فەرماندە بۆزان بەرکەل لە کۆبانێ بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکسپێردرا

دانیشتووانی کۆبانێ بە مەراسیمێکی جەماوەری فەرماندەی مەجلیسی سەربازی مەنبەج بۆزان بەرکەلیان سپاردە خاک، کە لە ئەنجامی هێرشێکی بۆمبی شەهید بوو.

دانیشتووانی کۆبانێ بە مەراسیمێکی جەماوەری فەرماندەی مەجلیسی سەربازی مەنبەج بۆزان بەرکەلیان سپاردە خاک، کە لە ئەنجامی هێرشێکی بۆمبی شەهید بوو.

فەرماندەی مەجلیسی سەربازی مەنبەج، بۆزان بەرکەل کە بۆمب بە ئۆتۆمبیلەکەی تەقیەوە و شەهید بوو، لە کۆبانێ بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاک سپێردرا.

بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید بۆزان بەرکەل، سەدان کەس لە خەڵکی هەرێمی فورات و نوێنەرانی دامەزراوەکانی هەرێمەکە و بنەماڵەی شەهیدان لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە باشوری کۆبانێ کۆبوونەوە، مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستانی ڕێزگرتن دەستی پێ کرد.

بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە ناوچەی قەنایە، سوعاد شێخ دەمیر، ئاماژەی بەوە کرد، داگیرکەر بۆ قڕکردنی گەلی هەرێمەکە بە هەموو شێوازێک هێرش دەکات.

سوعاد دووپاتی کردەوە، دەوڵەتی تورک هەردەم دەیەوێت فیتنە بخاتە نێوان نەتەوەی کورد و عەرەب، بەڵام لەسایەی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک ڕێگە لەم پیلانە گیراوە.

ئەندامی مەجلیسی سەربازی مەنبەج، محەمەد جادر، ئاماژەی بەوە کرد، بۆزان بەرکەل تا کۆتایی بۆ جڤاکێکی ئازاد و فرە نەتەوە تێکۆشا و بووە سیمبولێکی پێشەنگ، گوتی: "تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر دەکەین".

ئەندامی مەجلیسی گشتی پەیەدە، ساڵح نوح ڕایگەیاند، کەس ناتوانێت ئیرادەیان بشکێنێت و لەسەر ڕێگەی شەهیدان درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

بەناوی بنەماڵەی شەهید بۆزان بەرکەل، نەزیفە خەلۆ، بەڵێنی دا بۆ درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان.

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

پاشان لەنێو هەلهەلەی دایکاندا، تەرمی شەهید بۆزان بەرکەل بەخاک سپێردرا.