی شەڕ نییە. گەر چەتەکان گورزی سەختیان نەخواردایە، فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەستوەردانیان نەدەکرد. پێویستە هەمووان چاوەڕوانی لێدوانی فەرمی بن. هەرچی ڕووبدات بڵاوی دەکەینەوە. سوپای سوریا سوپایەکی گەورە بوو، لە چەند ڕۆژێکا شکا. لە بەرامبەر هەموو هێرشەکان ئێمە قارەمانانە بەرخۆدان دەکەین. ڕەنگە شانەی چەتەی تر لە شارەکانی تر دەربکەون و هەوڵی ئاژاوەگێڕی بدەن. وەک قەسەدە دەمانەوێت گەلەکەمان لەم ڕووەوە هەستیاربن و ئەرکی دەسپێشخەریی دەستوەردان لە ڕەوشەکە دەدەین بە گەل. کەس مافی ئەوەی نییە لە شارەکانمان پشێویی بنێتەوە. ئەمە شەڕی هەبوون و نەبوونە. پێویستە هەمووان دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک شارەکانیان بپارێزن و نەکەونە داوی گەمە و فێڵی چەتەکان".